هاوڵاتی جۆ بایدن دەڵێت، ئیسرائیل و بزووتنهوهی حهماس رێككهوتوون، لهسهر چوارچێوهی رێككهوتنی بارمتهكان. ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 12ی تەمووزی 2014، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا رایگەیاند سەرۆکی ئیسرائیل و بزووتنهوهی حهماسی فەلەستینی رێككهوتن، لهسهر چوارچێوهی رێككهوتنی بارمتهكان كه شهش ههفته لهمهوبهر پێشكهشی کرد. لەم بارەوە جۆ بایدن وتی، شهش ههفته لهمهوبهر چوارچێوهیهكی ههمهلایهنهم بۆ چۆنیهتی گهیشتن به ئاگربهست و گهڕانهوهی بارمتهكان بۆ ماڵهكانیان خستهڕوو. سەرۆکی ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا كار ماوه كه ئهنجام بدرێن و ئهمانه پرسگهلێكی ئاڵۆزن، بهڵام ئێستا ئیسرائیل و حهماس لهسهر ئهم چوارچێوهیه رێككهوتوون. جۆبایدن جەختی لەوەشکردەوە، تیمهكهم بهرهو پێشهوه دهچێت و بڕیارم داوه ئهم بابهته به ئهنجام بگهیهنم.
هاوڵاتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک سزای تری بەسەر دەوڵەتی ئێراندا سەپاند و رەتیشی دەکاتەوە ئەم سزایانە بەهۆی بەرنامەی پڕچەککردنی حوسییەکان و حزبوڵا و حەماس بێت. ئەمڕۆ هەینی، 12ی تەمووزی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ژمارەیەک سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە و سزاکان تەنها یەک لایەنی دیاریکراو دەگرێتەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەوەی خستۆتەڕوو، لە مانگی رابردووش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر تۆڕێکی بانکیدا سەپاند کە هاوکاری ئێرانی دەکرد لە تێپەڕاندنی سزاکانی و گەیشتن بە سیستمی بانکی جیهانیی. لەو بارەیەوە حکومەتی ئەمریکا باسی لەوەکرد، ملیارەها دۆلار لە رێگەی ئەو تۆڕە بانکییەوە تێپەڕیوە و لە ساڵی 2020ەوە کار بۆ ئێران دەکات، کارەکانیش فرۆشتنی نەوت و پێترۆکیمیایی بوو. لە هەمانکاتدا ئەمریکا رەتیشی دەکاتەوە ئەم سزایانەی بەسەر ئێراندا دەیسەپێنێت بەهۆی بەرنامەی پڕچەککردنی گروپە چەکدارەکانی وەک، حوسییەکانی یەمەن، حزبوڵای ئێران و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بێت.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، کابینەی ئێستای حکومەتی ئیسرائیل یەکێکە لە تووندڕەوترین کابینەکانی مێژووی ئەو وڵاتە، ئاماژە بەوەشدەکات، پابەندە بە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. ئەمڕۆ هەینی 12ی تەموزی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، "کابینەی ئێستای حکومەتی ئیسرائیل یەکێکە لە تووندڕەوترین کابینەکانی مێژووی ئەو وڵاتە و هیچ وەڵامدانەوەکییان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت نییە". جۆ بایدن دەڵێت، "پابەندین بە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و سەقامگیرکردنی ئارامیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست". "ماوەی سێ مانگە ئەمەریکا کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان و فەراهەمکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارام و سەقامگیر"، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی پێکردووە. بایدن باس کە پلانێک دەکات کە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش و گروپی حەوتی کردووە و ئسرائیل و حەماس قبووڵیان کردووە، بەڵام قورسی و ئاڵنگاریی هەیە بۆ جێبەجێکردنی.
هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 9ی تەموزی 2024، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا، دوو کەس کوژراون کە یەکێک لەوان "یاسر نمەر قرنبش" بەرپرسی گواستنەوەی درۆن و چەک و تەقەمەنی بووە لە سووریاوە بۆ لوبنان. بەپێی زانیارییەکانی ئەم رێکخراوەیە، لە ڕێگای دیمەشق- بەیرووت و نزیک ناوچەی یابووس ئۆتۆمبێلی ئەم دوو کەسە کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە کاتێک روویداوە کە ئۆتۆمبێلەکە لە بازگەیەکی سەربازی سەر بە لیوای 4ی هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە رەت دەبوو. یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامی باڵای حزبوڵڵای لوبنانە، بەڵام ناسنامەی کەسی دووەەم دیار نییە و گومان دەکرێت ئێرانی یان سووری بێت، هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش سووری بووە و بریندار بووە. سەرچاوەیەکی نزیک بە حزبوڵڵا بە دەنگی فەرەنسای راگەیاندووە " یاسر نمر قرنبش" پاسەوانی تایبەتی پێشتری حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حەماس، لەم هێرشەدا کوژراوە.
هاوڵاتی کەشتی جەنگی سەهەند، کە بە پێشکەوتووترین کەشتی جەنگی دروستکراوی ئێران ناوی لێدەبرا، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 7ی تەمووزی 2024 تووشی رووداوێک هات، دوای دوو رۆژ هەوڵدان بۆ رزگارکردنی، سەرەنجام بە تەواوەتی لە ئاودا نووقمبوو. بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی رۆژنامەی "اعتماد" ئەم کەشتییە سەرەنجام ئەمڕۆ سێ شەممە 9ی تەمووز بە تەواوەتی لە ئاودا نوقم بووە، ئەم ماڵپەڕە باسی لەوە باسی لەوە کردووە بە هۆی رووداوێکەوە، ئاو دزەی کردۆتە ناو کەشتییەکە و هاوسەنگی لە دەستداوە. سەرەنجام هەوڵەکان نەیتوانیوە ببێت بە هۆی رزگار کردنی و نوقم بووە. ماڵپەڕی فەرمی هێزی دەریایی ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام لە هیچ کوێ ئاماژە بەوە نەدراوە بە هۆی چ رووداوێکەوە بووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کام لە پارت و لایەنەکان نەیانتوانی زۆرینەی 50 کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمان ببەنەوە. ئێستا کێشەی دروستکردنی حکومەت دروستبووە و بەهۆیەوە درێژە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕیکەر درا. لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، میانڕۆ و چەپەکان لە دژی بەرەی راستڕۆی نیشتمانی یەکیانگرت و وایانکرد ئەو پارتە راستڕۆیە نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ دەسەڵاتێکی راستڕۆ لە فەرەنسا نەهاتووەتە سەر حوکم. هەردوو بەرەی نوێی گەلی چەپ، بە سەرۆکایەتی ژان میلانشۆ و پارتی ئینسێمبڵ بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن زیاتر لە 200 بەربژێریان لە بازنە جیاوازەکانی فەرەنسا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کشاندەوە، تاوەکو بەربژێری سەرەکی بتوانێت لە بەربژێری پارتی بەرەی نیشتمانی بباتەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ پارتە زۆرینەکان بەم جۆرە بوو، پارتی بەرەی نوێی گەلی چەپ 182 کورسی، پارتی ئینسێمبڵی میانڕۆ 168 کورسی، پارتی پارێزگارەکان 46 کورسی و پارتی بەرەی نیشتمانی و هاوپەیمانانی 143 کورسی، هەرچی پارتی دیکەیە 38 کورسی. ئێستا رکابەرییەکە لە نێوان پارتی دەسەڵات، ئینسێمبڵ و هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەلی ئەوپەڕی چەپە. هیچ کام لەو دوو پارتە بەبێ هاوپەیمانیکردنی یەکدی یان هاوپەیمانیکردنی بەرەی نیشتمانی راستڕۆ ناتوانن حکومەت پێکبهێنن. تەواوی ئەو سێ هاوپەیمانێتییە سەرەکییەش دژی یەک و جیاواز بیردەکەنەوە. هەربۆیە حکومەتی فەرەنسا وا زوو پێکنایەت و بەهۆیەوە درێژە بە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەر درا. هۆکاری یەکگرتنی میانڕۆ و چەپەکان ئەوەیە، حکومەتێکی راستڕۆ بۆ فەرەنسا مەترسی گۆڕانی تەواوەتی سیاسەتی ئابووری، سەربازی و دەرەوەی ئەو وڵاتەی لێبکەوێتەوە. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ پارتێکی راستڕۆ دەسەڵاتی لە فەرەنسا نەگرتووەتە دەست و راستڕۆکان لەلایەن پارتەکانی دیکەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە رەچەڵەکپەرست، دژە کۆچبەر و دژە ئیسلامن. هەروەها بەوەش تۆمەتبار دەکرێن، ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، کاردانەوەیان بەرامبەر کارەکانی رووسیا نەرمتر دەبێت و تا رادەیەکی زۆر دژە رۆژئاوایین و هاریکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراینا کەمدەکەنەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بە گوێرەی چاودێریکاری کەشوهەوای یەکێتی ئەوروپا، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە لە مێژوودا. هەروەک، 13 مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی ساڵەکانی پێش خۆیاندا گەرمترین بوون. کارلۆ بوێنتێمپۆ، بەڕێوبەری ناوەندی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس دەڵێت، "ئەمە زیاترە لە تەنیا ژمارەیەکی سەیر، ئەمە گۆڕانێکی گەورە و دیار لە کەشوهەواکەمان نیشاندەدات". باس لەوەش دەکات، ئەگەر بەم تاوەی ئێستا زەوی گەرمببێت، لە داهاتوودا ریکۆردی زیاتری گەرما دەبینین. کارلۆ دەڵێت، بەهۆی دەردانی گازی زیانبەخشەوە بۆ بەرگەهەوا، ئەمە پێشبینیکراو بوو. پلەی گەرمای بەرزتر لە چاو تەواوی ساڵەکانی پێشوودا لە ئەمریکا، سعودیە، هیندستان و مەکسیک و دەیان وڵاتی دیکە تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی پلەی گەرمیی تەواوی جیهان رووی لە بەرزبوونەوەی زیاترە. بەهۆی ئەو گۆڕانە گەورەیەی کەشوهەواوە، کارەساتی سروشتیی وەک لافاو لە کینیا، چین، بەرازیل، ئەفغانستان، رووسیا و فەرەنسا روویانداوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس مردوون و برینداربوون. جگە لە پلەی گەرمای ناوچە وشکانییەکانی زەوی، پلەی گەرمای زەریاکانیش گەشتوونەتە بەرزیی و ریکۆردی نوێ. زەریای ئەتلانتیک، باکووری زەریای هێمن و زەریای هیندی لەو ئاوانەن کە پلەی گەرمییان بەراورد بە پێشووتردا زۆر بەربووەتەوە. زەریاکان 75٪ی زەوی پێکدەهێنن و 90٪ی گەرمیی زەوی هەڵدەمژن، بۆیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەریاکان لای زاناکان وەک دیاردەیەکی مەترسیدار تەماشا دەکرێت. پلەی گەرمای زەوی لە 12 مانگی رابردوودا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار کە ئەویش 1.64 پلەی سلیزی بەرزترە لە پێش شۆڕشی پیشەسازی. ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێککەوتننامەی پاریسی 2015، 196 وڵات لەسەر ئەوە رێککەوتن هەوڵ بۆ هێشتەوەی پلەی گەرمای زەوی لە ژێر 1.5 پلەی سلیزی بخەنەگەڕ.
هاوڵاتی چالاکوانێکی کورد لە ئەوروپا بڵای کردەوە، ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە ئاوی ئیتالیا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن، دەشڵێت، ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان 26 کەس دەبێت. رەنج پشدەری چالاکەوانی کورد لە ئەوروپا سەبارەت بە گیرخواردنی چەندین کۆچبەری کورد لە ئاوەکانی ئیتاڵیا و داوای رزگار کردنیان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ماوە چوار رۆژە 26 کۆچبەری کورد لە ئاوی ئیتاڵیا گیریان خواردووە و داوایی بەهاناوەچوون دەکەن،هەروەها داوا دەکەن هێزی دەریایی ئیتاڵیا بچێت بەهانایانەوە. باس لەوەش دەکات، لەنێویان ئەو کۆچبەرە کوردانەی گیریان خواردووە ژن و منداڵ هەیە، ماوەی چوار رۆژیشە لەئاودان . ئەو چالاکوانە دەشڵێت: دوای ئاگاداربوونمان لەبارو دۆخی ئەو کۆچبەرانە، پەیوەندیمان کرد بەرێخراوەکانی ئیتاڵیاو رۆت کرۆسی ئیتالی و هیزی کۆست گارد بۆ رزگارکردنیان، چاوەڕوان دەکرێت پاش کەمێکی تر رزگار بکرێن .
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی تەمووزی 2024، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لێكتێگەیشتن و بەرە و پێشچوون بۆ چارەسەری كێشەی مووچە هەیە و چەند جارێك وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەكان كراوە، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ كێشە و هۆكارێك ببێتە هۆی دواكەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینییەوە هەموو مانگێك كێشەیەكی نوێ بۆ مووچە دروستدەكەن. بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیكرد لە لیو جیون كونسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە چین جیۆجینگ بەرپرسی بەشی سیاسی و جودیمەن بەرپرسی بەشی ئابوری و بازرگانیی كونسوڵخانە. دەشڵێت، لە دیدارێكدا گفتوگۆ لە سەر دۆخی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان كراو پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەت و كونسوڵخانەی چین بەبایەخەوە هەڵسەنگێندرا. باس لەوەش دەکات، لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی كورتەیەكی لەسەر چاكسازیەكانی وەزارەتی دارایی لە بواری رێكخستنەوەی باج و گومرگ و بانك و خانەنشینی و بەدیجیتاڵكردنی دام و دەزگاكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان خستەڕوو. لە بەشێكی تری دیدارەكەدا ئاوات شێخ جاناب باسی لە کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کردووە و رایگەیاندووە، لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری كێشەی مووچە هەیە و چەند جارێك وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەكان كراوە، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ كێشە و هۆكارێك ببێتە هۆی دواكەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینییەوە هەموو مانگێك كێشەیەكی نوێ بۆ مووچە دروستدەكەن، لەكاتێكدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێك وردبینی لە خەرجی و داهات بكرێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و رادەستكردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان و بەردەوامی بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
هاوڵاتی هێزەکانی رووسیا 40 مووشەکیان ئاراستەی چوار ناوچەی شارى کیێڤ کرد و یەکێک لە شوێنانەی کراوەیە ئامانج نەخۆشخانەیەکی منداڵانە. ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2024، ئیدارەی سەربازی کێیڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هێزەکانی رووسیا 40 مووشەکیان ئاراستەی چوار ناوچەی شارى کیێڤ کرد و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان 41 کەس بوونەتە قوربانی، کە 10 لەوانە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، یەکێک لە شوێنانەی کە رووسیا کردوویەتییە ئامانج لە شاری کیێڤ نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە منداڵان کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە ژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدان. ئەوەشی وتووە، “تائێستاش ژمارەی وردی قوربانییەکان نادیارە”، دەشڵێت، “لە ئێستادا هەمووان هاوکارن بۆ لابردنی داروپەردووەکە و دەرهێنانی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووەکەدان".
هاوڵاتی گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا رایگەیاند "کە رۆژی دووشەممە دەست لەکار کێشانەوەکەم پێشکەش بە سەرۆکی کۆمار دەکەم". رۆژی یەکشەممە 7ی تەمووزی 2024، گابریال ئاتال، سهرۆك وهزیرانی فهرهنسا رایگهیاند، كه سبهینێ نامهی دهسلهكاركێشانهوهی رادهستی ئیمانوێل ماكرۆن، سهرۆكی وڵاتهكهی دهكات، ئهوهش دوای ئهوه دێت كه له گهڕی دووهمی ههڵبژاردنه پهرلهمانییهكهی ئهو وڵاتهدا، چهپڕهوكان سهركهوتنیان بهدهستهێنا. لەم بارەیەوە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردهوه، لهوكاتهی كه ئهنجامی بهرایی ئاماژه به پێشڕهویی چهپڕهوهكان بهسهر هاوپهیمانی ماكرۆن و راسترهوهكان دهدهن، ئاتالی سهرۆك وهزیر رایگهیاندوه كه سبهی بهیانی نامهی دهستلهكاركێشانهوهكهی ئاراستهی سهرۆك كۆمار دهكات. لهگهڵ ئهو ئامادهییهشدا سهرۆك وهزیران رایگهیاندوه ئهگهر ئهرك و فهرمانهكان ناچاری بكات، ئامادهیه له پۆستهكهیدا بمێنێتهوه، بهتایبهت كه بهمنزیكانه یارییهكانی ئۆڵۆمپیاد له فهرهنسا بهرێوهدهچێت.
هاوڵاتی دوا بەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران و سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان، ییسرائیل کاتێز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "بیروڕای گشتی لە ئێران لەم هەڵبژاردنەدا پەیامێکی روونی گەیاند، ئەویش ئەوەیە خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕانن و دژی حکوومەتی ئایەتوڵڵاکانن". ییسرائیل کاتێز لە پەیامێکدا کە درەنگانی شەوی شەممە 6ی تەموزی 2024 بڵاویکردەوە وتی، "ئێستا دونیا دەبێت سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسنن و داوای هەڵوەشاندنەوەو راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و راگرتنی پشتیوانی ئێران لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن، ئەمە تەنها هەلە بۆ ئەوەی لەم گۆڕانە تێبگەین". کەناڵی 14ی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل کە پشتیوانی لە نتانیاهۆ دەکات لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی نووسی. سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران روانگەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل ناگۆڕێت، بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە ئیسرائیل ئەمە بە "خاڵێکی روون" دەبینێت لە رەوتی رووداوەکان لە ناوخۆی ئێران. ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە نووسیویەتی، پاڵێوراوی ریفۆرمخوازەکان کە بووە بە سەرۆک کۆمار هەرچەند دژی حکوومەتی ئیسلامی نییە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە هەوڵ بدات بۆ کەمکردنەوە قەیرانەکان لە دەرەوەو ناوخۆی ئێران و توندووتیژییەکان کەم بکاتەوە. رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" کە رۆژنامەیەکی پشتیوانی نتانیاهۆیە، سەرکەوتنی پزشکیانی وەک دەرکەوتنی تیشکێکی کەم لە رژێمی تاریکدا ناوبردووە، ئەوی وەک کەسێک ناو بردووە کە بە بەراورد لەگەڵ پاڵێوراوەکانیتر نەرم و نیانترەو رەنگە زیانی کەمتر بێت. بەمەشەوە ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، ئەگەری ئەوەی پزشکیان کاریگەری لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەبێت زۆر کەمە. ئیسرائیل هیوم نووسیویەتی، دوای رووداوی 7ی تشرینی یەکەم و و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ئەوە روون بۆتەوە کە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵێک ئەدات زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت و لاوازی بکات. ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ئاخۆ وتووێژەکان لەگەڵ رۆژئاوا دەست پێبکاتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی یان نا. ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەگەر بۆی دەرکەوێت ئەمریکا ئامادەیی تیایە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، مۆڵەت بە دەوڵەتی پزشکیان ئەدات دەست بکاتەوە بە گفتوگۆ لەو چوارچێوەیەدا کە خۆی دیاری ئەکات و پزشکیان و دەوڵەتەکەی بۆیان نییە سنوورەکان ببەزێنن. دەنی سێترینۆڤیچ، یەکێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی پێشتری بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل دەربارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران و سەرکەوتنی پزشکیان نووسییەتی، "دوای کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێک کە ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێرانی پێ بوو، پشتیوانیکردنی ریفۆرمخوازەکان لە پزشکیان، جارێکیتر ریفۆرمخوازەکانی زیندوو کردەوەو پاڵێوراوی بناژۆخوازی توندڕەو کە کە توندڕەوتر لە رەئیسی بوو، شکستی هێنا، بەڵام رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و پەرلەمان و سوپای پاسداران ناهێڵێن ژیانی سیاسی پزشکیان بە ئاسانی تێپەڕێت". ئەم ئەفسەرە باڵایەی بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل نووسیویەتی، دامەزراوە ئایینییەکان و کەسایەتییە ئاینییە شیعەکانی ئێران دژی بۆچوونی نەرمی پزشکیان ئەوەستنەوە، بەڵام پزشکیان لە لایەن کەسانێکی وەک حەسەن رووحانی و جەواد زەریفەوە پشتیوانی ئەکرێت کە مەرگی رەئیسی بۆ ئەوان دیارییەک بوو لە بەهەشتەوەو دەرفەتی بۆ خولقاندوون بگەڕێنەوە بۆ پانتای سیاسەتی ئێران. دەنی سێترینۆڤیچ لە کۆتاییدا نووسیویەتی، بۆ ئیسرائیل باشتر بوو جەلیلی ببوایەت بە سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی باشتر سیاسەتی ئێران بخاتەڕوو. ئێستا ئیسرائیل لە باری سیاسییەوە ئالنگارییەکی لەبەردەمدایە، ئەبێ خۆی بۆ ئەم ئالنگارییە ئامادە بکات.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ کیەر ستامەر وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا یەکەم وتاری خۆی لەبەردەم خانووی ژمارە 10ی شەقامی داونینگ پێشکێشی گەلی بەریتانیا کرد. ستامەر باسی لەوەکرد بەردەوامی بە بەرنامەی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا نادات. رۆژی شەممە 6-7-2024، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "پلانی رواندا هەر پێش ئەوەی دەستیش پێبکات مردبوو و نێژرابووش". ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی بەو پلانە نادات کە دەزانێت هیچ کاریگەرییەکی بۆ راگرتنی چوونی کۆچبەر بۆ بەریتانیا نییە. قسەکانی ستامەر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەواوی ئەو کۆچبەرانە دەبێت کە هێشتا مافی پەنابەرێتییان لە بەریتانیا نەدراوەتێ، ئەوەش چونکە لە نیسانی ئەمساڵ پەرلەمان بە شێوەیەکی فەرمی بڕیارەکەی پەسەندکرد و حکومەت لە مانگی ئایاردا دەستی بە دەستگیرکردنی خەڵک بۆ ناردنیان بۆ رواندا کرد. ئەو بڕیارە لە کاتێکدابوو، رێکخراوانی مافی مرۆڤی جیهان و بەریتانیاش بە توندی دژی ئەو بڕیارەی حکومەت وەستانەوە و بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤیان دانا. ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بەڵێنی بە خەڵکی وڵاتەکەی دابوو، تاوەکو پێش هەڵبژاردن فڕۆکەی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا دەفڕێت. لە پەرلەمانی وڵاتەکەشی گوتی، "هیچ ئەگەرێک و هیچ بەڵامێک مەڵێن، ئەو فڕۆکانە بەرەو رواندا دەفڕن"، مەبەستی فڕۆکەی پەناخوازەکان بوو. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە بە رێگەی مەترسیدار و ئاویدا خۆیان دەگەیێننە ئەوروپا و پاشان بەریتانیا. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ، 13 هەزار و 195 کەس لە فەرەنساوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. هەرچەندە حکومەتی پارێزگارەکان گەورەترین سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی چوونی کۆچبەر بوو بۆ بەریتانیا، لە 6 مانگی یەکەمی 2024دا ژمارەکە بەراورد بە 2023، 16٪ زیادیکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی دوای ئەوەی دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە داوای لێدەکرێت واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا بهێنێت. بایدن دەڵێت، "مەگەر تەنیا خوا بتوانێت وام لێبکات وازبهێنم". جۆ بایدن دەڵێت، "من جیهان بەڕێوەدەبەم" و کەسی دیکە لە خۆی بە شایانتر بۆ ئەو ئەرکە نابینێت. ئەمە لەکاتێکدایە، چوار ئەندامی کۆنگرێس کە سەر بە دیموکراتەکانن تاوەکو ئێستا داوایان لە بایدن کردووە واز بهێنێت. مارک وینەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، نیازی وایە گرووپێک لە ناو سیناتۆری دیموکراتەکان دروست بکات کە داوا لە جۆ بایدن بکەن واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بهێنێت. بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی لە وەڵامی ئەو گوشارانەدا دەڵێت، "سەیرکە، ئەگەر خودا بێتە خوارەوە و بڵێت، 'جۆ، لە رکابەرییەکە وەرە دەرەوە'، ئەوە دەهاتمە دەرەوە، بەڵام خودا نایەتە خوارەوە". جۆرج ستیفانۆپۆلۆس، کە لە پێشووتدا راوێژکاری باڵای بیڵ کڵینتن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا دەکات و لێی دەپرسێت، نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تواناتی خستووەتە ژێر گومانەوە. بایدن لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو دیبەیتە "تەنیا ئەڵقەیەکی خراپ بوو" لە زنجیرەیەک دیبەیتی دیکە. باس لەوەش دەکات، هیچ نەخۆشییەکی جیددی نییە و تەنیا ئەو شەوە هیلاک بووە. 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024ی ئەمریکا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو. جۆ بایدن لەو شەوەدا ئاستێکی کارەساتباری پێشکێشکرد و زۆرینەی وەڵامەکانی ناڕوون یان هەڵەبوون. لە دوای دیبەیتەکە راپرسی جۆراوجۆر لە ئەمریکا کرا و زۆربەی راپرسییەکان ئەوەیان نیشانداوە بایدن کەڵکی ئەوەی نییە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەس بەهۆی زۆری تەمەنی و تێکچوونی دۆخی هزر و بیرکردنەوەی. لە راپرسییەکدا ئەوە دەرکەوتووە، 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وابووە دۆناڵد ترەمپ دیبەیتەکەی بردووەتەوە و راپرسییەکی دیکەش کە لە ناو دیموکراتەکان کراوە دەڵێت، 1 لە هەر 3 دیموکراتێک لای وایە جۆ بایدن پێویستە وازبهێنێت.