هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جۆ بایدن بە سپۆنسەرانی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەڵێت، "راستە من شەوێکی باشم بەڕێ نەکرد [لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ]، بەڵام ترەمپیش خراپ بوو". بەڵێنیشیان پێدەدات، "ئەم هەڵبژاردنە دەبەینەوە". رۆژی یەکشەممە 30-6-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە ژمارەیەک رێوڕەسمی کۆمەک کۆکردنەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژردنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کرد. لە تەواوی ئەو سەردانیانەدا بایدن هەوڵیداوە پارێزگاری لە خراپی وەڵامەکانی لە دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات. لەو دیبەیتەدا بایدن چەندین جار قسەکانی بیرچووەوە و چەندین هەڵەی کرد کە دەنگدانەوەی زۆری لە ئەمریکا و جیهان هەبوو. نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ژنە سیاسەتڤانی دیموکراتی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی بایدنەوە گوتوویەتی، "بایدن باش نەبوو". کەیت بێدینگفیڵد، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەکانی بایدنیش لەبارەی دیبەیتەکەوە گوتوویەتی، "بە تەواوی بێ ئومێدکەر بوو". بایدن دەڵێت، تێدەگات لە نیگەرانییەکانی دوای دیبەیتەکە، بەڵام بەڵێنیش دەدات باشتر بێت. بەرپرسانی کامپەینەکەی جۆ بایدنیش دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو سەرۆکە 81 ساڵەی ئەمریکا لە دیبەیتەکەیدا باش نەبووە، بەڵام دەشڵێن رێگە نادەن بەربژێرێکی دیکە لە جیاتی جۆ بایدن دابنرێت. باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، "دیبەیتی خراپیش دەبێت". دەشڵێت، "هێشتا ئەم هەڵبژاردنە لە نێوان کەسێکدایە کە هەموو تەمەنی بۆ خەڵکی ئاسایی تەرخانکردووە و کەسێکی دیکە کە تەنیا خۆی بەلاوە گرنگە". هەر دوای چەند کاتژمێرێک لە دیبەیتەکە، بینەرانی رایانگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد. لە راپرسییەکدا کە لەلایەن وێبسایتی دەیتا فۆر پرۆگرێسەوە راگەیێنراوە دەڵێت، 62٪ی بینەرانی دیبەیتەکە لایان وایە ترەمپ براوە بووە و تەنیا 30٪یان دەڵێن بایدن بردوێتییەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ دەنگدەرانی فەرەنسا روویان لە بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی وڵاتەکە کرد. بە گوێرەی راپرسییەکان پارتە راستڕۆکان پێشەنگن و لەم هەڵبژاردنەدا حکومەتی فەرەنسا دەگۆڕدرێت. لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە فەرەنسا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی پارتی راستڕۆکانی فەرەنسا بردنەوەیەکی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا تۆمارکرد. ئەگەر پارتی راستڕۆکان بیبەنەوە، ئەمە جاری یەکەم دەبێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەسەڵاتی راستڕۆ فەرەنسا بەڕێوەببات. بنکەکانی دەنگدان کاتژمێر 7ی بەیانی بە کاتی هەولێر کرانەوە و لە شارە گەورەکان تاوەکو کاتژمێر 7ی ئێوارە کۆتایی دێت، لە شارۆچکە و شارە بچوکەکانیش کاتژمێر 4ی دوانیوەۆ کۆتایی دێت. "هەڵبژاردنەکە چۆن کاردەکات" هاووڵاتیان لە هەلبژاردنەکەدا 577 کورسی پەرلەمان هەڵدەبژێرن، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا تەواوی پارتەکان بەشداری دەکەن. هەر ئەمشەو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە وردی ژمارەی کورسییەکان دیاری ناکرێت. دوو شت ئەگەری روودانیان هەیە، یەکەم ئەوەیە یەکێک لە پارتەکان راستەوخۆ لە گەڕی یەکەمدا 50 کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە کە پێویستە زیاتر لە 289 کورسی بێت، یان هەڵبژاردنەکە دەچێتە گەڕی دووەم؛ گەڕی دووەم 7ی تەمموزی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنەکە دابەشکراوە بەسەر ژمارەیەک بازنەدا لە تەواوی فەرەنسا. هەریەک لە پارتەکان لەو بازنانەدا بەربژێریان هەیە. لە هەریەک لەو بازنانەدا بۆ ئەوەی بەربژێرێک بتوانێت بگاتە پەرلەمانی فەرەنسا، پێویستە راستەوخۆ لە گەڕی یەکەمدا 50٪ی دەنگەکان بەدەستبێنێت. ئەگەر کەس نەیتوانی ئەو رێژەی دەنگە لە بازنەکەی خۆیدا بەدەستبێنێت، ئەوا دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و هەر بەربژێرێکی دیکە کە 12.5٪ یان زیاتری دەنگی ئەو بازنەیەی بەدەستهێنابێت، دەچنە گەڕی دووەم. کێ دەیباتەوە؟ بە گوێرەی راپرسییەکان ئێستا دابەشبوونی دەنگی گەلی فەرەنسا بەسەر پارتەکاندا بەم جۆرەیە. پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕۆی دژە کۆچبەر بە سەرۆکایەتی مارین لوپین لە پلەی یەکەمدایە و 36٪ی دەنگەکان دەباتەوە؛ هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەل بە سەرۆکایەتی ژان لوک میلانشۆن 28٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و پارتی ئینسۆمبل کە پارتی دەسەڵاتە و میانڕۆیە بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن 20٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. نزیکەی 48 ملیۆن هاووڵاتی فەرەنسی کە مافی دەنگدانیان هەیە بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن. تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە ریکۆردی مێژوویی تۆمارکردووە. بەرنامەی پارتە پێشەنگەکان چین؟ مارین لوپێن، سەرۆکی بەرەی نیشتمانی دەڵێت، ئەگەر بەربژێرەکەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا سیستمێکی دژە کۆچبەری پەیڕەو دەکات و ئابووری فەرەنسا دەبووژێنێتەوە. وا باس دەکرێت ئاڕاستەی دیپلۆماسی و سەربازی فەرەنساش بە رووی جەنگی ئۆکراینادا بگۆڕێت. هەفتەی رابردوو رایگەیاند، رێگە نادات ئیمانوێل ماکرۆن سەربازی فەرەنسا بۆ ئۆکراینا بنێرێت. ژان میلانشۆن، سەرۆکی هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەل یەکێک لە نەیار و رکابەرە سەرسەختەکانی ماکرۆنە و بە دژە ناتۆ ناسراوە. پێشبینی دەکرێت ئەگەر ئەویش بیباتەوە ئاڕاستەی سیاسی و سەربازی فەرەنسا بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت. ئەم هەڵبژاردنە هیچ پەیوەندییەکی بە پۆستی سەرۆکایەتی فەرەنساوە نییە؛ واتە ئیمانوێل ماکرۆن بە شێوەیەکی ئاسایی تاوەکو ساڵی 2027 سەرۆکی فەرەنسایە و دەسەڵاتە یەکلاییکەرەوەکان لە ژێر دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەرۆکوەزیران دیاری بکات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر بڕیارەکانی ماکرۆن دروست بکەن لە رێگەی پەرلەمان و شەقامی فەرەنساوە.

  هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆی ریدینگ لە بەریتانیا بە ژیریی دەستکرد وەڵامی تاقیکردنەوەکەیان بۆ مامۆستا دەنێرن. هەرچەندە زۆر بە وردی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیان کراوە، بەڵام نەیانزانیوە ژیریی دەستکردە و لە خوێندکارەکانی دیکە باشتر وەڵامیان داوەتەوە. ئەو خوێندکارانە کارەکەیان وەک لێکۆڵینەوە کردووە لە تاقیکردنەوەیەکی ئۆنڵاین. ویستویانە بزانن ئایا مرۆڤ لە توانایدا هەیە وەڵامی ژیریی دەستکرد لە وەڵامەکانی دیکە جیابکاتەوە. وەڵامەکان بە چات جی پی تی 4 ئامادەکراون. ئەو پرۆفیسۆرانەی بە وەڵامەکاندا چوونەتەوە، توانیویانە لەو 33 وەڵامەی بۆیان چووە، تەنیا یەک دانەیان جیابکەنەوە و 32 وەڵامەکەی دیکە لە خوێندکارە ئاساییەکان نمرەی زیاتریان هێناوە. ئەنجامدەرانی تاقیکردنەوەکە دەڵێن، دۆزینەوەکەیان ئەوە دەردەخات، ئێستا ژیریی دەستکرد دەتوانێت پێداچوونەوەی "تورینگ" بەلاڕێدا ببات. ئەو پێداچوونەوەیە لەلایەن کەسانی زۆر شارەزا و پڕ ئەزموونەوە دەکرێت. باس لەوەش دەکەن، دوای ئەم لێکۆڵینەوەیە دەبێت وریایانەتر بە پێشنیازی خوێندکاراندا بۆ وەرگیرانیان لە زانکۆکان بچنەوە. دەشڵێن، ئاگادار نەبین ژیریی دەستکرد دادوەری نێوان خوێندکاران لە سیستمی خوێندندا دەشێوێنێت. ئێستا لە زۆربەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان تاقیکردنەوەی ئۆنڵاین لە رێگەی ناردنی وەڵامەکان بۆ پرۆفێسۆرەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێت. لێکۆڵەرەکان دەڵێن، مەرج نییە بگەڕێینەوە سەر وەڵامدانەوەی دەستنووس، بەڵام دەبێت سیستمی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیش بتوانن لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە زۆرەی ژیریی دەستکرددا خۆیان بگونجێنن.

هەوراز حوسێن  هاوڵاتی، سلێمانی    بەشێکی زۆر لەو دەنگدەرانەی ئەمریکا کە نەیاندەتوانی یەکلابنەوە دەنگ بە جۆ بایدن یان دۆناڵد ترەمپ دەدەن دەڵێن، بە دڵنیاییەوە دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن. ئەوەش دوای دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان ئەو دوو بەربژێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وایە ترەمپ بردوویەتییەوە.  ئاژانسی رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەندێک لە دەنگدەرانی ئەمریکا کردووە کە نیازیان وابووە دوای دیبەیتەکە خۆیان یەکلاییکەنەوە. 76٪ی ئەو دەنگدەرانە باسیان لەوەکردووە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە تەمەنی 81 ساڵە لە دیبەیتەکەدا "لاواز و شەرمەزارکەر بووە و سەخت بووە تەماشای بکەن".  جینا گانۆن، ژنێکی تەمەن 65 ساڵی دانیشتووی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکایە، لە 2020دا دەنگی بۆ جۆ بایدن داوە و دەڵێت، "جۆ بایدن زۆر لاواز دەرکەوتووە و هەر لە سەرەتاوە شڵەژاوە. نیگەرانی من ئەوەیە دوژمنە جیهانییەکانمان جۆ بایدن بەم جۆرە ببینن". دواتر دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە دەنگ بۆ دۆناڵد ترەمپ دەدەم".  هەرچەندە لە پێشووتردا دیبەیتی سەرۆکایەتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەنگدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەبووە، بەڵام ئەم جارە بایدن و ترەمپ رێژەی دەنگەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکە و پێویستیان بەوەیە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا پشت بەو دانیشتووانە ببەستن کە خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.    لە دیبەیتەکەدا بایدن بە بەرچاوی جیهانەوە قسەی زۆری هەڵە دەکرد و دۆناڵد ترەمپیش زۆر هێرشی کردە سەری لەسەر ئەو هەڵە قسەکردنانە. لە شوێنێکدا کاتێک پێشکەشکاری دیبەیتەکە داوا لە ترەمپ دەکات وەڵامی بایدن بداتەوە، ترەمپ دەڵێت، "تێنەگەیشتم گوتی چی لە قسەکەی کۆتاییدا، پێم وانییە خۆشی تێگەیشتبێت چی گوتووە". ئەوەش دوای ئەوەی بایدن قسەکانی بیرچووەوە و نەیزانی باسی چی دەکات.    20٪ی دەنگدەرانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە کام بەربژێری سەرۆکایەتی دەدەن. ئەوەی جۆ بایدنی زیاتر لاوازکردووە تەمەنەکەیەتی.    لە شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن بەهۆی دووچاری لەبیرچوونەوەی بیرەوەرییەکانی بووە.    گۆڤاری سی ئێن ئێنی ئەمریکا راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، پێش دیبەیتەکە 55٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر دەبێت و 45٪ پێیان وابووە بایدن باشتر دەبێت. بەڵام دوای دیبەیتەکە 67٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر بوو و 33٪ لایان وابووە بایدن باشتربووە.    هەر بە گوێرەی سی ئێن ئێن، 48٪ی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگ بۆ ترەمپ دەدەن و 40٪یان دەنگ بۆ بایدن دەدەن، 2٪یان نازانن دەنگ بۆ کامیان دەدەن و 11٪ دەڵێن نایانەوێ دەنگ بە هیچیان بدەن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی زانایان لاشەی بەستووی گورگێکیان لە سبیریا دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 44 هەزار ساڵە. گورگەکە لە زانکۆی فیدراڵی باکووری رۆژهەڵات لە شاری ئاکوتسکی رووسیا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. گورگەکە لە ساڵی 2021دا لە لایەن دانیشتوویەکی یاکوتیاوە دۆزراوەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەدا بەردەوام زەوییەکە بەستوویەتی، بەڵام ئێستا بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە لە چەند ناوچەیەک بەفر دەتوێتەوە. بەهۆی بەستووییەوە، گورگەکە شێوەی خۆی لەدەست نەداوە و ئەندامەکانی جەستەی و شێوەی گشتیی لاشەکەی و مووەکەی گیانی بە تەواوی ماونەتەوە. زاناکان هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێگەی ئەو گورگەوە لە سیستمی خۆراکیی سروشت تێبگەن لەو ماوەیەدا. هەروەها دەیانەوێت ڤایرۆس و بەکتریای نوێ لە جەستەی گورگەکەدا بدۆزنەوە، ئەوەش چونکە بەشێک لە بەکتریا و ڤایرۆس بۆ هەزاران ساڵ لە کەشی سارددا دەژین. رۆبێرت لۆزی، لێکۆڵەری ئاژەڵ و مرۆڤی دێرین لە زانکۆی ئەلبێرتا کە بەشێک لە تاقیکردنەوەکە پێکدەهێنێت لەبارەی گورگەکەوە دەڵێت، "بەڕاستی جێگەی شۆکە". ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەمە تەنیا ئاژەڵی چاخی پلایستۆسینە کە دۆزرابێتەوە". لە دوای لێکۆڵینەوە لە ددانێکی گورگەکە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە گورگەکە نێر بووە و تەمەنی گەورە بووە کە لە ناوچەیەکی سارد و تەختدا راویکردووە. هەروەها لەوانەیە پاشماوەی بەشێک لەو ئاژڵانەی گورگەکە خواردوونی لە نێوان ددانەکانی و گەدەیدا مابێتەوە، بۆیە دەتوانن لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەوانیش بکەن. زاناکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەر هەر کامێک لەو زیندەوەرە بچووکانەی لە لاشەی گورگەکە دەدۆزرێنەوە نوێ بن بۆ زانست، دەکرێت لە داهاتوودا دۆزینەوەی نوێ لە زانستی پزیشکیدا بەرهەمبێنن. 13:41                  

هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا دەکەن جیهان بە زووترین کات ئەو "برسیکردنە بە ئەنقەستەی" سوودا بووەستێنن. باس لەوە دەکەن برسێتییەکی کارەساتبار رووی لە سوودان کردووە 40 ساڵە نەبینراوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، 755 هەزار کەس لە سوودان لەسەر لێواری لە برسا مردندان و رێکخراوی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو دەڵێت، 26 ملیۆن کەس بە سەختی دووچاری بۆ خۆراکی بوونەتەوە. بارێت ئەلیکساندەر، سەرۆکی بەرنامەی سەربازانی بەزەیی لە سوودان دەڵێت، هێشتا ئەو ئامارە کەمە و چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی راوەدوونانی جوتیارانەوە لەلایەن هێزە چەکدارییەکانەوە لە ناوچە کشتووکاڵییەکان، برسێتی زیاتر ببێت. ئیعتیزاز یوسف، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە سوودان خەڵک دەستیان بە خواردنی گیا کردووە و بە زووترین کات دەبینین کە خەڵک لە برسا دەمرن. نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کردووە 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار هاریکاریی مرۆیی بگەیێنرێتە دەست خەڵکی سوودان، بەڵام تاوەکو ئێستا 17٪ی ئەو بڕە دراوە. شەڕی ناوخۆی سوودان هێشتا بەردەوامە و وڵاتەکانی دراوسێی بەوە تۆمەتباردەکرێن کە بە پێدانی جەنگ بە هێزە چەکدارییەکان ئاگر بە شەڕەکەدا دەکەن. ئیمارات چەک دەدات بە هێزی پشتیوانی خێرا، بەرامبەر ئەوەی لە یەمەن هاریکاریی ئەبو زەبی دەکات.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی رایگەیاند، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل نایەوێت شەڕ دژی حیزبوڵا لە لوبنان بکات، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ شەڕ. یوئاڤ گالانت لە سەردانەکەی دوێنێیدا بۆ لای هێزەکانی نزیک سنووری باکووری ئیسرائیل و لوبنان رایگەیاند، "ئێمە کار لەسەر چارەیەکی سیاسی دەکەین ، ئەمە هەمیشە باشترین بژاردەیە، ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام ئامادەین بۆ شەڕ". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەگەر حیزبوڵا شەڕ هەڵبژێرێت، ئێمە دەزانین چی دەکەین، ئەگەر ئەوان ئاشتی هەڵبژێرن، ئێمە وەڵامی گونجاو دەدەینەوە". لە سەرەتای شەڕی غەززەوە ڕۆژانە پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا لە سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان ڕوودەدات. نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، هۆشداریی دا کە ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژیی سەربازی بەرفراوان دەست پێ بکات، ئەمە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی وێرانکەر.

هاوڵاتی بەپێی راپرسیەکی ئەوانەی بینەری دیبەیەتەکەبوون دەڵێن، " ترەمپ باشتر بووە لە بایدن". بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دیبەیتی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەڕێوەچوو، دیبەیتەکە لە ستۆدیۆی کەناڵی CNN بەڕێوەچوو، 90 خولەکی خایاند. دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە کەناڵی CNN راپرسیەکی دانا بۆ وەرگرتنی رای ئەوانەی دیبەیتەکەیان بینیوە لە راپرسییەکدا 67٪ی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگیان بە سەرکەوتنی ترەمپ داوە و ٪33 یش گوتوویانە بایدن باشتر بووە.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ناسا کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسکی راسپاردووە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لەناوبەرێت. ئەمە لەکاتێکدایە وردە وردە تەمەنی ئەو وێستگەیە بەرەو کۆتا دەچێت. کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایەگەیاندووە، کە ئامێرێک دروست دەکات توانای هەیە وێستگە ئاسمانییەکە کە کێشی 480 تۆنە بەربداتەوە ناو زەریای هێمن. رۆژی چوارشەممە 26ی ئەم مانگە ناسا رایگەیاند، بە بڕی 843 ملیۆن دۆلار رێککەوتنێکیان لەگەڵ سپەیس ئێکس بۆ ئەو مەبەستە کردووە. وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 1998 دەست بە ناردنی بۆ بۆشایی ئاسمان کرا و لە ساڵی 2000 کارەکانی تەواوبوو. هەموو 90 خولەک جارێک لە بەرزی 400 کیلۆمەتر لە ئاستی دەریاوە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە. لەو کاتەوە هەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان بەردەوام مرۆڤی تێدا نیشتەجێبووە و بووەتە لانکەی هەزاران لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی نوێ. هەرچەندە بەهۆی زیادبوونی تەمەنییەوە بەبێ کاری مرۆڤیش بەردەبێتەوە سەر زەوی، بەڵام ئەوە مەترسی گەورە دروست دەکات بەتایبەت ئەگەر بە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی مرۆڤدا بدات. ناسا تاوەکو ئێستا چەندین رێگەی بۆ لەناوبردنی وێستگە ئاسمانییە پیرەکە لێکداوەتەوە، بەڵام هیچیان سەری نەگرتووە. لەم دواییەدا بڕیاری داوە بیداتە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسک.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی مارین لوپێن دەڵێت، ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانی وڵاتەکە لە هەڵبژاردنی کۆتایی ئەم مانگەدا بباتەوە، رێگە بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا نادات چەکداری فەرەنسا بۆ ئۆکراینا بنێرێت. رۆژی پێنجشەممە 27-6-2024، مارین لوپێن، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی دەڵێت، "سەرۆکی هێزە چەکدارەکان پۆستێکی رەمزییە بۆ سەرۆکی فەرەنسا، ئەوە سەرۆکوەزیرانە کە توانای کۆنترۆڵکردنی هەیە". ئەمە لە کاتێکدایە دواین راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتەکەی لوپێن دەتوانێت 36٪ی دەنگەکانی فەرەنسا بباتەوە. پارتەکەی ماکرۆن تا ئێستا تەنیا 19.5٪ی دەنگەکانی فەرەنسا دەباتەوە. رۆژی یەکشەممە 30-6-2024، یەکەم گەڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. ئەوەش دوای ئەوە هات ماکرۆن لە سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی دۆڕانی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوروپا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە فەرەنسا کرد. ماکرۆن یەکێک لە بەهێزترین سەرکردە سەربازی  و دیپلۆماسییەکانی ئەوروپایە و لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناشەوە، گەورەترین بەرهەڵستیی رووسیای کردووە و بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە نابێت رووسیا جەنگەکە بباتەوە. لە دواین هەڵوێستیدا ماکرۆن گوتی، "ئەگەر رووسیا بڕیاری دابێت زیاتر بڕوات" ئەویش هێزی سەربازی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت. لوپێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرەنسیدا رایگەیاندووە، ئەگەر جۆردان باردێڵا، بەربژێری جوڵەی نیشتمانی ببێتە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، ئەوا دەسەڵاتی ماکرۆن وەک سەرۆکی فەرەنسا کەمدەبێتەوە. دەڵێت، جۆردان خواستی وانییە دژایەتی ماکرۆن بکات، بەڵام ماکرۆن هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە، چونکە سەرۆک ناتوانێت هێزی سەربازی بنێرێت بۆ ئۆکراینا. ئەگەر بەرەی نیشتمانی بیباتەوە، ماکرۆن ناچاردەبێت بەربژێری سەرۆکوەزیرانە 28 ساڵەکەی پارتەکەی لوپێن هەڵبژێرێت؛ ئەمەش یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2002 کە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە دوو پارتی جیاواز بن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چین لە مەکسیک لقیان کردووەتەوە و دەستیان بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کردووە. دەڵێن دەست بە ناردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمریکا دەکەن، ئەمەش هەڕەشەی گەورەی لەسەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا دروستکردووە بەهۆی کەمی نرخەکانیانەوە. لە ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی نرخی یەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستکراوی ئەو وڵاتە 55 هەزار دۆلاری ئەمریکییە. کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لەو کاتەدا ناتوانن رکابەرییەکە بکەن و ئەگەری هەیە تووشی زیانی کارەساتبار بن. شیرۆد براون، سیناتۆری سەر بە دیموکراتەکانی ئەمریکا لە نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، جار دوای جار چین کەلوپەلی هەرزان کە حکومەتی چین پارەی زیانەکەی دەدات بۆ تێکدانی بازاڕی ئەمریکا دەنێرێت. دەشڵێت، نابێت رێگە بدەین هەمان کار بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا بکات. بە گوێرەی بەرپرسانی دیموکراتی ئەمریکا، چین رێککەوتنی ساڵی 2020ی ئیدارەی ترەمپ و چین بەکاردەهێنێت بۆ تێکدانی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا. رێککەوتنەکە وابوو، چین دەتوانێت ئۆتۆمبێلەکانی لە خاکی ئەمریکا بفرۆشێت بەو مەرجەی لە مەکسیک بیبەستێت. دۆناڵد ترەمپ بە گۆڤاری تایمی گوتووە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، 100٪ی بازرگانیی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چین لە ئەمریکا قەدەخە دەکات، دەشڵێت "رێگە نادەم بازرگانییەکانی دیکەشمان بدزن". بە گوێرەی ماڵپەڕی گلۆبەڵ داتا، چین لە ساڵی 2023دا بە دروستکردنی 10 ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل، 62٪ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهانی دروستکردووە. ئەمریکا بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 1 ملیۆن ئۆتۆمبێل تەنیا 10٪ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهانی دروستکردووە. کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی بی وای دی هەراکەی ناوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاند کارگەیەکی ئۆتۆمبێل لە مەکسیک دەکاتەوە. ئۆتۆمبێلی جۆری سیگوڵی ئەو کۆمپانیایە لە چین تەنیا بە 12 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت و نرخەکەی لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور تەنیا 21 هەزار دۆلارە؛ ئەمە لەکاتێکدایە نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی ئەمریکا بە گشتی لە 55 هەزار دۆلاردایە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی پاش سێ ساڵ و چەندین دانیشتنی دادگە، دواجار دادوەر سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر کەسێک بەناوی ڤیکتۆر میرسکۆی سەپاند، کە سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا کوشت. بەگوێرەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانی ڤیکتەر میرسکۆی بکوژی سێ هاوڵاتییە کوردەکە، کێشەکە لەسەر مانگایەک بووە، کە بکوژ ویستویەتی مانگاکە لەو خێزانە کوردە بکڕێت، بەڵام ئەوان پێیان نەفرۆشتووە و مانگاکەیان سەربڕیوە، بۆیە میرسکۆی لە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە سکاڵا لە دژی یەکێک لە ئەندامانی خێزانە کوردەکە بەناوی گولیستان تۆمارکردووە، بەڵام پۆلیس لایەنی خێزانە کوردەکەی گرتووە. ڤیکتۆر میرسکۆی دوای کوشتنی سێ هاووڵاتییە کوردەکە، هێرش دەکاتە سەر بنکەی پۆلیسی ناوچەکە و کارمەندێکی پۆلیس بریندار دەکات. لە کاتی گەڕانی هێزە ئەمنییەکانی رووسیا بەدوای تۆمەتباردا، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە، دواتر بەبرینداری دەستگیری دەکەن. هەروەها تاوانبار لە بەردەم دادوەر دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و پەشیمان نەبووەتەوە لە کوشتنیان، تەنیا گوتوویەتی، کوشتنی منداڵە تەمەن پێنج ساڵەکە بەڕێکەوت بووە. جێگای ئاماژەیە، شەوی 16 لەسەر 17ی ئەیلوولی 2021 لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا، سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی نیشتەجێی گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا بەناوەکانی گولیستان ئیبراهیمۆڤای تەمەن 59 ساڵ، نادیر تەمەن 19 ساڵ و عەزیزی 5 ساڵان، کە سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵبوون، لە لایەن کەسێکی بەڕەچەڵەک رووس، بەناوی ڤیکتەر میرسکۆی کوژران.  

هاوڵاتی ئەلینا رومانسكی دەڵێت، هەڵبژاردن بۆ چەندین جار دواخرا لەپێناو هەرێمی كوردستان و عێراقێكی دیموكراتی هیوادارین هیچ دواخستنێكی تر روونەدات. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، ئەلینا رومانسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێكس نوسیوویەتی، پێشوازی لە راگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لە 20ی تشرینی یەكەم. ئەوەشی خستۆتەڕوو، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین زامنی پاك و بێگەردی هەڵبژاردن و رۆشنی بكات. ئەلینا رومانسكی ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم دەكەم". دەشڵێت، هەڵبژاردن بۆ چەندین جار دواخرا لەپێناو هەرێمی كوردستان و عێراقێكی دیموكراتی هیوادارین هیچ دواخستنێكی تر روونەدات.

هاوڵاتی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە 2340 دۆلارەوە بۆ 2300 دۆلار دابەزیوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە کەمتر لە 2300 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە 2340 دۆلارەوە بۆ 2300 دۆلار دابەزیوە. ئەمڕۆش لە بازەڕەکاندا بە نزیکەی 2298 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت کە کەمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی پێنجشەممە 27ی ئەم مانگە، کاتژمێر 4:00ی سەر لەبەیانی بەکاتی هەولێر، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی یەک دەبنەوە. دیبەیتەکەیان 90 خولەک دەخایێنێت و بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین دیبەیتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت. ترەمپی تەمەن 78 ساڵ و بایدنی تەمەن 81 ساڵ دووان لە پیرترین بەربژێرانی سەرۆکایەتی ئەمریکان و بایدن پیرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. چاوەڕواندەکرێت لە دیبەیتەکەدا رووبەڕووبوونەوەی قورس و قسەی رەق و نافەرمی زۆر بەکاربێت. دۆناڵد ترەمپ لەو چوار ساڵەی کۆشکی سپی جێهێشتووە، زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر جۆ بایدن. هەردوو بەربژێر بۆ کاتژمێر و نیوێک دیبەیت لەبارەی ئابووری، جەنگ، کۆچ و داهاتووی دیموکراسیی ئەمریکا دەکەن. ئێستا لە راپرسییەکاندا ترەمپ و بایدن بە نزیکەیی وەک یەک وان، یەک هەڵەی بچووک یان دەربڕینێکی ناجۆر دەکرێت کاریگەریی گەورەی لەسەر تێڕوانینی گەلی ئەمریکا بەرامبەر ئەو دوو بەربژێرە هەبێت. دۆناڵد ترەمپ و لایەنگرانی رەخنەی توند لە تەمەنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەگرن و باس لەوە دەکەن بایدن ناتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێرێتەوە بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، ریکۆردەکەی جۆ بایدن وەک پیرترین سەرۆکی ئەمریکا دەشکێنێت. بە گوێرەی راپرسییەکی هاوبەشی نیویۆرک تایمز و سیەنا کۆلێج، 73٪ی دەنگدەرانی ئەمریکا لایان وایە بایدن زۆر پیرە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ تەنیا 3 ساڵ لە بایدن منداڵترە، بەڵام تەنیا 43٪ی دەنگدەران لایان وایە باش نییە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا. مایکرۆفۆنی بەردەم هەریەک لە بەربژێرەکان لە کار دەخرێت ئەگەر نۆرەی خۆیان نەبوو بۆ قسەکردن، هەروەها لە ستۆدیۆکەدا هیچ ئامادەبوویەکی لێ نابێت تاوەکو دەنگە دەنگ و هەرا و هوریا بکەن لە دوای قسەکانی بایدن و ترەمپ. دوایین جار ئەو دوو بەربژێرە لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکدی بووبنەوە 29ی ئەیلوولی 2020 بوو لە شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنیسی.