هاوڵاتی دوابەدوای هێرشەکەی سەر بورجی 22 ی سەر سنووری سوریا و ئەردەن و کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 34 سەربازی دیکە، دۆنالد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەری 2024 ، هێرشێکی تووندی کردە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بە کەسێکی فشەڵ وەسفی کرد. هەروەک چۆن جۆ بایدن ی تۆمەتبار کرد کە جیهانی بەرەو لێواری جەنگی جیهانی سێهەم بردووە . ترەمپ لە درێژەی قسەکانی ئەوەشی ووت : " بە هۆی  بێ هێزی و کەم توانایی جۆ بایدن ئەم هێرشە کراوەتە سەر ئەمریکا و گەر سەیری رابردوو بکەین ئەوا تێدەگەین کە ئێران لە سەردەمی ئیدارەکەی مندا ، ووڵاتێکی بێهێز و کۆنترۆڵکراو بوو و نەیدەتوانی وەک ئێستا پەل بهاویژێت ". هەروەها ترەمپ ، ئیدارەکەی جۆ بایدنی بە بەخشینی ملیارها دۆلار بە تاران تۆمەتبار کرد ، کە لە ئەنجامدا ئێران ئەو پارانەی خستە خزمەت ئەجیندا و بەرنامەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و گۆمی خوێنی لە ناوچەکەدا هەستاند. " گەر من سەرۆک بوومایە هەرگیز ئەم هێرشە رووینەدەدا و هەر وەک چۆن نە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل  و نە هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا روویدەدا،  ئاشتی باڵی بە سەر جیهاندا دەکێشا ". ترەمپ وا دەڵێت. جێی ئاماژەیە لە ئەنجامی هێرشێکی ملیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەی 22 ی سەرسنووری سوریا و ئەردەن ، 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 34 سەربازی دیکەش بریندار بوون ، دوابەدوای هێرشەکەش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و لووید ئۆستۆن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایانگەیاند ، بە تووندی وەڵامی  هێرشەکە دەدرێتەوە.

هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەمە ،سەرەرای گرژییەکانی ئەم دواییەی لە گەڵ کۆریای باشوور، کۆریای باکور ژمارەیەک مووشەکی کروزی هەڵدا، کە ئەمەش وای لە سوپای کۆریای باشوور کرد بکەونە حاڵەتی ئامادە باشییەوە. لەمبارەیەوە سەرۆکایەتی ئەرکانی کۆریای باشوور رایگەیاند :" سەرلە بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە ، کۆریای باکوور چەند موشەکێکی جۆری کرۆزی لە نزیک ئاوەکانی شاری سیبنۆی کۆریای باکوور هاویشتووە و دەزگاکانی هەواڵگری کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ئێستادا خەریکی شیکاری و لێکۆڵینەوەن لەو کارە ". لە لای خۆیەوە دەزگای هەوالی فەرمی کۆریای باکوور رایگەیاند، کە هاویشتنی موشەکەکان بەشێکە لە نوێکردنەوەی سیستمی موشەکی ووڵات و هیچ پەیوەندییەکی بە گرژییەکانی نێوان کۆریای باکوور و باشوورەوە نییە. جێی ئاماژەیە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆریای باکوور و باشوور لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا گەیشتۆتە لووتکە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی هەردوو ووڵات رێکەوتنەکەی ساڵی 2018 ی نێوانیان بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان وەلاوە نا. ماوەیەک لەمەوبەریش "کیم جۆنگ ئۆن"ی سەرۆکی کۆریای باکوور لە میانەی سەردانێکیدا بۆ کارگەیەکی درووست کردنی چەک لە وڵاتەکەیدا رایگەیاند ، کۆریای باشوور دوژمنی سەرەکی وڵآتەکەیانە و گەر جەنگ هەڵبگیرسێت لە سەر نەخشەی جیهان دەیسرێتەوە .

هاوڵاتی دوو ناوەندی میدیایی ئەسۆشەیتدپریش و رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز باس لەوە ئەکەن بەرپرسانی ئەمریکا، قەتەر،میسر و ئیسرائیل لە پاریسن بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن دەربارەی رەشنووسی ئامادەکراوی رێککەوتنامەی راگرتنی ٢ مانگەی جەنگی غەزە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ١٠٠ بارمتەی ئیسرائیلییەکان لای حەماس. دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە نیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندووە ، لایەنە وتووێژکارە ئەمریکاییەکان لەم پەیوەندەدا پێشکەوتنی باش لە وتووێژەکاندا دەبینرێت و لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە. ئەسۆشەیتدپرێش لەمبارەیەوە نووسیویەتی، لە دانیشتنی پاریسدا کە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم بەڕێوە ئەچێت، ڤیلیام برێنز بەرپرسی  CIA ، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، عەباس کەمیل، بەرپرسی بەشی هەواڵگری میسر، داڤید بارنەعا، بەرپرسی مۆساد، ئامادە ئەبن. نیۆیۆرک تایمز نووسیویەتی، وڵاتە نێوانگیرەکان، کە بریتین لە ئەمریکا و میسر و قەتەر، بە تێکەڵکردنی پێشنیارەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ١٠ رۆژی رابردوودا، رەشنووسی رێککەوتنێکی قایلکەریان داڕشتووە. ئەو بەرپرسە ئەمەریکییانە کە داوایان لە نیۆیۆرک تایمز کردووە ناویان نەبرێ ئەوەیان ئاشکراکردووە کە هێشتا کۆمەڵێک خاڵی گرنگ هەیە کە لایەنەکان لە سەری ناکۆن، بەڵام ئەوان گەشبینن بەوەی بە رێککەوتننامەی کۆتایی بگەین. ئەم راپۆرتە رۆژێک دوای پەیوەندی تەلەفۆنی جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ رێبەرانی میسر و قەتەر بلاو کرایەوە. لە مانگی تشرینی دووهەمدا و لە کاتی راگرتنی ٧ رۆژەی جەنگدا، حەماس زیاتر لە ١٠٠ بارمتەی ئازد کرد. ئیسرائیل لە بەرمبەردا ٢٤٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد. میدیا ئیسرائیلییەکا باس لەوە ئەکەن ١٣٦ بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس و هاوپەیمانەکانی ماون و باس لەوە ئەکەن لانیکەم ٢٢ کەسیان کوژراون.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا رۆژی شەمە، رایگەیاند کە توانیوێتی گەندەڵییەکی 40 ملیۆن دۆلاری لە کرینی چەک بۆ سوپای ئۆکرانیا کەشف بکات. دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە دوای ڵێکۆڵینەوەیەکی ورد دواجار بۆمان دەرکەوت کە چەند بەرپرسێکی ناو وەزارەتی بەرگری و بەرسەکانی کۆمپانیای "لفیف ئارسنال" بۆ گواستنەوەی چەک ، نزیکەی 1.5 ملیار هێریفنیا لە گرێبەستێکی کرینی تۆپ دزیوە . لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی بەرگی ئۆکرانیا ویرای پشتراسکردنەوەی هەواڵەکە ، رایگەیاند ئەم کارە دەنگدانەوەیەکی خراپی لەناو خۆی ووڵات دەبێت ، بە تایبەتیش کە نزیکەی دوو ساڵە ئۆکرانیا خەریکی جەنگە لەگەڵ روسیا . جێی ئاماژەیە چەندین ساڵە کە ئۆکرانیا بەمەبەستی بوون بە ئەندام لە ناتۆدا ، خەریکی بنبڕکردنی گەندەڵییە ، بەڵآم تا ئێستا نەیتوانیوە لەو هەوڵەیدا بەرەپێش چوونێکی بەرچاو بە خۆوە ببینێت .

هاوڵاتی  لەدرێژەی هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بارهەڵگرو جەنگییەكان لە دەریای سوور، حووسییەكان بە مووشەك هێرشیانكردە سەر كەشتییەكی جەنگی ئەمریكاییەكان لە دەریای سوور، لە بەرامبەردا ئەمریكاییەكان رایانگەیاند بنكەو شوێنەكانی حووسییەكانیان لە یەمەن كردۆتە ئامانج. فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند "هێزەكانی ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەمە 27ی  كانوونی دووەمی 2024، موشەكێكی دژە كەشتی حووسییەكانیان تەقاندۆتەوە". بە پێی راگەیاندنی سێنتكۆم "ئەم مووشەكە هەڕەشە بوو بۆ سەر كەشتییە بارهەڵگرەكان و كەشتیەكانی هێزەكانی دەریایی ئەمریكا لە ناوچەكە و هێزەكانی ئەمریكا بۆ بەرگری لە خۆیان مووشەكەكەیان تەقاندووە." لە هەمانكاتدا حووسییەكان كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن رایانگەیاند"بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیاوە دوو هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بنكەو دامەزراوەكانی حووسییەكان لە یەمەن". بە پێی راپۆرتی رۆیتەرز، تەلەفزیۆنی حوسییەكان ناسراو بە "ئەلمەسیرە" بڵاویكردۆتەوە هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بەندەر "رەئس عیسا" كە سەرەكیترین شوێنی هەناردەكردنی نەوتی یەمەنە". بەرپرسانی ئەمریكاو بەریتانیا تا ئێستا هیچ لێدوانێكیان لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە. رۆژی هەینی نەوتهەڵگرێك لە دەریای سوور لەلایەن حووسییەكانەوە كرایە ئامانج و ئاگر لە كەشتییەكە كەوتەوە. بە پێی راگەیاندنی سێنتكۆم، كەشتی نەوتهەڵگری (مارلین یۆڤاندا) كاتژمێر 7:45خولەكی ئێوارەی هەینی لەلایەن حووسییەكانەوە بەمووشەكی بالستیكی دژە كەشتی كرایە ئامانج.  سێنتكۆم نووسیویەتی "دوای ئەوەی ئەم كەشتییە پەیوەندی پێوەكردوون ، كەشتی جەنگی " یوو ، ئێس، ئێس، كارنی" و كەشتییە جەنگیەكانیتری هاوپەیمانان خۆیان گەیاندۆتە كەشتی ناوبراو بۆ یارمەتیدانی. پێستر، یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەكان، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هێرشی مووشەكی ئەم گرووپە بۆ سەر كەشتی بارهەلگری مارلین یۆڤاندا، باسی لەوە كرد ئەم كەشتییە، سەر بە بەریتانیایە و نەوتهەڵگرێكی بەریتانی كراوەتە ئامانج. بەڵام ئەوەی هەیە ئەم كەشتییە نەوتهەڵگرە ئاڵای دوورگەكانی مارشاڵی لەسەرەو سەر بە كۆمپانیایەكی نێونەتەوەییە بە ناوی "تافیگۆر". كۆمپانیای ترافیگۆر، ئێوارەی هەینی رایگەیاند كە ئەم كەشتییەیان كراوەتە ئامانج و ئاگری گرتووە. ئەم كۆمپانیایە هەروەها رایگەیاندووە كە كەشتییە سەربازییەكان چوونەتە یارمەتی ئەم كەشتییە بارهەڵگرەوە. هێرشی حووسییەكان كە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ سەر ئەو كەشتیانەی لە دەریای سوور و كەنداوی عەدەندا لە هاتووچۆدا لە 19ی نۆڤەمبەرەوە زیاتر بووەو تا ئێستا زیاتر لە 30 جار هێرشیانكردۆتە سەر كەشتییە بارهەلگرو سەربازییەكان لەو ناوچەیە. حوسییەكان رایانگەیاندووە تا ئەوكاتەی ئیسرائیل بەردەوام بێت لەهێرش بۆ سەر غەزە بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان لەو ناوچەیە.  

هاوڵاتی  وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند محەمەد مودەسر تیپۆ، باڵیۆز پاكستان لە ئێران گەیشتۆتەوە تاران و باڵیۆزی ئێران بە زووترین كات دەگاتەوە ئیسلام ئاباد. رەسوڵ موسەوی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند "بەپێی رێككەوتنی وەزیری دەرەوەی دوو وڵات، باڵیۆزەكانی ئێران و پاكستان چالاكییەكانی خۆیان دەستپێدەكەنەوەو دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی كارەكانیان". وەزارەتی دەرەوەی پاكستانیش رۆژی چوارشەممە 17 كانوونی دووەم رۆژێك دوای بۆردومانە موشەكییەكەی سوپای پاسداران بۆ سەر وڵاتەكەی، هەڵوێستی توندی گرت و باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگكردەوەو رایگەیاند لە ئێستادا باڵیۆزی ئێران بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ ئیسلام ئاباد. هاوكات باڵیۆزی كۆماری ئیسلام كە لە ئێران بوو، نەگەڕایەوە بۆ پاكستان. رۆژی سێ شەممە 16ی كانوونی دووەم، سوپای پاسداران هێرشی موشەكی كردە سەر  چەند شوێنێك لە پاكستان و رایگەیاند بنكەكانی سوپای عەدلی بۆردومانكردووەو لە ناوی بردوون، هەروەها سوپای عەدل و وەزارەتی دەرەوەی پاكستانیش رایانگەیاند دوو منداڵ بەهۆی بۆردومانەكەی ئێرانەوە كوژراون. لە وەڵامدا پاكستان ناوچە سنوورییەكانی ئێران لە شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بۆردومانكردو بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێرانی 10 كەس كە چواریان منداڵ بوون لە هێرشەكاندا كوژراون. رۆژی یەكشەمە 20ی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاكستان رایگەیاند پیاوێكیان دەستگیركردووە كە كاری بۆ ئیتلاعاتی ئێران كردووە.

هاوڵاتی  بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی بەنیازبێت هێزەكانی لەعێراق و سوریا بكشێنێتەوە. بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی سكای نیوز عەرەبی، سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە پلانێكی ئەمریكی دەكەن بەمەبەستی كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە عیراق و سوریا.  قسەكانی ئەم بەرپرسە ئەمریكییە دوا بەدوای راپۆرتێكی گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) دێت كە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا، بڵاویكردەوە كە بەرپرسەكانی ئەمریكا سەرقاڵی تاووتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكان لە سوریا . گۆڤارەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە "ئەگەر بێت و ئەمریكا لە سوریا بكشێتەوە ئەوە كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر هەژمونی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە ناوچەكەداو كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دیارییەكی نایابە بۆ رێكخراوی تیرۆریستی داعش". دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، هێرشی بالەكانی سەر بەئێران بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەركردایەتی ئەمریكا چڕتر بووەو ماوە ماوە بە موشەك و درۆنی بۆمبرێژكراو پەلاماری ئەوهێزانە دەدەن . جێی ئاماژەیە 900 سەربازی ئەمریكی لە ناوچەكانی سوریاو بەتایبەتیش لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوكراونەتەوەو بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای سوریای دیموكرات لە دژی داعش دەجەنگن.

هاوڵاتی  رێكخراوی هاوپەیمانی ئەتلانتیكی باكوور (ناتۆ) بە بەشداری 90 هەزار سەرباز گەورەترین مانۆڕی سەربازی خۆی لە دوای جەنگی ساردەوە تا ئێستا دەستپێكرد. لەم مانۆڕە سەربازییەی ناتۆدا كە ئەمڕۆ پێنج شەمە 25ی كانوونی دووەمی 2025 بەناوی (بەرگری شێلگیرانە 2024) دەستیپێكرد، زیاتر لە 90 هەزار هێزی سەربازی ئەندامانی ناتۆ بەشدارن تێیدا.  مانۆڕەكە بەمەبەستی خۆئامادەكردنی وڵاتانی رۆژئاوایی لە بەرامبەر هێرشەكانی رووسیا كە پلانی بۆ داڕێژراوە. جەنەراڵ كریستۆفەر كاولی، فەرماندەی باڵای هێزە هاوپەیمانەكانی ناتۆ لە ئەورووپا رایگەیاند "بەرەی ناتۆ هێزی خۆی بۆ ئامادەبوون لە ناوچەی یۆرۆ-ئەتلانتیك لەڕێگای جووڵەی بان ئەتلانتیكی هێزەكان لە ئەمریكای باكوورەوە نمایش دەكات". ئەو جەنەراڵە ئەوەشی خستوەتەڕوو "مانۆڕەكە پیشاندانی ئاشكرای یەكگرتوویی، هێزو ئیرادەی ئێمەیە بۆ بەرگری لە یەكتر، بەهاكانمان". مانۆڕی (بەرگری شێلگیرانە 2024) بە بەشداری 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ بۆ وەستانەوە دژی هەر هەڕەشەیەكی رووسیا پلانی بۆ دانراوە. ئەم مانۆڕە لە كۆمەڵێك مانۆڕی بچووكتر پێكدێت كە لە ئەمریكای باكوورەوە تا سنوورەكانی رووسیا دەگرێتەوە. بە پێی راپۆرتەكان، 50 كەشتی جەنگی، 80 فڕۆكەی جەنگی و زیاتر لە هەزارو 100 تانك بەشدارن تێیدا. مانۆڕی "بەرگری شێلگیرانە 2024) گەورەترین مانۆڕێكە كە دوای مانۆڕی (رێفۆرجێر) لە ساڵی 1988 بەڕێوە دەچێت، لە مانۆڕی رێفۆرجێردا 125 هەزار سەرباز بەشدار بوون. ئەم مانۆڕە لە دۆخێكدا بەڕێوە دەچێت كە رووسیا بە هێرشكردنە سەر ئۆكراین بەشێك لە خاكی ئەم وڵاتەی داگیركردووە. ئێلكساندر گرۆشكۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لەم بارەوە وتویەتی"بەرفراوانبوونی مانۆڕی نوێی ناتۆ دەرخەری گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی جەنگی سارد".  

هاوڵاتی  وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا رایگەیاند بۆ دەستكەوتنی زانیاری بڕواپێكراو لەسەر حسێن هاتفی ئەردەكانی، بازرگانی ئێرانی كە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لەلایەن رووسیاوە لە جەنگی ئۆكراین بەكار دەهێنرێت خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری دیاریكردووە. رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ، بڵاویكردەوە "بەرنامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە لە پەیوەند لەگەڵ هەڕەشەكانی دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی چالاكە، ئەم خەڵاتەی دەربارەی حسێن هاتفی ئەردەكانی دیاریكردووە". بەپێی بڕیارێكی دادگا كە ساڵی 2020 دەرچووەو لە كانوونی یەكەمی 2023 بەنهێنی دەرچووە، حسێن هاتفی ئەردەكانی بە یارمەتی پیاوێك كە لە چینە لەڕێگەی كۆمپانیاكەی خۆیانەوە ئەو تەكنۆلۆژیاو پارچانە دەكڕن و دەیگوازنەوە بۆ ئێران كە بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكار دەهێنرێت. بەپێی راپۆرتەكە، كۆمپانیایەكی فەرەنسی بێ ئەوەی ئاگادار بێت، تەكنۆلۆژیای گۆڕینی ئانالۆگ بۆ دیجیتاڵی هەناردەی هۆنگ كۆنگ كردووە، بەڵام ئەم پارچەو تەكنۆلۆژیایە لە هۆنگ كۆنگەوە نێردراوەتە ئێران،ئەو تەكنۆلۆژیایەش بەگۆڕانێكی بچووك لە سێ بواریتردا بەكار دەهێنرێت. لەمبارەوە بەرنامەی (خەڵات بۆ عەداڵەت)ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئەوەی خستوەتەڕوو "حسێن هاتفی ئەردەكانی هاوكاری سوپای پاسداران دەكات بۆ دەستپێڕاگەیشتن و دابینكردنی تەكنۆلۆژیای ئاڵۆز كە بەكار دەهێنرێن بۆ دروستكردنی چەك و چۆل و هەروەها یارمەتیان دەدات بۆ فرۆشتنی ئەو چەك و چۆڵانە. حسێن هاتفی ئەردەكانی، یەكێك لەو كەسانە بوو كە 19ی كانوونی یەكەمی 2023 ئەمریكا ناوی خستنە لیستی سزاكانەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی روسیا بەناوی ئیل-76 لە پارێزگای بێلگۆرۆد لە باشوری رۆژئاوای روسیا کەوتە خوارەوە و 65 دیل ئۆکرانی و 9 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی تێدابو. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتوە، فڕۆكه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لەکاتی گەشتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا لە ناوچەی بێلگۆرۆد کەوتوەته‌ خوارەوە. ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناحیەی بێلگۆرۆدیش لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا نوسیویەتی، "روداوێک لە شاری کۆرۆچانسکی رویدا، لە ئێستادا تیمەکانی لێکۆڵینەوە و فریاگوزاری لە شوێنی ڕوداوەکە کاردەکەن، دواتر بارودۆخی روداوەکە رادەگەیەنین". جیگەیباسە فڕۆکەکە لە هەرێمی بیلۆگۆرۆد لە نزیک سنووری ئۆکرانیا تێکشکاوە و دەنگۆ هەیە کە فڕۆکەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە خرابێتە خوارەوە لەم بارەیەشەوە ماڵپەڕی ئۆکراینسکا لەسەر زاری سوپاسالاری ئۆکرانیا بڵاویکردووەتەوە، گوایە فڕۆکەکە مووشەکی بۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-300ی رووسی گواستووەتەوە و هیچ ئاماژەشی بەوە نەکرد دیلی هەڵگرتبێت. لاى خۆیشیه‌وه‌ دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، کرێملین ئاگاداری تێكشانی فڕۆکەکەیە، بەڵام ئەویش زانیاری وردی لەسەر ئەو ڕوداوە نەخستۆته‌ڕوو.  

هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە رۆژنامەی "فاینناشنال تایمز" لە ڕێی چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بڵاویکردەوە کە ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی راگرتنی هێرشی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور ، بۆ ماوەی 3 مانگ داوای لە چین کردووە کە هەنگاوی ئەرێنی لەو ڕووە بنێت ، بەڵام چین وەڵامی داواکەی ئەمریکای نەداوەتەوە. ڕۆژنامەکە لەزاری بەرپەسەکانی ئەمریکاوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەمریکا داوای لە چین کردووە ، بە مەبەستی راگرتنی هێرشی چەکدارە حوسییەکان بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکانی دەریای سوور ، گووشار بخاتە سەر ئێران بەلام هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان لەوبارەیەوە دەست نەکەوتووە. هەروەها لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە کە ، ئەمریکا لە ماوەکانی 3 مانگی رابردوودا ئەم پرسەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی چین ورووژاندووە . جێی باسە بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای هێرشی چەکدارەکانی سەر بە گروپی حوسییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکان و ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور ،  تا ئێستا هێزەکانی سەر بە سووپای ئەمریکا و بەریتانیا هەشت جار بە مووشەک و دروون  بوردومانی بنکە و بارەگای چەکدارەکانی حوسییان کردووە . دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل ، چەکدارەکانی گروپی حوسییەکانی یەمەن کە لە ئێرانەوە نزیکن ، هێرش و پەلامارەکانیان لە دەریای سووردا چڕتر کردۆتەوە کە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ڕێڕەوی ئاوی بازرگانی جیهانیدا داناوە.

هاوڵاتی پڕۆژە یاسای تایبەت بە خواستی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا، ئەمەش دوای ٢٠ مانگ لە دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە و ستۆکھۆڵم لەو بارەیەوە. پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ  سێ شەممە بە دەنگی ٢٨٧ پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای تایبەت بە  ئەندامێتی سوید لە ناتۆ  لە بەرامبەر ٥٥ دەنگی نەخێر پەسەندکرد. سوید و فنلاندا لە مانگی (ئایار/5)ی 2022دا هەوڵی خۆیان دا بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆ ، هەردو وڵاتیش لە مانگی (حوزەیران/6)ی 2022 لە میانی کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی مەدرید بە فەرمی بانگهێشتی ناتۆ کرابون، خواستەکانی هەردو وڵات بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی ئاسایش لە کاردانەوە بە لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەیر دەکرا. دوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا، فینلاند لە مانگی (نیسان/4)دا بو بە ئەندامی هاوپەیمانییەکە، هەرچەندە ستۆکهۆڵم یاساکانی "دژە تیرۆر" و دەستوری خۆی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە گۆڕی، بەڵام زنجیرەیەک خۆپیشاندانی چالاکانی کورد دژی حکومەتی تورکیا و ناڕەزایەتییەکانی قورئان سوتێنەر لە سوید، پڕۆسەکەی خاوكرده‌وه‌. دواتر رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەنێوان هه‌ریه‌ك له‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆکكۆماری توركیا؛ ساولی نینیستۆ، سه‌رۆکكۆماری فینلاند؛ ماگدالینا ئاندەرسۆن سه‌رۆكوه‌زیرانی ئەو کاتی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا تورکیا رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا بۆ بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هەبوو لەسەر ئەو وڵاتە. لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا و تەواوکردنی ڕێوشوێنە فەرمییەکان سوید دەبێتە 32ـەمین وڵات لەنێو هاوپەیمانیی ناتۆ کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات. هەروەها هەنگاریا دەبێتە تاکە وڵاتی ئەندامی ناتۆ کە هێشتا پاڵپشتیی سوێد ناکات بۆ بوونە ئەندام.  بڕیارەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە چاوەڕوان دەکرێت بە زوویی بڵاوی بکەنەوە. 

هاوڵاتی ڕیشی سوناک ئەمرۆ لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی ئامانج و کاریگەریەکانی هێرشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر حوسیەکان لە دەریای سور کرد و وتی" کاریگەربوون و تواناکانی حوسیەکانی لاواز کردووە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و بەریتانیا ڕایانگەیاند کە بۆ هەشتەم جارهێرشیان کردۆتە سەر حوسیەکانی یەمەن لە دەریای سور، ئەوەش لەکاتیکدا کە دوێنێ حوسیەکان رایانگەیاندبوو کە هێرشیان کردۆتە سەر کەشتی جۆری ' ئۆشیان جاز'لە کەنداوی عەدەن. هەروەها ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە چوارچێوەی سترتیژی و پلانی وڵاتەکەیدا بۆ لەناوبردن و تیکشکاندنی سەرچاوە سەربازی و داراییەکانی حوسیەکاندا ئاشکرای کرد کە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئەمریکای هاوپەیمانی دا کار بۆ سەپاندنی سزای نوێ دەکەن لەسەر حوسیەکان. هاوکات ریشی سوناک جەختیشی لەوەکردەوە کە بەریتانیا دوودڵ نابێت لە هێرشکردنە سەر حوسیەکان بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پاڵپشت بە یاسا نێودەوڵەتیەکان . لەگەڵ ئەوەشدا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهاێنان بە جەنگی غەززە -ئیسرائیل،هەروەها بەردەوامبوونی هاوکاریە مرۆییەکان کرد.. هێرشی هاوپەیمانان بۆسەر حوسیەکان لە دەریای سور لە چوارچیوەی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە دوابەدوای دروستبوونی جەنگی غەززە و ئیسرائیل ناوچەکەی گرتۆتەوە.

هاوڵاتی  ئەمڕۆ سێشەمە 23ی كانونی دووەمی 2024، رۆژنامە ئیسرائیلییەكان وردەكاری تەقینەوەكەی دوێنێی ناوچەی مەغازی ناوەڕاستی غەزەیان خستەڕوو كە لە ئەنجامدا 21 ئەفسەرو سەربازی ئیسرائیلی تێدا كوژران. لە وردەكارییەكەدا هاتووە"دوابەدوای ئەوەی سەربازە یەدەكەكانی لیوای 261ی سوپای ئیسرائیل چوونەتە ناو ناوچەی مەغازی لە ناوەڕاستی غەزە، لەسەر داوای سوپا لەگەڵ یەكەی ئەندازیاری دەستییانكردووە بەبۆمبڕێژكردنی 10 بینا بەمەستی تەقاندنەوەیان، بەڵام پێش تەواوبوون لە ئەركەكەیان، چەكدارەكانی حەماس  دووگولە ئاربیجیان ئاڕاستەكردوون". میدیا ئسرائیلییەكان ئەوەشیان بڵاوكردوەتەوە "گولەی یەكەم بەر تانكێكی جۆری میركافا كەوتووەو لە ئەنجامدا دوو سەرباز بریندار بوون، گولەی دووەمیش ئاڕاستەی بینایەكی بۆمبڕێژكراو كراوەو لە ئەنجامی كارابوونەوەی تەقەمەنییە چێنراوەكانی ناو بیناكە، دوو بینا بەسەر سەربازەكاندا رووخاوە". دوابەدوای داڕووخانی دوو بیناكەش، یەكەی فریاكەوتنی 669 بە درێژایی شەوی رابردوو خەریكی گەڕان بوون بەدوای تەرمی سەربازە كوژراوەكاندا. دوای روداوەكەش، وتەبێژی سووپای ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند"ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی سوپای ئیسرائیل، هەر لەسەرەتای دەستپێكی جەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا گەیشتۆتە 200 سەرباز و 2665 سەربازی دیكەش بریندار بوون". لەلایەن خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە"لەبارەی رووداوەكەوە سوپا دەستی بەلێكۆڵینەوەیەكی  ورد كردووە". ئەوەشی نوسیوە "وڵاتەكەی تا كۆتایی هێنان بەبزووتنەوەی حەماس بەردەوامی بەجەنگەكە دەدات". جێی ئاماژەیە دوابەدوای هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی2023، سوپای ئیسرائیلی هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر كەرتی غەزەی مۆڵگەی سەرەكی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەستپێكردووەو بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستینی لە غەزە، زیاتر لە 25 هەزار هاوڵاتی كوژراون و بەهەزارانی دیكەش بریندار بوون".  

هاوڵاتی  لە تازەترین هێرشیاندا بۆ سەر چەكدارەكانی گروپی حوسی لە یەمەن، هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بە پشتیوانی هەر یەك لە كەنەدا و بەحرەین و ئوستورالیا و هۆڵەندا بنكەو بارەگاكانی ئەو چەكدارانەیان مووشەك باران كرد. لە بارەی هێرشەكەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند" لە هێرشەكەدا كە ئێوارەی دوێنێ 22ی كانونی دووەمی 2024 ئەنجامدراوە، 8 بنكەو جبەخانەی چەكدارەكانی حوسی كە یەكێكیان لە حەشارگەیەكی ژێرزەمینیدا بووەو جگە لەمانەش چەند سیستمێكی بەهێزی مووشەكی و چاودێری كە لە پەلامارەكانیاندا بۆ سەر پاپۆڕە بازرگانییەكانی ناو دەریای سوور سوودییان لێدەبینی كراونەتە ئامانج". لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێكی باڵای ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەو مەرجەی كە ناوی ئاشكرا نەكرێت، ئەوەی ئاشكرا كرد "لە هێرشەكاندا نزیكەی 25 بۆ 30 بۆمب لەلایەن فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیاوە نراون بە بنكەو بارەگا گرنگەكانی گروپی حوسییەكانەوە". هەروەها بەرپرسە باڵاكەی ناو پنتاگۆن ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە جگە لە فڕۆكە، لەلایەن ژێردەریاییەكانەوە بەمووشەكی تۆماهۆك هێرش كراوەتە سەر چەند جبەخانەیەكی گرنگی ئەو گروپەو ئەو جبەخانانەی كە بە ئامانج كراون سیستمی مووشەكی و درۆنییان تێدا بووە" . لەبارەی چاندنی مینی دەریاییش لەلایەن حوسییەكانەوە، بەرپرسە باڵاكە وتی"هێزەكانمان بە وردی چاودێری دەكەن و تا ئێستا هیچ مەترسییەكییان بەدی نەكردووە".  جێی ئاماژەیە لە 19ی نۆڤەمبەری رابردووەوە تا ئێستا حوسییەكان بەمووشەكی بالستی جۆراوجۆر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو پەلاماری 33 پاپۆری بازرگانیان لە دەریای سوور داوە.