تەڵەكە بۆ توركیایە و چاوەڕێ بن

14 كاتژمێر لەمەوپێش



كارزان گلی

وتەیەكی روسی هەیە دەڵێت: ”ئەگەر بڕیارتدا لەگەڵ ورچدا سەما بكەیت، ئەوە ورچەكەیە بڕیار دەدات كەی سەماكە تەواو دەبێت نەك تۆ“

سوپا داعشییەكەی شەرع، بە پاڵپشتی توركیا هێرشی چڕیان بۆ سەر هەردوو گەڕەكی ئەشڕفییە و شێخ مەقسوود دەستپێكردووە، تا ئێستا لوتیان شكاوە، بەڵام پێدەچێت بڕیاریان دابێت لەگەڵ ورچدا سەما بكەن، دەبێت دڵنیا بن، ئەو سەمایە بەدڵی ئەوان كۆتایی نایەت، هەسەدە و ئیرادەی كورد لە هەموو دونیا، سەما بەهەموو سووریا دەكات و دەبێت توركیا بەناچاری بینەری ئەو سەمایە بێت.

ئەوكاتەی چەتەكانی داعش هێرشیان بۆ سەر كۆبانێ دەستپێكرد، سەرۆكی توركیا گوتی ”كۆبانێ كەوت و پێویست ناكات ئەوەندە نیگەران بن“ بەڵام كۆتایی داعش لە كۆبانێوە دەسپێكرد، دڵنیام كۆتایی چەتەكانی شەرعیش لە شێخ مەقسوودەوە دەبێت.

یڵماز گونای دەڵێت ”من پیاوی شەڕم، سینەماكەشم هەر سینەمای شەڕە، سینەمایەكە شەڕ بۆ رزگاری نەتەوەیەك دەكات“ ئەو چەتانە جارێ نازانن كورد پیاوی شەڕە و هەرگیز نازانێت سەرشۆڕ بكات، نازانن كورد نەتەوەیەكە، ئامادەیە لەپێناو خاكدا، گیان و ماڵی خۆی بكاتە قوربانی، ئەوەتا وەكوو ئەوەی گونای دەڵێت، سینەماكەشمان هەر سینەمای شەڕە.

هەمیشە گوتومە، ئارامی و ئاساییشی رۆژئاوای كوردستان، ئاساییش و ئارامی باكووری كوردستانە، ئەگەر توركیا هەر بەردەوام بێت لە دژایەتی رۆژئاوا، دەبێت بزانێت باجێكی قورس دەدات، رەنگە باكوورییەكان وەكوو چۆن بۆ كۆبانێ هاتنە سەر شەقام و بووە هۆی كوژرانی ٥٠ هاووڵاتی و دوو پۆلیس، رەنگە ئەمجارەیان بەڕق و حەماسێكی گەورتر لە جاران، بۆ پشتگیریی براكانیان بڕژێنە سەر شەقام و ئیدی پرسی چارەسەری كوردیش دەبێت بخرێتەوە ناو سەلاجەوە.

وای دەخوێنمەوە، باجە قورسەكەی ئەم شەڕە ئەگەر بەردەوام بێت، توركیا دەیدات، چونكە بەناچاری دەبێت بودجەیەكی گەورە و زەبەڵاح بۆ ئەو شەڕە بداتە چەتەكانی شەرع، ئابوورییەكەشی ئەوەندە وێران و خراپە، بەرگەی ئەو شەڕە ناگرێت، هەر چەند رۆژێك بەر لە ئێستا بوو، لە ئیستانبۆڵ منداڵێكی چوار مانگان لە برسان مرد و دایكی گوتی پارەی شیرمان نەبووە.

رووسیا ئەگەر بیزانیبایە شەڕی ئۆكڕاینا ئەوەندەی پێدەچێت هەرگیز ئەو هەڵە گەورەیەی نەدەكرد، ئەوەتا كەوتووەتە ناو گێژاوێكەوە ملیارات دۆلار زیانی پێگەیشتووە و هەموو وڵاتە دۆستەكانی لەناو دەچن، دیارترینیان فەنزوێلایە، بۆیە توركیا دەبێت سەیری رووسیا بكات، بەو هەموو بودجە گەورەیە و هێزە گەورەیە، خەریكە لاواز دەبێت، توركیاش بەو ئابوورییە خراپەیەوە چۆن دەتوانێت بەردەوامی بەشەڕكردنی لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا بدات.

پێدەچێت تەڵەیەك بێت بۆ توركیا دانرابێتەوە و لاوازی بكەن، دەیخەنە ناو ئەو شەڕە و نایەڵێن بەئاسانی لێی بێتە دەرەوە تا شەل و كوتی دەكەن، بۆیە دەبێت سیاسییە عاقڵەكانیان واز لە دژایەتی كورد بهێنن و ببنە دراوسێی كورد، نەك چەتەیەكی وەكوو شەرع.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار