بەرپرسێکی ئەمریکی: وەڵامی ئێران لەدوو ڕۆژى داهاتوودا دەبێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاژانسى ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە لەوانەیە وەڵامی ئێران لە ماوەی یەک دوو ڕۆژى داهاتوودا بێت.
بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندوە، واشنتۆن پێی وایە مەترسییەکی بەرچاو هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێزەکانی ئەمریکا بەم زووانە.
هاوکات ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا ئەوەیان نەشاردوەتەوە، واشنتۆن هێشتا بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت.
ئێران هەڕەشەکانی پێشووی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دووبارە کردەوە. بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی کردارى هیچ هەنگاوێکى نەناوە، سەرەڕاى ئەوەى زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر هێرشەکەدا تیێپەڕیووە.
لەلایەکى دیکەوە كۆشكی سپی بڵاویکردەوە، بە وردی چاودێریی دۆخی گەرووی هورمز دەكەین؛ گەمژەییە رژێمی ئێران هەنگاو بۆ داخستنی ئەو گەرووە هەڵگرێت.
ئەوەش دەخەنەڕوو جیهان ئارامترە، بەهۆی كارە بوێرانەكەی سەرۆك ترەمپەوە كە رێگری لە رژێمێكی لاسار كرد لەوەی دەستی بە بۆمی ئەتۆمی بگات.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى کۆشکى سپى: ترەمپ پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی ئەمریكا بەست لەبارەی ئەوەی ئێران تەنیا چەند هەفتەیەك لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمییەوە دورە.
دەشڵێت: سەرۆك ترەمپ ئاشتی دەوێت و هەندێكجار دەبێت هێز بەكاربهێنین بۆ بەدیهێنانی، ئەویش لەمەدا ترسی نییە، هەڕەشەی نزیك مەودای ئێرانی نەهێشت و هیچ یەكێك لە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا ئەو ئازایەتییەی نەبوو كارێكی سەربازی وا بكات.
کۆشکى سپى باس لەوەدەکات، ترەمپ باوەڕی بە گەلی ئێران هەیەو ئەوان بڕیار لە چارەنوسی خۆیان دەدەن، هێشتا بایەخی هەیە بچێتە ناو دانوستانی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئێران.
دوای ئەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمریکا ٣٠ تۆن بۆمب و تەقەمەنیان لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ژێر زەویدا خستە خوارەوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا بیری لە ڕووخاندنی حکومەتی ئێران دەکاتەوە.
