ترەمپ دوو هەزار هێزى ئەمنى دیکە دەنێرێت بۆ لۆس ئەنجلۆس

3 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دەرکردوە ناردنی دوو هەزار سەربازی دیکەی پاسەوانی نیشتمانی بۆ لۆس ئەنجلۆس بۆ بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەو شارە لە دژی ڕێوشوێنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی.
شۆن پارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن وتی: بە ڕێنمایی سەرۆک، وەزارەتی بەرگری 2000 سەربازی دیکەی پاسەوانی نیشتمانی کالیفۆرنیا کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەتی فیدراڵی بۆ پشتیوانیکردن لە کۆچبەران و جێبەجێکردنی گومرگی و بتوانن جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی بە سەلامەتی ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن".
ماوەى پێنج ڕۆژە لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، خۆپێشاندەران لەگەڵ پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانیی وڵاتەکە لە پێکدادانن. هەموو کێشەکەش لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر کۆچبەران و پەناخوازانی وڵاتەکە.
ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڵێنیدا زۆرترین "پەناخوازی نایاسایی" دیپۆرتی دەرەوەی ئەمریکا بکاتەوە و سنووری مەکسیک و ئەمریکاش دابخات. سەرەتای کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ترەمپ فەرمانی بە ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای گومرگ و کۆچ یان ئەفسەرانی کۆچ (ICE) کرد، بەسەر ئەو شوێنانە دابدەن پەناخوازی نایاسایی و بێ بەڵگەنامەی لێن، دەستگیریان بکەن و لە ئەمریکا دەریان بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "یاخیبووان"ی بە دروستکردنی پشێوی لە لۆس ئەنجلس تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی هەڵمەتەکانی کۆچبەران نارد.
رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو کەسانەی کێشە دروست دەکەن، یاخیبووی پیشەگەرن".
کاتێک پرسیاری لەبارەی پێکدادانەکانی دووەم گەورەترین شاری ئەمریکاوە لێکرا، گوتی: "ئەوانە خەڵکی خراپن، دەبێت لە زینداندا بن".
سەرۆکە کۆمارییەکە، کە رۆژی شەممە تەمەنی دەبێتە 79 ساڵ، هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو بۆچی خۆپێشاندەرانی سەر شەقامەکان یاخیبوون.
بەشێکی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆچی ئیدارەی ترەمپ ئەو دانیشتووانەشی گرتووەتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدان، کە هەندێکیان خاوەنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیین، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی یاسایی.
دوێنێ یەکشەممە، ترەمپ خۆپیشاندەرانی بە "تووندوتیژ و یاخیبوو" وەسفکرد و گوتی، رێنمایی وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە "کە هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر" بۆ راگرتنی ئەو پشێوییە.
سەرەڕای تووڕەییەکەی ترەمپ، هێشتا یاسای یاخیبوونی بەکارنەهێناوە، کە یاسایەکی ساڵی 1807ـە و دەسەڵات بە سەرۆک دەدات بۆ بڵاوەپێکردنی سوپای ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنی رووداوی نائارامی و پشێوی.
رۆژی یەکشەممە کە پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا بیری لێدەکاتەوە ئەوە بکات گوتی، "ئەوە بەندە بەوەی کە ئایا یاخیبوون هەیە یان نا."
رۆژی شەممە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری گوتی، پێنتاگۆن ئامادەیە هێزی سەربازیی چالاک بجوڵێنێت "ئەگەر توندوتیژی لە لۆس ئەنجلس بەردەوام بێت."
کارین باس، سەرۆکی شارەوانیی لۆس ئەنجلس، ئیدارەی ترەمپی بە هاندانی گرژی لە رێگەی ناردنی پاسەوانی نیشتمانییەوە تۆمەتبار کرد. هەروەها سەرکۆنەی ئەو خۆپیشاندەرانەشی کرد کە تووندوتیژ بوون.
