داواکارییەکانی ئێران و ئەمریکا لەیەکتریی چیە؟

3 ڕۆژ لەمەوپێش
بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تا ئێستا سێ خولی دانوستانی فەرمی لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە.
هەرچەندە هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی ناوەڕۆکی نامەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام لە لێدوانی بەرپرسانی ئێران، رووسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک سەرچاوەی راگەیاندن دەردەکەوێت کە نامەکە "سێ داواکاری تایبەت"ی ئەمریکای بۆ ئێران تێدابووە. ئەم داواکاریانە بریتین لە:
داواکارییەکانی ئەمریکا لە ئێران
1- هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
2- وەستاندنی تەواو و پشتڕاستکردنەوەی سیاسەتی پاڵپشتیکردنی گروپە بە وەکالەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان.
3- سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانای چاودێریکردنی ئەو بەرنامانە.
ئارگومێنتی ترەمپ بۆ کشانەوەی لە رێکەوتنی ئەتۆمی و دژایەتیکردنی ئێران ئەوە بوو، کە مەحاڵە بگەینە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ئەوەی بابەتی مووشەکی لە رێککەوتنەکەدا نەخرێتە نێو رێککەوتنەکەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جۆن کێری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە بۆ واژووکردنی رێکەوتنەکە فێڵی لێکراوە.
ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا ئەگەر ئەم داواکاریانە جێبەجێ بکرێن، رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات و بە پێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی دەبێت چاوەڕێی "بۆردومان" بکات.
داواکارییەکانی ئێران لە ئەمریکا
ئێران بەردەوام باسی لەوە کردووە پەیوەندییەکی دوورودرێژیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە مێژووەکەی پڕه له رووداو و هەڵوێستی زۆر خراپ و نەرێنی، تا رادەی دوژمنایەتی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران له لایەن ئەمریکاوه، هەر بۆیە بێ متمانەییەکی زۆر دروستبووە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکەن.
وەزیری دەرەوی ئێران باسی لەوە کردووە، "ئیدارەی پێشووی ئەمریکا نەک هەر هەڵوێستی باشی بەرامبەر ئێران نەبوو، بەڵکو هەڵوێستی زۆر دوژمنکارانەی هەبوو، سیاسەتی گوشار بۆ سەر ئێران و سزا توندەکانی دژی ئێران لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکادا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد"
عەباس عەراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لەسەر بنەمای هەڵوێستەکانی ئەمریکا بڕیار دەدەن و بەو پێیە هەڵوێستەکانی خۆیان هەماهەنگ دەکەن.
ئێران چەندین داواکاری گرنگی هەیە کە سوورە لەسەری و بەردەوام جەختی لەوە کردووتەوە کە دەبێت ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەم خاڵانە رەچاو بکات:
1-ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەتوانێت یەکێک لە هەنگاوە یەکەمەکانی ئەمریکا بێت
2- زیندووکردنەوەی ئەو رێکەوتنەی ترەمپ لێی کشایەوە
3-دانوستانەکان تەنها لە سەر پرسە ئەتۆمییەکان سنووردار بکرێت
4- لابردنی سزاکانی سەر ئێران بە تایبەتی ئەو سزایانەی لەسەر کەرتی وزە و نەوتی ئێران سەپێندراون
