مەحمود عەباس بۆ ماکرۆن: پشتیوانی لە چەکداماڵینی حەماس دەکەین

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لە کاتێکدا کەرتی غەززە بەدەست قەیرانی مرۆیی و هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین پشتیوانی خۆی بۆ داماڵینی چەک لە حەماس دووپاتکردەوە.
مەحمود عەباس لە نامەیەکدا بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، کە پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکات کە حەماس هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نەبێت، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ڕۆژی سێشەممە.
هەروەها ئاماژەی بە پشتیوانی دەسەڵاتی فەلەستین کرد بۆ بیرۆکەی هێزێکی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە کەرتی غەززە.
مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین بۆ ئیمانوێل ماکرۆنى نوسیوە،لاى ئێمە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر جێگای قبووڵ نییە، سوورین لەسەر چەکداماڵینی حەماس و لابردنی لە دەسەڵات لە غەزە.
لە نامەیەکدا کە دووشەممە ئاراستەی ماکرۆن و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەى کردووە هاوسەرۆکی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە 17 تا 21ی حوزەیران لە نیویۆرک دەبێت، ڕایگەیاندووە "ئامادەیە هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ بڵاوەپێکردن لە چوارچێوەی ئەرکێکی سەقامگیری/پاراستن کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕاسپێردراوە".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کرد، کوشتن و گرتنی خەڵکی مەدەنی، قبوڵکراو نییە"، داوای لە بزووتنەوەکە کرد "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکات".
عەباس چەند مانگێکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فەلەستین کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بگرێتە ئەستۆ. لە میانەی لوتکەی عەرەبی مانگی ڕابردوو (ئایار)، پێویستی بە توانای دەوڵەتی فەلەستین بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی لە غەززە دووپاتکردەوە.
فەتحیش هەمان کارى کرد، بەتایبەت "دواى تێکچوونى ئەم دواییەى دۆخى ئەمنى لە غەززە و ئازادکردنى چەتە چەکدارەکان"، بە گوتەى وتەبێژى فەتح.
