کاردانەوەی عێراق، سعودیە و قەتەر لەبارەی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا

3 ڕۆژ لەمەوپێش
دوای کۆبوونەوەی نێوان هەریەک لە شاندی دانووستاندنکاری ئەمریکا و ئێران لە عومان، ژمارەیەک وڵات لە نێوانیاندا عێراق، هەڵوێستیان بەرامبەر کۆبوونەوە و گفتوگۆکان دەربڕی و بە " ئەرێنی" وەسفی دەکەن.
ڕۆژی شەممە 12ـی 4ـی 2025، گەڕی یەکەمی دانووستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری بەرپرسانی عومان سەبارەت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە شانشینی عومان بەڕێوەچوو. هاوکات بڕیارە هەفتەی داهاتووش گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان دەستپێبکاتەوە.
کاردانەوەی چەند وڵاتێک لەبارەی گفتوگۆکان:
سعودیە: لە بەیاننامەیەکدا دانووستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و هیوای خواست کە نێوانی ئەمریکا و ئێران بە ئاشتی کۆتایی بێت. ئەم دانووستاندنە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاشتی لە ناوچەکە. هاوکات سوپاسی شانشینی عومانی کرد بۆ میوانداریی هەردوو وڵات بۆ دانووستاندن.
عێراق: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: گفتوگۆکانی گەڕی یەکەمی دانووستاندنەکانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و گوتی: دانووستاندن باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پتەوکردنی سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هیوادارین ئەم دانووستاندنە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و بونیادنانی متمانه لەنێوان هەردوولادا ڕەنگاندانەوەی هەبێت.
قەتەر: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ستایشی ڕۆڵی ناوبژیوانی و بونیادنەرانەی عومانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، هەروەها ڕاشیگەیاند کە پشتیووانی تەواوی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەکات وەک ڕێگایەکی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و ڕایگەیاند: تا کۆتایی گەڕی دووەم هیچ لەبارەیەوە ناڵێم.
