هاوڵاتی ئەمەریکا ئێرانی ئاگادارکردەوە ئەگەر مووشەکی بالستیک بداتە رووسیا، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە شیوەی خێرا و تووند سزا دەدرێت. ئەم هەڕەشەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە ناوەندی میدیایی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە کۆماری ئیسلامی ئەمجۆرە چەکانەی ناردووە بۆ رووسیا. جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی شوبات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەمەریکا هێشتا بەڵگەی تەواوی لە بەردەستدا نییە کە ئێران ئەمجۆرە مووشەکانەی گەیاندۆتە دەست رووسیا". رۆیتەرز رۆژی چوارشەممە لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە رایگەیاند "ئێران ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بەهێزی بالستیکی زەوی بۆ زەوی گەیاندووەتە دەست رووسیا". جۆن کیربی بە رۆژنامەنووسەکانی وت "لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئێرانییەکان بە روونی باسیان لەوە کردووە کە مووشەکی بالستیکی هەناردەی رووسیا دەکەن، هۆکارێک نییە وا بیر بکەینەوە ئێرانییەکان ئەمکارە ناکەن". ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەورووژێنین، کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنین و بە هاوکاری هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانمان لە ئەوروپا و هەموو دونیا بژاردەی زیاتر هەڵدەبژێرێن بۆ وەڵامدانەوە بەم کارانەی ئێران". رۆیتەرز لە راپۆرتەکەی خۆیدا لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لە ئێرانەوە نووسیویەتی، ئێران نزیک بە ٤٠٠ مووشەکی بالستیکی هەناردەی رووسیا کردووەو ژمارەیەک زیاتر بنەماڵەی مووشەکی کورت مەودای فاتح-١١٠ی، وەک مووشەکی جۆری زولفەقار کە مەوداکەیان ٣٠٠ ب ٧٠٠ کیلۆمەتەرە هەناردەی رووسیا کردووە. رۆیتەرز نووسیویەتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە دەستکراوە بە رادەستکردنی ئەم کەشتیانە، واتە دوای ئەوەی رێککەوتننامەیەک لە نێوان بەرپرسانی باڵای دوو وڵات و ئەرتەش لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا واژۆ کرا. جۆن کێربی وتیشی "ئێران ژمارەیەک بەرچاو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆمب و تەقەمەنی هەناردەی رووسیا کردووە بۆ ئەوەی لە جەنگ لەگەڵ ئۆکراین بەکاری بهێنێت". دەشڵێت "لە وەڵام بە پشتیوانییە بەردەوام و بێ بەزەییانەکانی ئێران لە رووسیا لەم جەنگدەدا، کۆمەڵێک گەمارۆی زیاتر بەسەر ئێراندا دادەسەپێنین و ئەگەر ئێران مووشەکی بالستێک بە رووسیا بفرۆشێت ئامادەین هەنگاوی زیاتر هەڵگرین".
هاوڵاتی چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بنکەکانی حوسییەکانی یەمەن، ناوەندی بازرگانی دەریایی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ رایگەیاند، کەشتییەکی تری بەریتانی لە کەنداوی عەدەن لە لایەن حوسییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر. بەپێی ئەم راپۆرتەی ناوەندی بازرگانی دەریایی بەریتانیا، لە حاڵێکدا ئەم کەشتییە لە پەڕینەوەدا بووە لەکەنداوی عەدەن لە لایەن حوسییەکانەوە بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر و ئاگری گرتووە. کۆمپانیای پاراستنی ئێمپری لە بەریتانیا دەڵێت "ئەم کەشتییە، کەشتییەکی بازرگانی بەریتانیایی بووە و بە ئاڵای پالائۆوە لە کەنداوی عەدەن هێرش کراوەتە سەری"، بەڵام BBC دەڵێت "گومان هەیە ئەو کەشتییە بەریتانی بێت". بەریتانیا رایگەیاندووە، بە هاوکاری وڵاتانی هاوپەیمان ، وەڵامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئەم کەشتییە بازرگانییە ئەداتەوە. چەند کاتژمێر پێش ئەم هێرشەی حوسییەکان، ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند "کە دوێنێ هێزەکانیان حەوت مووشەکی کرۆز و سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان لە ژێر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە ئامانج گرتووە کە ئامادەی هاویشتن کرابوون بەرەو دەریای سوور". هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەر ئێوارەی دوێنێ هێزەکانیان فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی حوسییەکانیان خستۆتە خوارەوە. لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە ئەم هێرشانە رۆژی چوارشەممە لە نێوان کاتژمێر 12 تاکو 6:45 خولەکی ئێوارە بە کاتی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەمجامدراون. هەروەک چۆن رایگەیاند "لە رۆژەکانی رابردوودا هێزەکانیان 10 فرۆکەی بێفرۆکەوانی حەسییەکانیان لەسەر دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستووەتە خوارەوە". لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێشەمەی رابردوو "یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربازی حوسییەکان رایگەیاند ، کە هێزەکانیان لە رێی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند کەشتییەکی ئەمریکییان لە دەریای سوور و دەریای عەرەب بە ئامانج گرتووە و جگە لە هێرشانەش توانیویانە لە رێگەی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند پێگەیەکی هەستیاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل بە ئامانج بگرن. جێگەی ئاماژەیە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ، هێرشی حوسییەکانی یەمەن و باڵەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی عێراق و سوریا و یەمەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییەکانی دەریای سوور زیادی کردووە.
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمەریکا پرۆژە یاسای راگرتنی خێرای شەڕی غەزەی ڤیتۆ کرد، هەرچەندە ١٣ وڵاتی ئەندام دەنگی پێداوە، بەڵام ئەمەریکا رێگەی نەدا پرۆژە یاساکە تێپەڕێت. لە ١٥ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش ١٣ وڵات دەنگیان بە پرۆژە یاساکە داوە کە لەلایەن جەزائیرەوە پێشنیارکراوە، بەڵام بەریتانیا دەنگی بە پەسەندکراوەکە نەدا و ئەمەریکاش دژی ئەو پرۆژە یاسایە وەستاوەتەوە و بڕیارنامەکەی ڤیتۆ کردووە، ئەمەش سێیەمجارە ئەمەریکا پرۆژە یاسای ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەستی غەزە ڤیتۆ دەکات، هەروەها ئەمەریکا خۆی رەشنووسێکی دیکەی پێشنیارکردووە. لە رەشنووسی پرۆژە یاساکەی جەزیرەدا جەخت لەوەکرابووە کە هاوڵاتییانی فەلەستین نابێت ئاوارە بکرێن، هەروەها بارمتەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بهێنرێت. ئەم رەشنووسە لە کاتێکدا ئامادەکرابوو کە ئیسرائیل باسی لە چوونەدەرەوەی هاوڵاتییانی مەدەنی کردبوو بەر لە هێرشی زەمینی بۆ رەفەح لە باشووری غەزە، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەزە پەنایان بردووەتە شاری رەفەح لە باشووری غەزە. لە رەشنووسی پرۆژە یاساکەی جەزائیر، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئیدانە نەکراوە، ئەمەش خاڵێکە کە چەندینجار لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە رەخنەی لەسەر گیراوە.
هاوڵاتی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوە بۆ بە دز کردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ باکووری ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کۆگای چەک و چۆڵی حزبوڵڵای لوبنانییان کردووەتە ئامانج. دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ١٩ی شوبات لە وتوێژێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی " ئێمە زانیمان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵا دزەی کردووەتە خاکی ئیسرائیل و لە نزیک شاری تەبەرییە بینراو و توانیمان بیخەینە خوارەوە. لە وەڵامی ئەم کارەی حزبوڵڵادا، ئێمە کۆگای چەک و چۆڵ و تەقەمەنی حزبوڵڵامان لە ناوچەی سیدا لە لوبنان کردە ئامانج". رۆیتەرز لە زاری دانیشتوانی ناوچەکەوە رایگەیاندووە، لانیکەم دوو هێرشی ئاسمانی کراوەتە ناوچەکانی دەورووبەری شاری ئەلغازییە لە ٦٠ کیلۆمەتری سنووری ئیسرائیل و لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست. میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە کە ئەم هێرشانە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بووەو لە یەکێک لەم هێرشانەدا ترۆمبێلێک کراوەتە ئامانج. رۆیتەرز نووسیویەتی، ئەرتەشی ئیسرائیل لە وەڵامی هەواڵنێری رۆیتەرزدا دەربارەی بە ئامانج کردنی ئۆتۆمبێلەکەوە وتویەتی لە بابەتەکە دەکۆڵینەوە. لە کاتی دەستپێکی جەنگی غەزەوە ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانەوە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر یەکتر. فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵام زۆر کەم روویداوە لە سنوورەکان دوور بکەونەوە. بە پێی ئەو ئامارانەی حزبوڵڵا بڵاویان کردووەتەوە، هەروەها بەپێی راپۆرتەکانی رۆیتەرز، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ژێردەست حیزبوڵڵای لوبنان، تائێستا ١٧٠ چەکداری حزبوڵڵا و ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باشووری لوبنان ١٠ هاوڵاتی مەدەنی و ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان، لەوانە فەرماندەی یەکەی کۆماندۆی "رضوان" کوژران. حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە وەڵامی ئەم هێرشانەی ئیسرائیلدا وتی، ئیسرائیل بە خوین باجی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لوبنانی ئەداتەوە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش هەڕەشەیکرد ئەگەر هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان بە ئەنجام نەگات، لوبنان باجێکی قورس ئەدات و ئەوان ناچار ئەبن بە زۆر حزبوڵڵا لە سنوورەکان دوور بخەنەوە.
هاوڵاتی لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو ئاوارەکانی غەزەدا مریەم و عەبدوڵڵا هاوسەرگیریان کرد، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی بۆردوومانی سوپای ئیسرایلەوە گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هەواڵی جەزیرە رایگەیاند "دوای سێ لەرۆژ لە هاوسەرگیری مریەم و عەبدوڵڵا لە شاری رەفەح لە باشووری غەززە، ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەی خەربە عەدەس بەهۆی بۆردوومانی سنوورەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستدا". ئاماژە بەوەشکراوە "هەر لەو هێرشەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندارە، چارەنووسی بەشێک لە ئاوارەکانی دیکەش بە نادیاری ماوەتەوە". شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە پێی نایە ١٣٦هەمین ڕۆژ و لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی ٢٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارەها کەسی دیکەش بریندار و ئاوارەبوون.
هاوڵاتی قەتەر کە نێوانگیری گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات دەڵێت "گفتوگۆکانی چەند رۆژی رابردوو زۆر هیوابەخش نەبووە". محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئەو هێشتا گەشتبینە بەڵام کات لە بەرژەوەندییە ئێمەدا نییە. ئەمە دوای ئەوە دێت بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "سەرەڕای گوشارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سوورە لە سەر ئەوەی هێرشی زەمینی بکاتە سەر رەفەح". حەماس ئیسرائیل تاوانبار دەکات بەوەی پێشکەوتن دروست نەبووە لە گفتگوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئاشتی. گفتوگۆکان لە قاهیرەی پایتەختی میسر و بە بەشداری بەرپرسانی ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر و قەتەر بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسە راگرتنی جەنگ لە ئارادایە. شێخ محەممەد لە کۆبوونەوەی رێبەرانی دونیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتی "گفتوگۆکان لە چەند رۆژی رابردوودا هیوابەخش نەبووە، بەڵام وەک چۆن بەردەوام وتوومە، هەموومان گەشبینین و بەردەوامین لە گوشارەکانمان". سەرۆک وەزیرانی قەتەر هەروەها وتی، ئاگربەست نابێ مەرجدار بکرێتەوە بە رێککەوتنی دوو لایەن لە سەر ئازادکردنی بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە هەر ئەو دوو ڕییانە کە تێیدا بووین و بە داخەوە لە لایەن هەندێ لە وڵاتەکانەوە خراو بەکار هێنراوەو گەیشتن بە ئاگربەست مەرجدار ئەکرێتەوە بۆ ئازادی بارمتەکانەوە". نتانیاهۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی دوای داواکاری جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، وەفدێکی ناردۆتە قاهیرە بۆ گفتوگۆ، بەڵام وتی ئەوان بۆ گفتوگۆی زیاتر نەگەڕانەوە بۆ قاهیرە لەبەر ئەوەی حەماس داواکارییەکانی زۆرەو لە داواکارییەکانیدا تووشی وەهم بووە. حەماس کۆمەڵێک داواکاری هێناوەتە بەرباس کە بریتین لە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لە گەڵ زیندانییە فەلەستینییەکان، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتایی جەنگ دوای ئاگربەستێکی ١٣٥ رۆژە لە بەرەکانی جەنگ. رۆژی٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ حەماس بە شێوەی کوت و پڕ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لانیکەم ١٢٠٠ کەسی کوشت و ٢٥٣ کەسی بە بارمتەگرت. ئیسرائیل لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر کەرتی غەزە و بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە کەرتی غەزە تا ئێستا زیاتر لە ٢٨ هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و مناڵن بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. نتانیاهۆ رۆژی شەممە ١٧ی شوبات لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ جەختی کردەوە لەسەر ئامانجی خۆیان کە لەناوبردنی حەماسە و وتی، هێزەکانیان تا ئەو کاتەی سەرکەوتنی تەواو بەدەست دەهێنن بەردەوام ئەبن لە جەنگ. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، ئەوانەی دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رەفەحەن، بە ئاشکرا داوا لە ئیسرائیل ئەکەن جەنگەکە بدۆڕێنیت. نتانیاهۆ هەروەها وتی ، تەنانەت لە ئەگەری رێککەوتن لە سەر بارمتەکان هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام ئەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر رەفەح. ئیسرائیل لە ماوەی جەنگدا و ئەوکاتەی هێرشی ئەکردە سەر باکووری غەزە، داوای لە فەلەستینییەکان ئەکرد پەنا ببەنە رەفەح. ئێستا زیاتر لە ١ میلیۆن و نیو خەلکی فەلەستینی دانیشتووی ئەم شارەن. بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەم هەفتەیە رایانگەیاند ئەیانهەوێت هاوڵاتیانی سڤیل بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی مرۆڤدۆستانە- ئیسرائیلییەکان ناوچەی "المواصی"یان وەک ناوچەی مرۆڤدۆستانە دیاری کردووە کە ناوچەیەکی بەرتەسکە و بەشی زۆری زەوی کشت و کاڵە.
هاوڵاتی ئەمرۆ شەممە 17/2/2024، "یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربازی گروپی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند ، لە رێی ژمارەیەک مووشەکەوە کەشتی نەوت هەڵگری "بۆلۆکس"ی بەریتانیان لە دەریای سوور بە ئامانج گرتووە و توانیویانە بە وردی ئامانجەکەیان بپێکین. هەروەها "سەریع" ئەوەشی راگەیاند ، هەتا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە رادەگرێت ، حوسییەکان بەردەام دەبن لە هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی لە رێی دەریای سوورەوە کەل و پەل و نەوت بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە . ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە دوێنی هەینی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێکانی کەشتییەکی دیکەی بەریتانی لەلایەن حوسییەکانەوە راگەیاند و لەلایەن خۆیشییەوە ژەنەراڵ " براد کۆپەر"ی جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنیکیدا لەگەڵ کەناڵی " سی بی ئێس"ی ئەمریکی رایگەیاند ،" دڵنیاین ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەمەن ، زانیاری ورد لەسەر هێرش کردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور دەدەنە حوسییەکان ". لەلایەکی دیکەوە کشانەوەی کەشتی "بێهشاد" ی ئێرانی لە دەریای سوور بەرەو جیبوتی ، ئەو گومانەی لای هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا درووست کردووە کە ئەم کەشتییە زانیاری هەواڵگری وردی بە مەبەستی هیرشکردنە سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور بە حوسییەکان داوە. جێی ئاماژەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ، هێرشی حوسییەکانی یەمەنیش بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور دەستی پیکردووە و تا ئێستا نزیکەی 45 کەشتی جۆراوجۆر بە مووشەک و دروون لەلایەن ئەو گروپەوە هێرشیان کراوەتە سەر. لە بەرامبەریشدا هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا چەند بنکە و بارەگایەکی گروپی حوسییەکانی یەمەنیان بوردومان کردووە .
هاوڵاتی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز رۆژی هەینی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ لە زاری دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و کەسێکی پسپۆڕێکی ستراتیژی سەربازی سەر بە سوپای پاسدارانەوە نووسیویەتی، تەقاندنەوەی دوو بۆری غاز لە چەند پارێزگای ئێران کاری ئیسرائیل بووە و بە هۆی ئەو هێرشانەوە خەڵک لە چەند پارێزگای ئێران غازی ماڵانیان پچڕابوو. دوو بەرپرسی رۆژئاوایی هەروەها وتوویانە، تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممە ١٥ی شوبات لە کارگەیەکی کیمیایی لە شاری قودس کاری ئیسرائیل بووە. رۆژنامەکە نووسیویەتی "ئەم هێرشانە دەرخەری گۆڕانی جیدییە لە جەنگی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە ساڵانێکە لە رێگەی ئاسمانی و زەوی و دەریا و هێرشە سایبرییەکانەوە دەستیان پێکردووە". لە راپۆرتەکەدا نووسراوە، ئیسرائیل لە مێژساڵە دامەزراوە سەربازی و ناوەکییەکانی لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج و زانا و فەرماندە ناوەکییەکانی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران تیرۆر کردووە. هەروەها ئیسرائیل لە پشت ئەو هێرشە سایبریانەوە بوو کە کرایە سەر بەنزینخانەکان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە مەبەستی کێشە دروستکردن بۆ دابەشکردنی بەنزین لە ئێران. بەرپرس و لێکۆڵەرەکان بە نیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندووە، تەقینەوەکانی ئەم دواییانە بەشێک لە ژێرخانی وزەی ئێران کە پیشەسازی، کارگە و بە میلیۆن خەڵکی مەدەنی پشتیان پێ بەستووەی کردۆتە ئامانج و دەرخەری پەرەسەندنی جەنگی شاراوەیە و بەرەیەکی نوێ لەم جەنگەدا کراوەتەوە. دوا بە دوای تەقینەوەی رۆژی چوارشەممە ١٤ی شوبات کە بۆری غازی لەدوو پارێزگای فارس و چوارەمەحاڵی بەختیاری کردبووە ئامانج، وەزیری نەوتی ئێران ئەو تەقینەوانەی بە تیرۆریستی و تێکدەرانە ناو برد. جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لەمبارەوە وتی " کاتژمێر ١:٠٠ی بەرەبەیان لە لایەن تۆڕێکی تیرۆریستییەوە لە دوو ناوچە هێڵی گواستنەوەی غاز کرایە ئامانج و تەقێندرایەوە".
هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کوژرانی ئەلێکسی ناڤاڵینی، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا رایگەیاند، فلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەرپرسیارە لە گیانلەدەستدانی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆن. جۆ بایدن، ئەمڕۆ هەینی دوای مردنی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پوتن بەرپرسیارە لە کوژرانی ئەلێکسی ناڤالنی وسیستمی رووسیا سیستمێکی دیکتاتۆرانەیە و خەڵکی وڵاتەکە لە ترساندا لەوڵاتانی دیکە دەژین". دەزگای زیندانەکانی رووسیا رۆژی هەینی، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی، سیاسەتمەداری زیندانیکراوی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی راگەیاند. بەپرسانی بەندیخانەکە لەناوچەی یاما، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، ناڤالنی لەپاش ئەوەی لە پیاسەیەک گەڕاوەتەوە، هەستی بە ناجێگریی لە تەندروستیی خۆی کردووە و دەستبەجێ هۆشی لەدەستداوە، پاش ئەم حاڵەتە، تیمەکانی فریاگوزاریی خێرا گیانلەدەستدانی ئەویان پشتڕاستکردووەتەوە. ناڤالنی تەمەن 47 ساڵ، بە یەک لە "توندترین" رکابەرەکانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دادەنرا و لەمانگی کانوونی دووەمی 2021ەوە لەگەڵ گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ رووسیا دەستگیرکراوە و پاشان بەتۆمەتی ئەنجامدانی توندڕەوی 19ساڵ حوکمی زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
هاوڵاتی میری کوەیت بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان بێڕێزی پێ کردووە. ئەمڕۆ هەینی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ تەلەفیزیۆنی فەرمیی کوەیت بڵاویکردەوە مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح، میری کوەیت بە فەرمانێک پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، هەروەها ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەکە نەکردووە. بەپێی ئەو زانیاریانەی رادیۆی فەردا کە میدیاییەکی ئێرانییە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی پەرلەمانی کوەیت یەکێک لە پەرلەمانتارەکان بێڕێزیی بە میری کوەیت کردووە، دواتر داوا کراوە ئەو بێڕێزییە لە پرۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان بسڕێتەوە کەچی نەسڕاوەتەوە، بۆیە کابینەی حکومەت ئامادە نەبووە لە پەرلەمان ئامادە ببێت. بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە بێت، هیچ کەس بۆی نییە رەخنە لە میری وڵات بگرێت تەنانەت ئەو کەسانەشی پۆستیان هەیە، هەروەها ئەمە یەکەمجار نییە بە بڕیاری میر پەرلەمانی کوەیت هەڵدەوەشێتەوە، چەندینجاری دیکەش میر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی داوە.
هاوڵاتی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆیان کرد لەبارەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی تهلئهڤیڤ بۆسهر شاری رهفهح. لە راگەیەندراوێکدا كۆشكی سپی رایگەیاند "جۆ بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا له میانهی پهیوهندییهكی تهلهفۆنیدا هۆشداری دایه بنیامین ناتانیاهۆ، سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل لهبارهی ئامادهكارییهكانی وڵاتهكهی بۆ هێرشكردنهسهر شاری رهفهح له كهرتی غهززه". وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە، كه پێویسته هێرشكردنهسهر رهفهح له رێگهی پلانێكی تۆكمهوه بكرێت و هاووڵاتییانی مهدهنی تێیدا پارێزراوبن. پێشتریش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، پلانێک بۆ راگواستنی دانیشتووانی شاری رەفەح ئامادە بکەن بەر لەوەی هێرشی زەمینی بۆ شارەکە ئەنجام بدەن. شەڕی ئیسرائیل و غەززە بەردەوامی هەیە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 28 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 64 هەزار کەسی دیکەیش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی ئاوارەبوون.
هاوڵاتی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو ئەو وڵاتە سەبارەت بە ناتۆ ئیدانە دەکات و دەڵێت "لێدوانەکانی شەرمەزارکەرە". ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند "لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی ناتۆوە گەمژەیی و شەرمەزارکەر و مەترسیدارن". سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی لەوە کردەوە، کە ناتۆ ئەمەریکا و جیهان دەپارێزێت، کە سەرۆکی پێشوو "نایبینێت". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، کە جۆ بایدن هانی رووسیا دەدات هەرچییەک بیەوێت بیکات بەرامبەر بە هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کە "پارەی پێویست بە بودجەی هاوپەیمانییەکە نادات".
هاوڵاتی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نەتەوەیی یەکێتیی ئەوروپا، رەخنەی توندی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گرت و داوای کرد چەکی کەمتر بدەن بە ئیسرائیل و وتی "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت و دەیەوێت خەڵک لە غەزە دەربکات. بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟" جۆزێپ بۆرێل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا دوای کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ فیلیپە لاتزارێنی، بەرپرسی ناوەندی یارمەتی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خەڵکی فەلەستین، لە برۆکسل ئەم قسانەی کرد و هەروەها وتیشی "پێویستی لۆژیکی بیربکەینەوە، تائێستا زۆرجار بیستوومانە کە پلەبەرزترین رێبەرەکان و وەزیرەکانی دەرەوەی دونیا هاواردەکەن خەڵکی زۆر کوژراون، بایدن دەڵێت ئەمە زۆر زۆرە. دەی ئەگەر تۆ لە سەر ئەو باوەڕەی خەڵکی زۆر کوژراون، باشتر وایە چەکی کەمتر بدەی بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەر بە کوژرانی خەڵک بگریت. ئەمە لۆژیکی نییە". ئاماژەی بەوەشکرد "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت. دەیانەوێت خەڵک لەوێ دەربکەن، بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟ دەیانەوێت ئەم خەڵکە ببەن بۆ کوێ؟ ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر ئەو باوەڕەیە خەڵکی زۆر کوژراوە، باشتر وایە بیر لە چۆنیەتی دابینکردنی چەک و چۆڵ بکەنەوە". بۆرێل هەروەها رایگەیاند "ئەمە دوو ڕووییە، هەر دووبارەی بکەنەوە خەڵکانێکی زۆر دەکوژرێن، تکایە ئاگادار بن خەڵکانی زۆر ئەکوژرێن. تکایە خەڵک مەکوژن. بەڵام بەرەوامن لە پڕچەککردنی ئیسرائیل. تکایە هەر قسەکردن بەسە، بە کردەوە شتێک بکەن". ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا مافی بەرگری لە خود بۆ ئیسرائیل بە رەوا دەزانن، دوای ئەوەی نتانیاهۆ وتی دەیەوێت هێرش بکاتە سەر رەفەح بە توندی رەخنەیان لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و زمانی قسەکردنیان گۆڕی. دەیڤید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی شوبات، لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە لە هێرشی زەمینی بۆ رەفەح، داوای لە ئیسرائیل کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئەم شارە رابگرێت و بەر لە هەر کارێک بە جدی بیر لە دەرئەنجامەکەی بکاتەوە. شەوی یەکشەممە ١١ی شوبات ئیسرائیل رایگەیاند، توانیویانە لە چالاکییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا دوو بارمتە ئازاد بکەن، بەڵام بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رەفح و بۆمبارانکردنی ئەو شارە لە شەوی یەکشەممەدا لانیکەم ٦٧ کەس کوژران. لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی فەلەستینی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەزەوە پەنایان هێناوەتە رەفەح. بێنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین دەڵیت، ئازادی ئەم دوو بارمتە ئیسرائیلییە ئەوە دەخاتەڕوو تەنها رێگەی گەڕانەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوەیان هێرشی سەربازییە. ئیسرائیل دەڵیت، هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی یەکشەممە بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە کە وەک ناوچەیەکی پارێزراو راگەیاندرابوو، بە مەبەستی ئازاد کردنی فێرناندۆ سیمۆن مارمانی ٦٠ ساڵ تەمەنو نۆربێرتۆ لۆئیس هاری ٧٠ ساڵ تەمەن بوو کە بارمتە بوون لای حەماس و جەهادی ئیسلامی. ئەوترێت ئەم دوو بارمتەیە لە قاتی دووەمی بینایەک لە ناوەندی رەفەح دەستبەسەر بوون.
هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە رایدەگەیەنێت کۆنگرێسی وڵاتەکەی رێککەوتنی فرۆشتنی ٤٠ فڕۆکەی ئێف ١٦ی بە تورکیا پەسەند کردووە. ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ جێفری فلەیک, باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە رایگەیاند "کۆنگرێسی ئەمەریکا رێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ی بە تورکیا پەسەند کردووە، چونکە هیچ سیناتۆرێک لە ماوەی دیاریکراودا پرۆسەکەی هەڵپەنەساردووە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشەوە". لە ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ یاسایی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-١٦ بە بەهای ٢٣ ملیار دۆلار بە تورکیا بۆ کۆنگرێس نێردراوە و ماوەی یاسایی کە ١٥ رۆژە بۆ پێداچوونەوە بە یاساکەدا کۆتاییهات و هیچ ناڕەزاییەک بەرامبەر یاساکە نەبوو.
هاوڵاتی ئەمرۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چوار بەرپرسی ئەمنی لوبنانی بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە ناوی "باسل ساڵح" لە شارۆچکەی جدرا ی لوبنانی لە هەوڵێکی کوشتن لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە رزگاری بووە. ئاژانسەکە لە درێژەی هەواڵەکەیدا ئەوەی خستۆتەڕوو کە لە ئاکامی ئەم هێرشەدا سێ ئەندامی بزووتنەوەی حەماس کوژراون و باسل ساڵح ی بەرپرسی تەجنید کردنی چالاکوانەکانی کەرتی رۆژئاوای سەر بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینیش رزگاری بووە. لە لایەن خۆیەوە رادیۆی سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلی کووشتنی گەورە بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماس بووە لەناو قوڵایی خاکی لوبنان. جێگەی ئاماژەیە شارۆچکەی جەدرا دەکەوێتە ناوچەی سەیدای لوبنانییەوەو 60 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیل و لوبنانەوە دوورە. لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە، پشێوی و ئاڵۆزییەکانی سەرسنووری باشووری لوبنان و ئیسرائیلیش گەیشتۆتە لووتکە و تا ئێستا 227 هاوڵاتی لوبنانی کە 166 کەسیان سەر بە چەکدارەکانی حزبوڵای لوبنانین و 27 کەسی دیکەیان هاوڵاتی سڤیلن و 9 سەربازی ئیسرائیلی و شەش هاوڵاتی سڤیلی ئەو وڵآتە لە ئەنجامی بوردوومانەکانی سەر سنووری هەردوو وڵآت کوژراون.