ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: گەشت بۆ عێراق مەکەن

دوێنێ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لەئێستادا بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وێبسایتی فەرمی خۆی رایگەیاندووە، رۆژی 11-06-2025 بڕیارنماندا کارمەندانی “ناپێویست” لە باڵیۆزخانەی بەغداد دەستبەجێ بکشێنەوە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە.
وەزارەتەکە ئامۆژگاری هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن بەهۆکاری “تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی چەکداری، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنوورداری حکومەتی ئەمریکا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بەپەلە بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لەنێو عێراق.”
بەشیوەیەکی ئاسایی ئەمریکا چوار پلەبەندی ئامۆژگاری هەیە تا هاووڵاتییانی ئەمریکا بەرچاوروون بن لە گەشتکردنیان بۆ هەر وڵاتێک و لەئێستادا عێراق لە پلەبەندی چوارەمدایە بە رەنگی سوور.
پلەبەندییەکان بەمجۆرەیە: 1- خۆپارێزی ئاسایی ئەنجابدە. 2- خۆپارێزی چڕ ئەنجامبدە. 3- پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتکردندا بکە. 4- گەشت مەکە.
ئەم ئاگادارکردنەوەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت شەوی رابردوو واشنتن بریاری کشانەوەی بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق دەرکرد و وەزیری بەرگریی ئەمریکاش فەرمانیدا کەسوکاری سەربازانی ئەمریکا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن.
لەئێستادا چەند میدیایەکی ئەمریکی باس لەوە دەکەن، ئیسرائیل لە تەواوی ئامادەباشیدایە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران و ئەمریکاش وەک رێکارێکی خۆپارێزی و بەهۆی ئەگەری بەئامانجگرتنی بنکەکانی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە لەلایەن تارانەوە، بڕیاری کشانەوەی کارمەندان و دیپلۆماتکارانی داوە.
