تۆمارێکی دەنگی کە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی سپای پاسداران لە سوریا وردەکارییەکانی دوا ڕۆژانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی ئاشکرا کردووە، کە باس لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەکات کە لە ئەنجامی “خیانەتەکانی ڕووسیا” و گەندەڵی ناوخۆیی ڕژێمەوە بووە. جەنەڕاڵێک بە ناوی “ئیثباتی” لە تۆمارە دەنگییەکەدا قسە دەکات ئەمڕۆ (سێشەممە) لەلایەن ماڵپەڕەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، ئەو ژەنەراڵە لێدوانێک دەدات و وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە سەبارەت بە ڕۆژانی کۆتایی سوپای پاسداران لە سوریا، بەپێی تۆمارە دەنگییەکە. ژەنەراڵەکە دەڵێت: “لە سوریا بە شێوەیەکی خراپ دۆڕاوین” و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەندەڵی ناوخۆیی و داڕمانی ئابووری هۆکاری سەرەکی  روخانى ڕژێمی بەشار ئەسەد بوون. لە هەمان چوارچێوەدا زیادی کرد: "خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێکی گەندەڵ ڕاپەڕی". هەروەها ئەو بەرپرسەى سوپاى پاسداران ڕوسیای بە "یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی سوریا لە سەردەمی بەشار ئەسەد" زانی، وتی: "ڕووسەکان هەموو سیستەمەکانی ڕاداریان ڕاگرت بۆ ئەوەی داگیرکەری ئیسرائیل بتوانێت بارەگای هەواڵگری ئێمە بۆردومان بکات". ئەو بەرپرسە  وتیشی: "ڕووسیا لەبری ئەوەی پێگەکانی HTS بکاتە ئامانج، بیابانەکانی بۆردومان دەکرد." لە بەشێکی تۆمارە دەنگییەکەدا، باس لەو ساڵانە دەکات کە لە سوریاو لوبنان بەسەری بردووە و دەڵێت: سەختترین ساتەکانی ژیانم وەک پاسەوانێک ئەو ساتانە بوون کە ناچار بووم سوریا بەجێبهێڵم. لە لێدوانەکانیدا کاردانەوەکانی بڕینی ڕێڕەوی دابینکردنی بۆ گروپی حزبوڵای لوبنانی کەمکردەوە. وتی: خەمی ئامادەکاری سەربازی بەرەی خۆڕاگری مەخۆن. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە تەکنەلۆجیا بۆ حزبوڵا دابین دەکەین، بەڵام دەبێت خەمی پاراستنی مۆڕاڵی ئەوان بخۆین. وتی: کۆماری ئیسلامی تۆڵەی حەسەن نەسروڵای کردەوە. هەروەها باسی لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا کرد. وتی: مووشەکی ئاسایی ئێمە جگە لە مووشەکی ستراتیژی، زۆر کاریگەر نییە بەرامبەر بە شوێنەکانی ئەمریکا. هۆشداریشیدا لەوەی "هێنانی ناوچەکە بۆ ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لە بەرژەوەندی بەرخۆدان لە ئێستادا نییە".

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لە هەفتەیەکدا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی داعش لە عێراق و سووریا، چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان داوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا و دووانی دیکە لە عێراق بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا  رایگەیاند: لە 30-12-2024 تاوەکو 06-01-2025 هێزەکانی سێنتکۆم و هێزە هاوبەشەکان لە عێراق و سووریا چەند جارێک پێگەکانی داعشیان کردنە ئامانج. دەشڵێت، هێرشەکانی عێراق لە لایەن سێنتکۆم و هێزە عێراقییەکان لە زنجیرە چیای حەمرین، بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناسراوی داعش کران. سێنتکۆم لەبارەی زیانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە رایگەیاند: لە عێراق چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا، سەربازێکی هێزەکانی هاوپەیمانی کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "قۆناغێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی" بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەکرد،  ئێران گەورەترین هەڕەشەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئێمە لە کاتێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین. ناوبراو ئەوەشى زیادی کرد: ساڵانێکە دەزانین کە ئێران گەورەترین هەڕەشەی ئێمەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی بۆ سکای نیوز عەرەبی پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی "ساڵانێکی زۆرە" خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "لە ئێران ئێمە هەواڵگری و بانکی ئامانجمان هەیە، سەلماندوومانە کە توانامان هەیە"، دەشڵێت، ڕژێمی ئێران وەک حوسییەکان نییە، لە دەوڵەتدایە، شتێکی لەدەستی هەیە، و بە شێوەیەکی لۆژیکی بیردەکاتەوە”. ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە پرسی ئێراندا پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە... میحوەری ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە، لە ڕووی تواناکانەوە لاوازترە بەڵام لە ڕووی ناوبانگیشەوە لە ناوچەکەدا لاوازترە.

ــ نزیکەی 46,000 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون ــ ئیسڕائیل بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای دوایین هەوڵی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو ببێت. ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت لیستێکی ئیسڕائیلییان پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنییان لە حاڵەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا. بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆریای باشوور وتی "ئێمە دەمانەوێت ئەمە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا تەواو بکەین، ئەوەندە کاتمان ماوە. ئیسڕائیل تیمێکی ئاست بەرزی لە بەرپرسەکانی ناردووە بۆ قەتەڕ بە مەبەستی گفتوگۆکردن کە لەلایەن قەتەڕ و میسڕەوە سەرپەرشتی دەکریت. هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان وتییان دەیڤد بارنیای بەرپرسی موساد کە سەرکردایەتی گفتوگۆکانی کردووە پێشبینی دەکرێت بەشدار بیت. بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، نزیکەی 46,000 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون. ئەوەش دوای ئەوەی حەماس لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسی کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەی بە بارمتە گرت. باوەڕوایە زیاتر لە 100 بارمتە هێشتا لە غەززە مابێتنەوە، حەماسیش دەڵێت بەبێ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و کشانەوەی ئیسڕائیل لە غەززەدا ئازادییان ناکات. ئیسڕائیل دەڵێت هێرشەکەی ڕاناگرێت هەتاوەکو توانا سەربازییەکان و فەرمانڕەواییەکانی حەماس لە لە ناودەبات و سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن. بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت حەماس لیستێکی ئیسڕائیلی پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە خراوەتەڕوو بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنییان لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا. وتیشی دەکرێت ئەو کەسانە لە قۆناغی سەرەتایی ئاگربەستێکدا ئازاد بکرێن. ئەو لیستەی کە خراوەتەڕوو سەربازی ژن و بەساڵاچووان و ژن و هاووڵاتیانی سڤیلی گەنجیشییان تێدایە. ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئەو لیستە لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە مانگی حەوتدا دراوە بە نێوەندگرەکانی قەتەڕ، ئیسڕائیلیش تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک یاخود لێدوانێکی لە حەماسەوە پێنەگەیشتووە لەسەر ئەوەی ئەو بارمتانەی کە لە لیستەکەدان لە ژیاندا ماون یان نا. وتی "ئیسڕائیل ماندوونەناسانە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانمان."

ــ کوردەکان وەک هاوپەیمانى رۆژئاوا ڕوبەڕوی داعش بوونەتەوە ــ فەرەنسا داواى دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازادو فرەچەشن دەکات لەسوریا ــ  فەرەنسا یاوەری پرۆسەی گواستنەوە دەبێت لەسوریا ئاژانس فرانس پرێس، بڵاویکردەوە سەرۆکی فەرەنسا، بەڵێنیداوە واز لە کوردەکانی سوریا نەهێنێت و پشتیوانى بەردەوامیان بێت. لە کۆبونەوەی ساڵانەی باڵیۆزەکانی فەرەنسا، ئەمرۆ دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا باسی لە دۆخی ئێستای سووریا و ئێران و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و چەندپرسێکى تر کرد.  لەبەشێکى قسەکانیدا، سەرۆکی فەرەنسا، وتى: دەستبەردارى کوردانی سوریا نابین و پشتیان لێناکەین، هاوسۆز دەبین لەگەڵیان. ئەو وتیشى: کوردەکان وەک هاوپەیمانى وڵاتیانى رۆژئاوا ڕوبەڕوی گروپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە. ماکرۆن ئاماژەی بەوەداشداوە، فەرەنسا یاوەری پرۆسەی گواستنەوە دەبێت بە درێژایی و دوورمەدا بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد کە ڕێز لە فرەچەشنی نەتەوەیی و سیاسی و تائیفی خۆی بگرێت. ئیمانوێل ماکرۆن، لەبارەى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێرانەوە ڕایگەیاند بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە خاڵی نەگەڕانەوە نزیک دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لەگەڵ ئیدارەی داھاتوی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەکی ستراتیجی سەبارەت بە تاران بکات. ماکرۆن لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵوێزەکانی فەرەنسا زیادی کرد کە سەرکردەکان ناچار دەبن لە خۆیان بپرسن کە ئایا پێویستە پێش ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەن. ناوبراو جەختی کرد ئێران ئاڵنگاری سەرەکی ستراتیژی و ئەمنییە بۆ فەڕەنسا، ئەوروپاکان، هەموو ناوچەکە، هۆشداریشی دا کە خێرایی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێمە دەباتە لێواری پچڕان.

ــ رۆژى پێنج شەمە لە رۆى ئیتاڵیا، کۆبونەوەکە دەکرێت ــ ئاماژە بە وەزیرە ئەوروپییەکان نەکراوە کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن ــ بۆ پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی دەسەڵاتى سیاسیە بە ئاشتیانەیە  بەپێى راگەیەندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، وابڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەى ئەم هەفتەیە لە رۆما لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی لەبارەی سوریا کۆببێتەوە. لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بلینکن بۆ سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، ئەمرۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەنیازە، لە ڕۆما چاوی بە وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا بکەوێت سەبارەت بە سوریا. ئەم سەردانەى بلینکن لە کاتێکدایە وڵاتانى ڕۆژئاوا هەوڵدەدات دەستی بۆ هاوکارى و پشتیوانى بۆ سەرکردایەتى نوێی سوریا درێژ بکات. کە بەهەمان شێوە هەوڵی هەڵگرتنی سزاکانی سوریا دەدات. بەپێى راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانى کۆدەبێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی سیاسیی ئاشتیانە و گشتگیر بە سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی سورییەکان. بەڵام راگەیەندراوەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە وەزیرە ئەوروپییەکان نەکردووە کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن. بلینکن کە ئێستا لە گەشتێکیدایە کە ژاپۆن و فەرەنسا لەخۆدەگرێت، دواتر پەیوەندی بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە دەکات. وەزیری دەرەوەى ئەمریکا پاڵپشتی واشنتۆنی بۆ پڕۆسەى سیاسی به سەڕۆکایەتی حکومەتى کاتى سوریا دووپاتکردەوە، که دەبێت حکومەتی نوێ ڕێز له مافی ژنان و کەمینەکان و هەموو نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان بگرێت. رۆژی هەینی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی فەرەنساو ئەڵمانیا سەردانی دیمەشقیان کرد،  لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى کاتى سوریا کۆبوونەوە.

  ــ تمەنى ئێرانى و لیرەى سورى یەکەم و دووەمن ــ بەهۆى گرژییەکانی سوریاوە پێدەچێت تمەن و لیرە زیاتر دابەزن ڕیزبەندی هەرزانترین و خراپترین دراوەکانى جیهان، بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، کە چەند وڵاتێکى عەرەبى تێدایە لەوانە لیرەى لوبنان و لیرەى سورى و تمەنى ئێرانى لەڕیزبەندیەکەدا دەبینرێن.   1. لیرەى لوبنانی ساڵی ڕابردوو یەکێک لە خراپترین ساڵەکان بوو بۆ لیرەى لوبنانى، نرخی دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی 500% بەرزبووەوە و گەیشتە 89.56 هەزار لیرە بەرامبەر بە دۆلار. سندوقى دراوى نێودەوڵەتى، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنە سیاسەتییەکان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی لوبنانەوە گیراوەتەبەر سیاسەتی دارایی توند و تۆڵ و هەنگاونان بەرەو یەکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن و سەقامگیرکردنی ڕێژەی پارە. 2. تمەنی ئێرانی دوای دابەزینی بەهای لیرەى لوبنانی، تمەنی ئێرانی کە ساڵانێک هەرزانترین تمەن بوو لە جیهاندا، بووە بە دووەم، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو سنووردارکردن و سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە لە دوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥دا. لە ماوەی ساڵی 2024، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن نزیکەی 0.21% بەرزبووەوە، بەهۆى گرژییەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێدەچێت تمەنی ئێرانی زیاتر بەرەو دابەزین بڕوات. 3- دۆنگی ڤێتنامیی دۆنگی ڤێتنامی (VND) بووەتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان لە ئەنجامی سنووردارکردنی هەناردەکردنی دەرەکی، کە قەبارەکەی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە بانکی ناوەندی ڤێتنام بەهای دراوەکە دابەزێنێت بۆ ئەوەی توانای کێبڕکێی هەناردەکردن بەرز بکاتەوە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دۆلار بەرامبەر دۆنگی ڤێتنامی بە ڕێژەی نزیکەی 4.46% بەرزبووەتەوە و ساڵەکە بە 25.46 هەزار دۆنگ بەرامبەر دۆلار کۆتایی پێهاتووە. 4- لیۆنی سیرالیۆنی سیرالیۆن بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کاریگەری لەسەرە، لەوانە ئاستی بەرزی قەرزو هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کاریگەری درێژخایەنی قەیرانە تەندروستییە گەورەکانی وەک بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا. نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیۆن نزیکەی 1.43% بەرزبووەوەو گەیشتە 22.79 هەزار لیۆن بۆ هەر دۆلارێک. 4- کیب لاوی لاو کیپ (LAK) لە لاوازترین دراوەکانی جیهانە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە بریتین لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و زیادبوونی قەرزی دەرەکی. لە ساڵی 2024 نرخی دۆلار بەرامبەر بە کیب بە ڕێژەی نزیکەی 6.44% بەرزبووەوە و 21.82 هەزار کیبی تۆمارکرد. 6. ڕوپیەی ئەندەنوسیا ئەندەنوسیا زۆر پشت بە هاوردەکردنی کاڵاو کەرەستەی خاو دەبەستێت، لەنێویاندا نەوتی خاو، بۆیە لەنێو ئەو وڵاتانەدا بووە کە زۆرترین کاریگەری شەپۆلی هەڵاوسانی جیهانی لەسەرە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و ناردنی پارەی هاوردەکردن بەرزبووەتەوە و کورتهێنانی بازرگانی وڵاتەکەی قووڵتر کردووەتەوە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە ڕوپیەی ئەندەنوسیا بەڕێژەی 4.86% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 16.22 هەزار دۆلار. 7. لیرەی سوری سەرەڕای باشتربوونی لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵدا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەڵام ئاستی 13 هەزار لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلار وەک یەکێک لە نزمترین نرخی دراو لە جیهاندا دەمێنێتەوە لەبەر ڕۆشنایی شەرو ئاژاوەکانى ئەو وڵاتە لە ژێر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ململانێکە زیاتر لە ١٤ ساڵە بەردەوامە. 8. سۆم ئۆزبەکی سۆم ئۆزبەکستانییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، ئەمەش بەهۆی هۆکارەکانی وەک بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بەرزی هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کێشەکانی گەندەڵی. لەسەر بنەمای ساڵانە، دۆلار بەرامبەر سۆم بە ڕێژەی 4.59% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 12.9 هەزار لیرە. 9. فرانکی کینیا فرانکی کینیا دوای ململانێکانی ئەو وڵاتە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە دابەزین کرد و بەهۆی هۆکارەکانی وەک نائارامی سەربازی و هەڵاوسانی بەرزەوە، دراوەکە بە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان مایەوە. لەڕووی ئەدای ساڵانە نرخی دۆلار بەڕێژەی 1.61% بەرامبەر بە فرانکی کینیا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8,645 هەزار فرانک. 10. گواریانی پاراگوای دراوی پاراگوای، گوارانی، بەدەست هەڵاوسانی بەردەوام و بێکارییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان، لەگەڵ گەندەڵی بەربڵاو و پارەی ساختە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکە بە ڕێژەی 7.55% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 7.8 هەزار گوارانی بۆ هەر دۆلارێک.

هاوڵاتى ــ بڕیارەکە ئەوە بوو "نابێت هیچ کامیان بە زیندووی دەربچن" ــ لە ماوەی ١٠ چرکەدا پرۆسەکە تەواو بوو، بیناکان داڕما ــ ئەو ڕێگایانەش بۆردومان دەکرا کە گومانى هەڵهاتنیان لێ دەکرد رۆژنامەى شەرق ئەوسەت لەژمارەى ئەمرۆیدا ئاشکرایکردوە کە سانسۆری سەربازی ئیسرائیل، ڕێگەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نوێیدا سەبارەت بە کوشتنى ح.ەس.ەن ن.ەس.ر.و.ڵڵا سکرتێری گشتیی پێشووی حزبوڵاى لوبنان. بەپێى ئەو زانیارانەى رۆژنامەکە بڵاویکردونەتەوە، چەند ڕۆژێک بەر لە کوشتنى، چەندین ڕاپۆرت لەسەر ئاستى باڵا، سەبارەت بە شوێن و جموجۆڵەکانی گەیشتوونەتە تەلئەبیب. ئیسرائیل، بە ١٤ موشەک هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەو بینایانەی کە چووەتە ناو تونێلەکانیانەوە ، تەنانەت ئەو ڕێگایانەشیان کردوەتە ئامانج کە گومانى هەڵهاتنیان لێکردوە، ئەوەش ئاشکرا کراوە ئەو بۆردومانانە چەند ڕۆژێک بەردەوام بووە تا ڕێگری لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگارکردن بۆ خۆی یان هاوەڵەکانی ئەنجامبدرێت. سەرچاوە ئەمنییەکان لە تەلئەبیب ئاماژە بەوە دەکەن کە بەدواداچون بۆ کوشتنى نەسروڵا لە (بەشی هەواڵگری سەربازی سوپای ئیسرائیل) و مۆساد بە ماوەیەکی کەم لە دوای شەڕی ٢٠٠٦ دەستیپێکردووە، بەڵام لەو کاتەدا بڕیاری سیاسی لەو بارەوە نەدراوە. بەپێى ناوەرۆکى ئەو زانیانەى شەرق ئەوسەت، بڵاویکردوەتەوە کاتێک نەسروڵا بڕیاریداوە بچێتە پاڵ بزووتنەوەی حەماس لەو کارەی کە ناوی لێنابوو "جەنگی پشتیوانی غەززە"، پلانی تیرۆرکردنەکە دەستی پێکردوە، بەڵام بڕیاردرا بەلاڕێدا ببرێت و ئەو بیرۆکەیە وا بخرێتە روو کە ئیسرائیل بەنیازی ئەوە نییە شەڕەکە لەگەڵیدا فراوانتر بکات. چەند ڕۆژێک پێش کوشتنەکەى، نەک تەنها لە ڕێگەی تونێلەکانەوە، بەڵکو بە جوڵەکردن لە سەرووی زەویەوە، شوێنی وردی ئەویان دیاری کردبوو. چاوەڕوانیان دەکرد بگاتە ئەو بارەگایەی کە دەکەوێتە قووڵایی ژێر زەوی لە ژێر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە پێکهاتووە لە ٢٠ بینای گەورەو بەیەکەوە گرێدراو، لە گەڕەکێکی ئاست بەرز لە گەڕەکی باشووری شار، کە دارستانێکی دار لە ڕۆژئاوای هەیە، و بڕیاریان دا کە ئەمە دەرفەتێکە بە دەگمەن دووبارە دەبێتەوە. لە ماوەی ٤ ڕۆژدا لە بەرزترین ئاستدا چاودێری جموجۆڵەکانی نەسروڵا کرا، فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی کە ئەرکی جێبەجێکردنییان پێسپێردرابوو، بەشدارییان تێدا کرد. دوا دانیشتنی لێکۆڵینەوەش خودی نەتانیاهۆ ئامادەی بوو. فەوجێکی فڕۆکە ئامادەکرا، هەروەها ١٤ فڕۆکەی جەنگی چەک و تەقەمەنییان پێدرا، کە ٨٣ موشەکیان هەڵگرتبوو کە کێشیان ٨٠ تەن بوو. لە ماوەی ١٠ چرکەدا پرۆسەکە تەواو بوو، بیناکان داڕما و چاڵێکی زەبەلاح و قووڵ لە شوێنەکەدا هەڵکەندرا، ئەگەری دەرچوون بۆردومان کران بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەتوانێت هەڵبێت. بۆردومانەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕانەگیراو ڕێگری لە چالاکی هێزەکانی فریاگوزاری و فریاکەوتنی لوبنان کرد. بڕیارەکە ئەوە بوو: "نابێت هیچ کامیان بە زیندووی دەربچن".

هاوڵاتى ــ تورکیا بە فڕۆكەی جەنگی هێرشى کردە سەر كارگەی شەكر لە دێرحافەر ــ تورکیاو چەتەکان هەوڵدەدەن لە بەرەی شەڕی بەنداوی تشرین پێشڕەوی بکەن ــ ئەو هێرشانە بە پشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانى تورکیا ئەنجام دەدێن   ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماری شەرو پێکدادانەکانى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی منبج تێکشکێندراون و ١٣ چەتەش کوژراون. ناوەندەکە ئەوەى خستوەتەڕوو، دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی هەوڵدەدەن لە بەرەی شەری بەنداوی تشرین و هەرێمەکانی باشوری رۆژهەڵاتی منبجەوە پێشڕەوی بکەن، بەڵام هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندون. بەپێى راگەیەندراوەکە ئەو هێرشانە بە پشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدران، لە ئاکامیشدا زیانی گیانی زۆر بەر چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا کەوت. قەسەدە ئەوەى ئاشکرا کردوە، گروپە چەکدارەکانى تورکیا، هێرشیانكردوەتە سەر كێڵگەی “ئەبو سەعید” و شەڕڤانانان هێرشەکەیان تێکشکاندوە پێنج لەو چەکدرانە كوژراون. راگەیەندراوەکە باسى لەوەکردوە یەكەكانی شەهید هارون ١٣ خاڵ و پێگە و ئۆتۆمبێلی دوژمنیان لە ناوچەكە كردوەتە ئامانج، لە نزیک شارۆچکەی دێر حافەر؛ هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، تورکیا كارگەی شەكری لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی دێرحافەر، بە فڕۆكەی جەنگی كردە ئامانج و بەوهۆیەوە بەشێكی گرنگی كارگەكە لەناوچووە.

  ــ لە یادی دەیەمین ساڵیادی هێرشەکەدا، گۆڤارەکە ژمارەیەکی تایبەتی ٣٢ لاپەڕەیی بڵاودەکاتەوە. ــ سەرنووسەری گۆڤارەکەش دەڵێت: ئەوان نه‌یانتوانى شارلى ئیبدۆیان بكوژن سه‌رپه‌رشتیارانى گۆڤاری تەنزی (شارلی ئێبدۆ)ى فه‌ره‌نسى، ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ یادى 10ساڵه‌ى ئه‌و روداوه‌ى كه‌ تیایدا 12 كه‌س كوژران، سەرنووسەری گۆڤارەکەش دەڵێت: ئەوان نه‌یانتوانى شارلى ئیبدۆیان بكوژن، دەمانەوێت هەزار ساڵ بخایەنێت و به‌رده‌وامبێت. به‌هۆی دروستكردنی كاریكاتێر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (محەممەد د.خ)، لە رۆژی 6-1-2015 لە لایەن ئیسلامییە تووندئاژۆکانەوە، هێرشكرایە سەر گۆڤاری تەنزی (شارلی ئێبدۆ)ى فه‌ره‌نسى و بە هۆیەوە 12 کەس کوژران، بەڵام لە یەكەم ژمارەی گۆڤارەكە لە دوای هێرشەكەدا، جارێكی دیكە لە بەرگی یەکەمی گۆڤارەكە كاریكاتێری پێغەمبەر بڵاوكرایەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەنێو موسڵمانان لێكەوتەوە. لە یادی دەیەمین ساڵیادی هێرشەکەدا، گۆڤارەکە ژمارەیەکی تایبەتی ٣٢ لاپەڕەیی بڵاودەکاتەوە. جیرارد بییارد، سەرنووسەری گۆڤارەکە قسه‌ى بۆ ئاژانسی فرانس پرێس كردوه‌و ده‌ڵێت ئەوان شارلی ئیبدۆیان نەکوشتووە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فه‌رنسا، لەدواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، جەختی لەوە کردبووەوە کە ساڵڕۆژی ئەم دواییەی هێرشەکانی ساڵی 2015 ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مەترسییەکان هەر ماون و هەرگیز نابێت لە خەباتی خۆمان بۆ پاراستنی فەرەنسییەکان و بەرگریکردن لە ئازادییەکانمان دەستبەردار بین. گۆڤارەکە لە ساڵی ٢٠١٥دا فرۆشی ژمارەیەکی پێوانەیی بەدەستهێنا، کاتێک دوای هێرشەکە ٨ ملیۆن دانە لەو ژمارەیەی فرۆشت و لە مانگی شوباتی ٢٠١٥دا ٢٤٠ هەزار ئابونەی وەرگرت، ئەمڕۆ ژمارەی بەشداربووانی گۆڤارەکە ٣٠ هەزار تێدەپەڕێنێت، لەکاتێکدا ٢٠ هەزار دانە لە ژمارەکانی دەفرۆشێت.

  به‌پێى ئامارێك كه‌ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ ته‌نها له‌ساڵى رابردوودا (2024) ٥٦٣ میلیشیای ئێرانی و لایەنگری ئێرانی لە ڕەگەزنامەی سوری و عێراقى و ئه‌فغانى و نه‌ته‌وه‌كانى تر كوژراون. میلیشیاکانی ئێران لە ساڵی 2012 وە تا ڕووخانی ڕژیمى به‌شار ئه‌سه‌د له‌ لە 8ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووی 2024 لە سوریا جێگیر کرابوون. روانگه‌ى سورى ده‌ڵیت دیارترینیان ئه‌و هێزانه‌ى له‌سوریا جێگیركرابوون، بریتى بوون له‌ سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان،  جگە لە میلیشیاکانی نەتەوە جیاوازەکانى وەک لیوای فاتمیونی ئەفغانستان، لیوای زەینەبیونی پاکستانی، لیوای ئەبوفه‌زل عەباسی عێراقی،  لیواکانی حزبوڵڵای عێراق، عەسائیب ئەهلی حەق، هێزەکانی محەممەد باقر سەدر، لیوای ئیمام حسێن، لیوای ژو الفقارو لیوای قودسی فەلەستین. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئه‌وانه‌ى كوژراون له‌سوریا به‌مجۆره‌بوون  188 كه‌سى ڕەگەزنامەی به‌ده‌ر سوری لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج -لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ١٦٤ هاوڵاتی سوریا کوژران - 73 بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی - 44 کەس کە زۆربەیان خەڵکی سوریان، لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیەوە کوژراون. - 40 سوری لە تیرۆرکردندا - کوژرانی 22 هاوڵاتی سووری لەلایەن گروپه‌ جیهادییەکانەوە - 21 لە تێکهەڵچووندا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات - 4 سووری لە تەقینەوەدا کوژراون - 3 عێراقی بە تەقە کوژراون

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى بەمەرج ئامادەى دانوستانە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى. عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی ئامادەن بچنە سەر مێزى گفتوگۆ بۆ دانوستانی بنیادنەرانە.  راشیگەیاند ئامادەن بەبێ دواکەوتن دانوستان لەسەر بەرنامەى ئەتۆمیی ئێران بکەن، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن. ئاشکراشی کرد خولێکی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامدراوە. خولی دووەمی دانوستانەکان یەکلایی بووەتەوە و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی ئەنجام دەدرێت.

ــ دەبێت چەکەکان بێدەنگ بن لە باکوری سوریادا ــ ئێمەو هەسەدە پێکەوە شەڕی دژی داعشمان کردووە لە پێناو ئایندەی سوریادا.   وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەو لێدوانانەی ڕەتکردەوە، كه‌ گوایا وەزیره‌كه‌یان، سەبارەت بە "داماڵینی چەک"ی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵکراون، دوای ئەوەی لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە بڵاوکرانەوە. له‌كاتى سەردانەکەی ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بۆ سوریا، هەندێک لە میدیاکان بڵاویانكرده‌وه‌، گوایا وه‌زیرى ناوبراو داوایكردوه‌ لە پ.ارتی ک.رێک.ارانی کوردستان و ی.ەک.ینەک.انی پ.اراست.نی گ.ەل و هەروەهاش هێزەکانی سوریای دیموکرات تا چەک دابنێن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی سوریادا بکەن، ئەو میدیایانە بە ناوی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوە ئه‌وه‌شیان خستوه‌ته‌ روو "هەرگیز ڕێگە بە تێرۆریزم نادرێت لە سوریادا." ژمارەیەک لە میدیای کوردی و عەرەبیش ئەو هەواڵە هەڵبەستراوەیان بڵاو کردۆتەوە. راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، فەڕەنسا داوای کۆتاییهاتن دەکات بە شەڕ لە باکوری سوریاو داوا دەکات چارەسەرێكى سیاسی هەبێت کە هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆڵیان هەبێت لەو پرۆسەیەدا و ئێمەو هەسەدە پێکەوە شەڕی دژی داعشمان کردووە لە پێناو ئایندەی سوریادا. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ سوریا داوا لە فەرمانڕەوایانی نوێی ئەو وڵاتە دەکات بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی کورددا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا. ژۆن نۆوێل بارۆ دەڵێت "دەبێت چەکەکان بێدەنگ بن لە باکوری سوریاداو دەبێت بگەنە چارەسەرییەکی سیاسیانە لەگەڵ کورددا کە هاوپەیمانی فەڕەنسان و بەتەواوەتیش ئاوێتەی ئەم پرۆسە سیاسییە بێت کە لەمڕۆوە دەستپێدەکات و دەبێت ئاگربەست هەمیشەیی بێت."

ــ لە 19 پارێزگادا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە ــ لە سەدا 40ی بەنداوەکانی وڵات ئاویان تێدایە، به‌شێكى زۆریان بەتاڵن ــ مانگی یەکەمی زستان ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمتر بووە لە ڕێژەی ئاسایی   به‌رپرسێكى باڵاى ئێران، هۆشدارى توندیدا و رایگه‌یاند قەیرانی ئاو و وشکەساڵی لەو وڵاته‌ روده‌دات و ڕووبەڕووی بارودۆخێكى سه‌ختى بێ ئاوی دەبێتەوە، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌سه‌رانسه‌رى وڵاتدا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە. ئەحمەد وه‌زیفى، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیران و وشکە ساڵی ئێران، له‌چاوپێكه‌وتنێكى رۆژنامه‌وانیدا وتی: له‌وەرزی پاییز به‌ کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی لەسەدا ٤٣ کۆتایی هات،  مانگی یەکەمی زستانیشدا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمتر بووە لە ڕێژەی ئاسایی،  ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا هیچ پێشبینییەک بۆ ساڵێکی باراناوی لە وڵاتدا تۆمار نەکراوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ڕێکخراوی کەشناسی ئێران ڕایگەیاند، لە 19 پارێزگادا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە، گەورەترین کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی 89 لەسەد لە پارێزگای سیستان و بەلووجستان بووە، هەروەها پارێزگای هورمزگان بە کەمبوونەوەی 77 لەسەد لە پلەی دووەمی ئەو پارێزگایانەی کەمترین باران باریوە. ئەو بەرپرسە لە ڕێکخراوی کەشناسی دووپاتی کردەوە کە ئێران ڕەنگە شاهیدی ناهاوسەنگییەکی گه‌وره‌بێت لە دابەشکردنی ئاودا، ئەگەر بارانبارین لە ماوەی باقی ساڵدا به‌مجۆره‌ بەردەوام بێت لە کەمبوونەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو هەفتەی داهاتوودا دۆخەکە باشتر نابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکانی وڵات لە ئێستادا بەفریان نییە، یان تا ئێستا بەفرێکی بەرچاویان لێ نه‌باریووه‌، هەروەها باسی لە دۆخی ڕووبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکان کرد، وتی: کەمتر لە سەدا ٤٠ی بەنداوەکانی وڵات ئاویان تێدایە، به‌شێكى زۆریان بەتاڵن. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەتوانرێت پشت بە شێوازەکانی دیکە ببەسترێت، وەک بارانکردنی دەستکرد یان كێشكردنى هەور، ئه‌حمه‌د وه‌زیفى وتی پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم شێوازانە کاریگەرن، جەختیشی لەوە کردەوە کە کاریگەریی ئەم شێوازانە بەس نییە بۆ پشتبەستن لەسەریان بە شێوەیەکی بەرفراوان.

ــ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا، سه‌دو هەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەوه‌ى جەزیرەوە باسیكردوه‌ قسه‌ى كرد ــ کاتی ئەوە هاتوە کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا چەکەکان بێدەگببن. ــ بەشێک لە میدیای کوردیش کەوتونە هەڵەوە عادل باخه‌وان نوسه‌رو چاودێرى سیاسى، رایده‌گه‌یه‌نێت له‌كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ سوریا، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا، سه‌دو هەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەوه‌ى جەزیرەوە باسیكردوه‌، قسه‌ى كردو وتی  لە سوریادا کورد هاوپەیمانی فەرەنسایە لە جەنگ دژ بە تیرۆریزمدا، دەبێت لە سوریای نوێدا بە پرۆژەیەکی سیاسی پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئه‌مرۆ هه‌ینى، ژان نۆوێل بارۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا، ئوه‌ك یەکەم به‌رپرسى باڵاى حكومه‌تى فه‌ره‌نسا، سەردانی سوریاى كرد. عادل باخه‌وان، له‌په‌ره‌ى تایبه‌تى خۆى له‌تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسینێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەدو هەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەمەی جەزیرەوە قسەی کردوەو بەزمانێکی فەرەنسی پاراو وتی: لە سوریادا کورد هاوپەیمانی فەرەنسایە لە جەنگ دژ بە تیرۆریزمدا، دەبێت لە سوریای نوێدا بە پرۆژەیەکی سیاسی پرسی کورد چارەسەربکرێت. ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌به‌شێكى دیكه‌ى نوسینه‌كه‌یدا به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌رنساى گواستوه‌ته‌وه‌، كه‌ وتویه‌تى: کاتی ئەوە هاتوە کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا چەکەکان بێدەگببن و بەسیاسیانە گرفتەکانە چارەسەر بکرێن. عادل باخه‌وان ره‌خنه‌ى توند له‌كه‌ناڵى جه‌زیره‌ى ده‌گرێت و ده‌ڵێت :بەداخەوە جەزیرە بە هەڵەبوبێت یان بە ئامانج، تەواوی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسای تێکداوەو بەشێک لە میدیای کوردیش ڕاستەوخۆ لە جەزیرەیان وەرگرتوەتەوە و بڵاویانکردوەتەو کەوتونەتە هەمان هەڵەوە، بەبێ بەدوادا چون.