ترەمپ سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنیت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
ڕۆژنامەیەکەی ئەمەریکایی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی وڵاتەکەی بەمەبەستی فشارخستنە سەر سەرۆکی ڕووسیا، ژمارەیەک سزای نوێی ئابووری بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنێت.
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامهی وۆڵ ستریت جۆرناڵ "The Wall Street Journal"ـی ئهمهریكایی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بیر لەوە دەکاتەوە ئەم هەفتەیە سزای نوێی ئابووری بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت.
هەروەها ئاماژەشی داوە، هۆی ئەو سزایانە بۆ ئەوەیە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەردەوامە لە دواخستنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.
ئەو ڕۆژنامە ئەمەریکاییە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە، ئەو سزایانە وەکوو فشارن بۆ سەر پوتن بۆئەوەی پەلە لە دانوستانەکانی ئاشتی بکات، باسی لەوەش کردووە، سزاکان سنووردارکردنی بانکەکانی ڕووسیا ناگرێتەوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامهی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە ئەگەری بەرەوپێش نەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئەوە ترەمپ بیر لە کشانەوە لە پرۆسەکە دەکاتەوە.
پێشتر، دۆنالد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" بڵاوی کرد بووە "هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەبووە، بەڵام دیارە تووشی شتێک بووە، بە تەواوی شێت بووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەمیشە گوتوومە پوتن, هەموو ئۆکرانیای دەوێت ، نەک تەنیا بەشێکی و ڕەنگە ئەوە ڕاست دەربچێت، بەڵام ئەگەر بیکات، ئەوە دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕووسیا.
دوێنێ دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بە 900 درۆن هێرشی کردووتە سەر وڵاتەکە، گوتیشی: لە هێرشەکەدا مووشەکی بالیستیک و کروزیش بەکارهێنراون.
ڕۆژی یەکشەممە، 25-05-2025، ئاژانسی ڕیا نۆڤۆستی لە زاری ری داشکین، فەرماندەی فیرقەی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا لە هەرێمی کۆرسک، بڵاوی کردبووەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ بەسەرکردنەوەی هەرێمی کۆرسک بە هێلیکۆپتەرە تایبەتەکەی کە ڕێگەدا بووە بۆ هەرێمەکە، بەڵام لە ئاسمانی ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی ئۆکرانیا بە 46 درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ڕووسیا، بەڵام سیستەمی بەرگریی توانیویەتی درۆنەکان تێکبشکێنێت و ڤلادیمێر پوتن لە مەترسیی ڕزگار بکەن.
