عێراق لێکۆڵینەوە لەگەڵ 1387 داعش دەکات کە لە سووریاوە گوێزراونەتەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دادگەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە 1387 داعش کرد کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و عێراق وەریگرتوون.
رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستپێکردنی ئەو لێکۆڵینەوانەی راگەیاند.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوە داوە، ئەو داعشانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوانەن بەم دواییانە لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق.
بەهۆی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە، بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بڕیاردرا ئەو داعشانەی نێو گرتووخانەکان بگوێزرێنەوە بۆ عێراق کە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان لەلایەن ژمارەیەک دادوەری تایبەتمەند لە بواری بنبڕکردنی تیرۆر دەکرێن و ئەو رێکارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقە بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەوانەی لە تاوانەکانی داعشەوە گلاون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی دەگوازرێنەوە بۆ عێراق بگاتە زیاتر لە 7000 کەس و ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، بەڵگە و بەڵگەنامە دەداتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ لێکۆڵینەوە لەو داعشانەی پێشتر گیراون.
