ئێران: زیانەکانی ئەمریکا زیاتر دەبن ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام

2 مانگ لەمەوپێش
وەزیرى بەرگرى ئێران دەڵێت: بەهیوان دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر واشنتۆن هەوڵبدات زیان بە تاران بگەیەنێت، لە ناوچەکە دەریان دەکەن.
عەبدولعەزیز نەسیر زادە، وەزیرى بەرگریی و هێزە چەکدارەکانى ئێران لەدواى کۆبونەوەى حکومەت بە رۆژنامەنوسانى وتوە: "بەداخەوە بەشێک لە بەرپرسانى ئەمەریکا هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر گفتوگۆکان لەبارەى پرسى ئەتۆمەوە نەگاتە ئەنجام ئەوا دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و گرژییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر پەرەدەسێنێت".
وتویەتى: ئەوان بەهیوان دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر گفتوگۆکانیش ئەنجامیان نەبێت و ئاڵۆزییەکان دەستپێبکات ئەوا زیانەکانى ئەمەریکا زۆر زیاتر دەبێت لەو زیانەى ئێران دەیکات، چونکە ئەوان ناچاردەکرێن ناوچەکە جێبهێڵن.
راشیگەیاندوە، ناوچەکە لەژێردەستی ئێراندایە دەتوانن لە تەواوى وڵاتەکانى ناوچەکەوە ئەمەریکا بەئامانج بگرن.
لەبارەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، نەسیرزادە جەختیکردوەتەوە رێگە بە هیچ سزایەکی سەربازی نادەن، هیچ دانوستانێکیش لەوبارەیەوە ناکەن.
لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا، لەگەل بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاگادارى کردوەتەوە کە پێی وایە چانسێک هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەربۆیە لەم کاتەدا دژی هەنگاوی سەربازییە.
هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە کە پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ چەند ڕۆژێک پێش ئەو وادەی دوو مانگەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەنجامدراوە، ئەمەش بەپێی ئاکسیۆس.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە کە ناتانیاهۆ لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە 40 خولەکییەدا بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، ئێرانییەکان شارەزان لە وەستان، هەر بۆیە دەبێت هەڕەشەیەکی سەربازی باوەڕپێکراویان بۆ بخرێتە بەردەمیان، بەپێی ئەو سەرچاوانە.
سەرۆکی ئەمریکا بە نەتانیاهۆی ڕاگەیاندووە ئەویش لە هەڵسوکەوتى بەرپرسانى ئێران بێزارە، بەڵام پێی وایە دەتوانن ڕازی بکرێن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن و دەیەوێت بزانێت لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا بە گوێرەی ئەو بەرپرسانە بزانێت چی ڕوودەدات.
لاى خۆیەوە، ئیسماعیل بەقائى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاندوە، کە بڕیارە یەکشەممەى داهاتو دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن دەستپێبکەنەوە و تارانیش لادانێکى لە پرسى ئەتۆم نەکردوە.
