هاوڵاتی هاوڵاتی باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیاز منصور ئیدانەی ئیسرائیلی کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشە کوشندەکەی نەخۆشخانەی العەرەبی لە غەززە و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهوی بە " درۆزن " ناوبرد بەوەی کە جیهادی ئیسلامی تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا خۆیان هێرشەکەیان ئەنجام داوە. نوێنەری فەڵەستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک لە بارەی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لایەن گروپێکی جیهادی ئیسلامییەوە ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەوە بوون  بەڵگەیان هەیە کە  پۆستێکی سڕاوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسە ( تویتەر) کە لە لایەن وتەبێژی ناتانیاهۆوە بڵاوکراوەتەوەو دواتر سڕاوەتەوە . ئەو باڵیۆزە دەڵێت، لە پۆستە سڕاوەکەی وتەبێژی سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆدا هاتووە کە ئەوان ئەنجامدەری هێرشە موشەکییەکەن بەهۆی ئەوەی بڕوایان وابووە کە بنکەیەکی گروپی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەکە بووە. ڕیاز منصور ناتانیاهۆی بە درۆزن ناوبرد و ڕایگەیاند کۆپییەکیان لە تویتەکە وەک بڵگە لەبەردەستدایە . لەدرێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت  وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند، " نەخۆشخانەکان چۆڵبکەن چوونکە نەخۆشخانەکان ئامانجن". وتیشی ، هەفتەی ڕابردووش نەخۆشخانەیەکیان کردۆتە ئامانج.   هاوکات لە وەڵامی ئەمانەدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ وتی، ئەو گوتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە کەرتی غەززە کردووە، "هەڵە و بێ بنەمان." دانیاڵ هەگاری وتیشی، لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشەکەی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 450 مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی کە بۆیان تەقێندراون، ئەوەی رۆژی سێشەممە 17-10-2023یش لە کەرتی غەززە روویدا یەکێک لەو نموونانە بووە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوبارەوە گوتی، ئەو مووشەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هەموو خەڵکە لەپشت نەخۆشخانەکەوە تەقێندرابوو و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەیە کە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لەنێوان خۆیاندا هەیانبووە و باسیان لە شکستهێنانی تەقاندنی مووشەکەکەیان کردووە.

هاوڵاتی سەرۆکی میسر بانگهێشتی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌ رۆژی شەممەی داهاتو لە قاهیرە و بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دۆخی فەڵەستین. نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، سه‌رۆك وه‌زیران بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێگەیشتوە بۆ بەشداریکردن لە "لوتکەی بەپەلە" کە ڕۆژی شەممە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت. هەروەها نوسینگه‌ی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆبونەوە و بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامی سەرکردەکان بۆ بانگەوازەکەی سیسی رەنگدانەوەی متمانەیەکی زۆرە بە سەرکردایەتییەکەی و رۆڵی دیار و بەرچاوی میسر لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی". بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ بانگێشتنامەی کۆبوونەوەکە بە هەریەک لە تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا گەیشتووە ، هاوکات به‌گوێری ماڵپه‌ڕی روسیا توده‌ی کۆبونەوەکە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت لە (21ی 10ی 2023)دا بۆ تاوتوێکردنی پرسی فەڵەستینە. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سەرکردەکانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدارده‌بن، کە تیایدا بابەتگەلێکی گرنگ کە جێگەی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە هەمویان گرنگتر پرسی فەڵەستین تاوتوێ دەکرێن.

هاوڵاتی  مۆسکۆ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی خێزانی ( داعشی )هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی  34 منداڵیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گێڕایەوە. بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی مافەکانی منداڵان،شەوی رابردوو، شەممە فڕۆکەیەک کە 34 منداڵی رووسیای تێدابووە، لە سوریاوە گەیشتووەتەوە رووسیا ولە فڕۆکەخانەی چکالۆڤسکی لە نزیک مۆسکۆ نیشتەوە. لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاش گەیشتنی فڕۆکەکە،ماریا لوڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵان لە رووسیا ڕایگەیاند، کە هەموو منداڵەکان “هەست بە باشی دەکەن” و لە نەخۆشخانەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەنێردرێنەوە بۆ لای کەسوکارەکانیان لە 10 هەرێمی جیای رووسیا. ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن بۆ گەڕانەوەی منداڵان لە سوریا بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی گروپێکی دیکە “بەم زووانە” دەگێڕدرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەڵگەنامە بۆ زیاتر لە 150 منداڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەسەدە و بەڕێوبەرایەتی خۆسەریدا. بەپێی راگەیەندراوەکە، منداڵانی گێڕدراوە پیکدێن لە 23 کوڕ و 11 کچ لە نێوان تەمەنی 4 بۆ 16 ساڵدا. لە ساڵی 2018ەوە رووسیا 513 منداڵی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گێڕاندۆتەوە، لەنێویاندا 382 منداڵیان لە سووریاوە بوون

هاوڵاتی تەنها لە حەوت ڕۆژی یەکەمی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆریان لە لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری ناوچەکە دەمێننەوە. بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جولیەت توما بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە حەوت ڕۆژی یەکەمی شەڕی غەزە ئاوارە بوون و ژمارەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات". ئەوەشی ڕونکردەوە ،" نزیکەی نیو ملیۆن لە دانیشتوانی غەزە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا  لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری ناوچەکە دەمێننەوە و ئاوارەبوون و بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئیسرائیلەوە غەززە " بەرەو وشکبوونەوە" دەچێت و وتیشی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەستیان کردووە بە دابەشکردنی ئاو. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند گروپێکی مرۆیی نێودەوڵەتی  بە توندی ڕەخنەیان لە و داوایەی ئیسرائل گرت کە داوای لە دانیشتوانی غەززە کردووە ناوچەکانیان چۆڵبکەن بەهۆی ئەنجامدانی "ئۆپراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی بۆ سەر ئەو ناوچەیە. بەڕێوبەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " گواستنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوچەیەکی جەنگی چڕدا بۆ شوێنێک کە هیچ خۆراک و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوونی تێدا نییە، کاتێک تەواوی خاکی غەزە گەمارۆدراوە، زۆر مەترسیدارە و مەحاڵە." سوپای ئیسرائیل داوای لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە کردووە ماڵەکانیان چۆڵبکەن و رووبکەن لە باشووری کەرتەکە بۆ ئەمەش دوو رێگەی دیاری کردبوو؛ لە کاتی رۆیشتنی کاروانی خەڵکی  فەلەستین بەرەو باشووری کەرتی غەززە، بە هەمان ئەو دوو رێگەیەی بۆیان دیاریکرابوو،  لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا، بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی فەلەستینیش، لەو بۆردوومانەدا 12 کەس کوژراون کە ژن و منداڵ بوون.  لەبارەی رووداوەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هاتەدەنگ و راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.  کات لە دانیشتوانی غەززە دەڕوات و سوپای ئیسرائیلیش داوایان لێدەکات ناوچەکە چۆڵبکەن و پەنا بۆ باشوری کەرتی غەززە نزیک سنورەکانی میسر ببەن، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە لە بەشی باکوری کەرتەکە دەژین، زۆربەی ئەو دانیشتوانەش لە ناوخۆی کەرتەکەدا ئاوارەبون، زۆربەیان لە مەودایەکی 583 کیلۆمەتر چوارگۆشەیدا جێگیر بون.        

هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەسالی 2020 چەند نهێنییەکی ئاشکرا کرد و دەڵێت، بڕیاربووە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل کارەکە ئەنجام بدەن، بەڵام ئیسرائیل لەدوا خولەکەکاندا کشاوەتەوە کە ئەوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بوو. لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد ئیسرائیل بەشدار نەبوو لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا، بەڵام بێنیامین نێتانیاهۆ دواتر دەویست کەڵک لەو پرۆسەیە وەربگرێت لە بەرژەوەندی خۆیدا و "لام وا نەبوو نێتانیاهۆ بە تەنها جێمان بهێڵێت." بەرەبەیانی 3ی کانونوی دووەمی 2020 ئەمریکا بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کاروانێکی ئۆتۆمبێلی لە فرۆکەخانەی بەغدا بەئامانج گرت کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی پێشووی حەشدی شەعبی کوژران. دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، "ئەزموونێکی خراپم هەیە لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو دەمەی قاسم سلێمانیمان کوشت، ئێمە و ئیسرائیل وەک گرووپێک کارمان ئەکرد. ئێمە ئەمانزانی لەکوێیە. دەمانزانی چۆن خۆی حەشار ئەدات و چی لەبەر ئەکات. دەمانزانی چۆن دێتە ناوەوە. هەموو شتمان ئەزانی و ماوەیەکی زۆر بوو پلانمان هەبوو بۆ کوشتنی." دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی، "هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، نێتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستا و ئەوکاتەی ئیسرائیل، ئێمەی بێ هیوا کرد، بڕیاربوو ئیسرائیل لەگەڵمان بێت بۆ ئەم چالاکییە. هەموو شت رێک خرابوو. چەند مانگ بوو ئیشمان لەسەر ئەکرد و پلانمان بۆی هەبوو، بەڵام شەوی پێش رووداوەکە پەیوەندییەکم پێوە کرا بەوەی ئیسرائیل بەشداری ناکات لەم هێرشەدا." ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا ئیدارەی جۆ بایدن بەتەواوی پشتگیری خۆی دەربڕیووە بۆ ئیسرائیل دژی حەماس و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن ئیسرائیل "هەرچی پێویست بێت" بۆی دەستەبەر دەکەن تا بتوانێت بەسەر حەماسدا سەربکەوێت. دۆناڵدترامپ هەروەها لە قسەکانیدا وتی ، عومران خان، سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی پاکستان دەربارەی کوژرانی قاسم سلێمانی پێی وتووە، ئەمە گەورەترین رووداوە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دۆنالد ترەمپ بە ئاماژە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و وتی،  "ئێوە لە کۆکردنەوەو تاوتوێکردنی زانیارییەکاندا هەڵەتان کردووە. ئەبێ ئەم کێشانەتان چارەسەر بکەن. لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ هێزێکی گەورەدا لە جەنگدان، ئێوە لەگەڵ ئێران شەڕ ئەکەن". ترەمپ  ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی سەرۆکایەتی ئەودا کەس بیری لەوە نەئەکردەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و ئەگەر دەست بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەدەبرا ئەم رووداوە رووی نەئەدا، بەڵام بە هەموو ئەمانەوە "ئەبێ پشتیوانی لە ئیسرائیل بکەین و هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە پشتیوانی کردنی ئیسرائیل."

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دوانزە هاووڵاتی فەرەنسی کوژراون،هەروەها تا ئێستاش ١٧ هاووڵاتیی دیکە بێسەروشوێنن. ئان کلێر لێجێندرێ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتیشی "هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەو 17 هاوڵاتیەوە نییە کە ونبوونیان  جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە"" ئەمەش لەکاتیکدایە، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو کە لەو گەشتانەی پلانی بۆ دانراوە لە ڕۆژانی هەینی و شەممە  بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیە فەڕەنسیەکان  منداڵانی بێ سەپەرشت، ژنانی دوگیان و ئەو کەسانەی خاوەن پیداویستی تایبەتن، هاوکات ئەوانەشی کە حاڵەتی پزیشکی لەناکاویان هەیە لە لیستی یەکەمی ئەو هاوڵاتیانەن کە دەبێت ئیسرائیل بەجێبهێڵن. لە 7ـی ئەم مانگەوە شەڕ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـیان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و لەوکاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هێور بوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە پێنجەم رۆژی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین و ئیسرائیل ئاماری ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاشکراکرد و رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس کوژراون.

هاوڵاتی وتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا رایگەیاندوە، فڕۆکەخانەی هامبۆرگ ئه‌مڕۆ دوشەممە گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت، لەکاتێکدا زانیاری بە پۆلیسی وڵاتەکە گەیشتوە لەبارەی بونی هەڕەشە یان بومب لەناو فڕۆکەیەکدا کە لە تارانەوە هاتوە و 168 سەرنشینی هەڵگرتوە. فڕۆکەخانەی هامبۆرگی ئەڵمانیا له‌ ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، "بەهۆی ڕێوشوێنەکانی پۆلیسەوە هیچ هەڵفڕین و نیشتنەوەیەک رونادات و ته‌واوی گه‌شته‌كان راگیراون". بەگوێرەی لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، "فڕۆکەخانەی هامبۆرگ ئه‌مڕۆ دوشەممە گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت، لەکاتێکدا زانیاری بە پۆلیسی وڵاتەکە گەیشتوە لەبارەی بونی هەڕەشە یان بومب لەناو فڕۆکەیەکدا کە لە تارانەوە هاتوە و 168 سەرنشینی هەڵگرتوە. ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ یه‌كه‌مین رۆژی کۆبونەوەی تایبەتی حکومەتی ئەڵمانیا و فڕەنسا لە هامبۆرگ هات كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فڕه‌نسا ئامادەبون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوت لە سەرەتای بازرگانی ئاسیادا زیاتر لە چوار دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک به‌رزبوه‌وه‌، یەک بەرمیل نەوتی برینت گەیشتە 87 دۆلار و 30سەنت. به‌یانی ئه‌مڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت 2.92 دۆلار کە دەکاتە 3.53% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 87.30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش 2.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوەتەوه‌ و یه‌ك به‌رمیل به‌ 85.71 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت. بەرزبونەوەی نرخی نەوت دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ هەفتەی به‌رهه‌می نه‌وت پاشەکشەی کردوە و گەورەترین دابەزینی هەفتانەی لە دوای مانگی ئادارەوە بەخۆوە بینی، بەهۆی ئەوەی برێنت بە ڕێژەی 11% و نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساس زیاتر لە 8% دابەزیوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە بەرزبونەوەی ڕێژەی سود زیاتربون. هاوكات ئەمڕۆ دووشەممە تا سەعات 8:45 بەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ لەبازاڕو بۆرسەی جیهان بەڕێژەی 1% بەرزبوەوەو ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 1.851دۆلار. 7ی ئه‌م مانگه‌، بزوتنەوەی حەماس فەڵەستین، گەورەترین هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل لە ماوەی دەیان ساڵدا دەستپێکرد و بە سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر غەززە ئەنجامدا.

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کەشتگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات و دەشڵێت، چەک و تەقەمەنی زیاتر دەنێرێت بۆ ئیسرائیل تا بەرگری لەخۆی بکات.  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگی و فرۆکەی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات "بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پێشگرتن لە توندوتیژی" لەسەروبەندی شەڕ و جەنگ لە ئیسرائیل. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەڵێت ئەو کەشتیگەلە بەشێکیان هەڵدەری موشەک و کەشتی بچوکی جەنگی تێکشکێنەرن. جگە لەمەش، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە یەکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکرێت. بەشێکی تر لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناردنی چەک و تەقەمەنی زیاترە و لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئیسرائیل. لەبارەی پاڵپشتییە سەربازییەکانەوە لۆید ئۆستن باسی لەوە کرد، ئەم هەوڵانە "جەختکردنەوەیە" لە پاڵپشتی پتەوی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل. ماوەی دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل دروستبووە دوای ئەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و تێیدا پێنج هەزار موشەکی بۆ نێو وڵاتەکە هەڵدا و لەسەر زەمینیش ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و چەکدارانی چوونە نێو وڵاتەکەوە. تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، 700 کەس لە ئیسرائیل و 413 کەس لە فەڵەستین کوژراون.

هاوڵاتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل وسوورین لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدەین بەوەی بەرگری لە خۆی بکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد، رایگەیاند هەر کەرەستەیەکی سەربازی پێویست بێت دەخرێتە بەردەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر توندووتیژی و تیرۆریزمدا. دوای وتەکانی لۆید ئۆستن، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، "هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین و مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا بەناوی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەیشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. شیکەرەوانی جیهانی و میدیا نیودەوڵەتییەکان ئەمە بە "شکستی هەواڵگری" ئیسرائیل ناودەبەن کە نەیانتوانییوە پێشبینی هێرشیکی فراوانی لەو جۆرە بکەن. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر. وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان چی بوو؟ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ریشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ئۆلاف شۆلتێس، ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانیا، جۆزێپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، ڤلادیمێر زێلنیسکی  سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، لە کەسایەتییە دیارەکانن کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە. جەیمۆز کێلۆرلی کەسایەتی دیاری سیاسی بەریتانیا و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشەی وەک هێرشی گروپێکی تیرۆریستی وەسف کرد نووسی :" هیچ وشەیەکیتر بۆ وەسفی هێرشی دڕندانە یان کردە تیرۆریستیەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنی کەسانی مەدەنی بوونی نییە جگە لەوە بڵێن ئەمە تیرۆریزمە و پێویستە دژی بوەستینەوە." گرووپی چەکداری حەماس، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانیترەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو وەک گرووپ و تاقمی تیرۆریست ناوی هاتووە. جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی، وڵاتەکەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیل  سەرکۆنە ئەکات و پشتیوانی لە ئیسرائیل ئەکات بەوەی بەرگری لە خۆی بکات." کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم ساتەکانەوە لە میدیا سەرەکییەکانی خۆیەوە هەواڵەکەی خوێندەوەو وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی بردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هێرشە دەربڕی.  کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکان ئاگری خۆشی و شادی ئەکەنەوە.  بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە ماڵپەڕە حکومییەکان بڵاو کراونەتەوە ئێوارەی شەممە 7ی تشرینی یەکەم  لە کۆمەڵێک لە شارەکان هێزە حکومییەکان شادی و خۆشیان دەربڕیووە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی حەماس بۆ ئیسرائلی وەک "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سووریا" ناوبرد. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکار و یاریدەدەری باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی ئەم هێرشانەی کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی برد و وتی :" کۆماری ئیسلامی تا ئازادی فەلەستین و قودس وەک پاڵپشتی موجاهیدە فەلەستینییەکان ئەمێنێتەوە." گرووپی حیزبوڵای لوبنان، کە یەکێکە لەو گرووپانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت، پشتیوانی لە هێرشەکانی حەماس کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی لێبرد و ئامادەیی خۆی بۆهاوکاری حەماس نیشاندا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیلی بە بەپرسی هێرشەکانی حەماس بۆسەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکان ناوبرد. لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەراگەیاندراوێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندووتیژییەکان دەربڕی، ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و هێرشی حەماسی بە دەرئەنجامی هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندووتیژییەکانی نێوان "ژمارەیەک لە هێزە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بوو". وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و توندووتیژییەکان بوو. عەممان لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بوو. تالیبان لەئەفغانستان جۆری دەربڕینی هەڵوێستەکانیان نزیکبوو لەهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خۆیان لە حەماس دەربڕی و هێرشی حەماسیان بەرز نرخاند بۆ ئازادکردنی قودس. ناتانیاهۆ: لە جەنگداین چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی و زەمینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆخی کتوپڕی راگەیاند و وتی کە وڵاتەکەی لە جەنگدایە. بێنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێ هێزەکانی "دوژمن" لە باشوری ئیسرائیل بسڕێتەوەو ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "دژومن باجێکی قورس بەخۆیەوە دەبینێت کە هەرگیز پێشتر نەیدیووە." سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامی خۆیان بپارێزن بە مەبەستی سەرکەوتن لەم جەنگە یەکدەنگ بن. هاوکات وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانم داوە بەوەی کارەبای کەرتی غەزە بپچڕێت و بە پێی ئەم فەرمانە کارەبای ٨٠٪ غەزە دەپچڕێت. ئۆپەراسیۆنی " شمشێری ئاسنین" شمشێری ئاسنین، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس، بۆ هێرشەکانی خۆی هەڵیبژاردووە. بە پێی زانیارییەکان دەستبەجێ ئیسرائیل دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. بینایەکی ١١ نهۆمی لە غەزە کرایە ئامانج کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەماس لەوێ بوون و وێستگەی رادیۆیی حەماس لەوێ جێگیرکرابوو. هاوڵاتییەکی خەڵکی غەزە بە بی بی سی فارسی وتووە:" ئەمانزانی تۆڵە ئەکرێتەوە، ئێمە ئەم بەیانییە بە دەنگی تەقە خەبەرمان بوەوە. ئەم پیاوە ٦٠ ساڵە وتوویەتی لایەنگری هیچ جۆرە توندووتیژییەک نییە بەڵام ئەزانێت نە حەماس و نە ئیسرائیل، هیچکامیان هێرشەکانیان راناگرن

هاوڵاتی  جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا جەختی کردەوە لە پشتیگیری تەواوەتی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل و رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکات." جۆو بایدن لە کۆشکی سپی سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس وتارێکیدا و رایگەیاند، پشتگیری ئەمریکا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل "نەگۆڕ و پتەوە، هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین." سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئیدارەکەی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە گفتوگۆدان تا دڵنیا ببنەوە لەوەی "ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل نەکرد بۆ سەر کەرتی غەززە.  بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەکایشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.  دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر.

هاوڵاتی  عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی کۆبۆوە و لەم دانیشتنەدا جارێکیتر باسی لە نەمانی ئیسرائیل کرد و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل بە "قومارێک" ناوبرد کە دۆڕانی لە دواوە دێت. ئەم وتانەی رابەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو وەزیری ئیسرائیلی سەردانی سعودیەیان کردوەو ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیسرائیل ئاسایی بێتەوە. رێبەری کۆماری ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی بەشی زۆری قسەکانی خۆی بۆ قسەکردن لەسەر ئیسرائیل تەرخانکرد و وتی، "کۆماری ئیسلامی بە دڵنیاییەوە لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەو وڵاتانەی کە قوماری ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئەکەن، دەدۆڕێن و لە هەڵەدان. بە وتەی ئەورووپییەکان لەسەر ئەسپی دۆڕاو گرەو دەکەن." عەلی خامنەیی لە قسەکانیدا باسی لە بزووتنەوەی دژە ئیسرائیل لە فەلەستین کرد و وتی، " بزوتنەوەی فەلەستین لە هەموو کات زیندووترە. دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خومەینی ئیسرائیلی بە شێرپەنجەیەک ناوبردووە کە بە دەستی هێزە فەلەستینییەکان و بەرەی بەرگری لە ناوچەکە لەناو دەبرێت." کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنییەوە دروشمی نەمان بۆ ئیسرائیلی هەڵگرتووەو بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی حیزبە دژە ئیسرائیلییەکانی لوبنان و فەلەستین ئەکات. ئیسرائیل بەردەوام کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی ئەبینێت و بە تایبەت لە پرسی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران، ئێرانی خاوەنی چەکی ئەتۆمی بە مەترسییەکی گەورە بۆ خۆی دەبینێت و سوورە لەسەر ئەوەی نابێ کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکی و ئەتۆمی بگات.

هاوڵاتی  میدیای حکومەتی سوریا رایگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی سوپای سوریا لە نزیک دێرەزوور و دوو سەرباز برینداربوون. میدیای فەرمی حکومەتی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکەیەوە دەڵێت، "لە کاتژمێر 11:53 خولەکی شەوی 2ی تشرینی یەکەم ئیسرائیل هێرشی کردەسەر چەند پێگە و بنکەیەکەی هێزەکانمان لە نزیک دێرەزوور و لە ئەنجامدا دوو سەربازمان برینداربوون و زیانی ماددیشی لێکەوتەوە." ئیسرائیل ماوەی چەندین ساڵە هێرشی ئاسمانی دەکات بۆ سەر سوریا بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی نزیک لە ئێرانی لێیە. 

هاوڵاتی لە یەکەم ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی زاهیدان ناسراو بە (هەینی خوێناوی زاهیدان) بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە زیاتر لە ٢٣ کەس برینداربوون کە  چوار لە بریندارەکان منداڵن . ئەمڕۆ هەینی یەکەم ساڵیادی هەینی خوێناوی بوو لە زاهیدان بەهۆیەوە گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان درووست بووژمارەیەک هاوڵاتی بریندار بوون هاوکات ،بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە  هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی مزگەوتی " مەکی"یان داوەو تەقە لە خەڵک دەکەن. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەش کە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران بڵاویانکردۆتەوە لە ساڵیادی ئەو ڕۆژەدا خەڵکی سنە لە سێ شاری زاهیدان، خاش و تەفتان رژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی حکوومەت و رێبەری کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتۆتەوە. هاتنە سەرشەقامی خەڵک و خۆپیشاندانی خەڵک لە کاتێکدایە بە پێی راپۆرتەکان، هێزێکی زۆری سەربازی نێردراوەتە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و زاهیدان و شارەکانیتری ئەم پارێزگایە گەمارۆ دراون هەوڵیان داوە خەڵک بترسێنن. بە پێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە چەکی جەنگی سووک و نیوەقورس تەقەیان لە خەڵک کردووە، لە زاهیدان مزگەوتی مەکی بە چەکی قورس تەقەی لێکراوە. رۆژی ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢، خەڵکی بەلووچ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەرپرسێکی باڵای حکومەتی وڵآتەکە بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی بەلووچ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە لایەن بەرپرسە سەربازییەکانەوە فەرمانی تەقەی راستەوخۆ درا و بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی  "حال وش" ١٢١ کەس گیانیان لە دەستدا. ئەو هەینییە بە "هەینی خوێناوی"نناوی دەرکرد و خەڵکی زاهیدان لە ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢ ەوە بە رێبەری مەولەوی عەبدولحەمید، پێش نوێژی مزگەوتی مەکی، هەموو هەینییەک دوای نوێژی هەینی دژی دەسەڵات خۆپیشاندان ئەکەن و لە ساڵی رابردوودا لە بزووتنەوەی ژینادا دەوری بەرچاویان بووە.

هاوڵاتی  رۆژنامەیەکی بەریتانی رایگەیاند ئێران یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ روسیا کەمدەکاتەوە لە جەنگی ئۆکرانیا و ئەو فرۆکە بێ فرۆکەوانانەی ئێران دروست دەکات بەشێک لە پارجەکانی لەو ئەوروپا دەکڕێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی دەربارەی پڕچەککردنی رووسیا لە لایەن ئێرانەوە، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی بە دوور بگرێت لە پڕچەککردنی رووسیا لە جەنگی ئۆکراین. گاردیەن بەڵگەیەکی ٤٧ لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە کە ئۆکرنیا مانگی رابردوو خستییە بەردەم ئەندامانی گرووپی ٧ ئێران و تێیدا هاتووە چیتر ئێران " توانای دابینکردنی پێویستییەکانی رووسیا و زیاتر دابینکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی" لە جەنگی ئۆکرانیادا نییە. بە پێی ئامارەکانی ئۆکرانیا کە لەم راپۆرتەدا هاتووە، تەنها لە سێ مانگی رابردوودا، 600 هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر شارەکانی ئۆکراین ئەنجامدراوە. لە سەرەتای جەنگی رووسیا- ئۆکراین ەوە، ئێران بە یەکێک لە دابینکارانی چەکی بەتایبەت و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ناوی هاتووە و فشارە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە بۆ سەر تاران زیاتر بووە بەوەی دەست لە یارمەتیدانی رووسیا هەڵبگرێت. سەرەڕای هەموو ئەو بەڵگانەی لە بەردەستتدان و ئۆکرانیا و وڵاتانی رۆژئاوایی دەیخەنەڕوو، ئێران سوورە لەسەر ئەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ جەنگی ئۆکراین نەگەیاندۆتە دەست رووسیا. حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران مانگی ئابی رابردوو لە تۆکیۆ پێتەختی یابان وتی :" ئێمە هەرگیز فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانمان بە رووسیا نەفرۆشتووە یان نەمانداوە پێیان بەوەی لە جەنگی ئۆکراین بەکار بهێن". هەروەها وتی :" تاران هەوڵی ئەوەیە لە رێگای وتووێژەوە و بە رێکاری سیاسی کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت". لەم راپۆرتەکەی ئۆکرانیادا هاتووە کە ئێران هێڵی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵی سەربازی گواستۆتەوە بۆ "کارگەیەکی سووری" ، بەڵام لە ئێستادا دەیەوێت لە ناوچەی  ئالابۆگا، لە تەتەرستان دەست بکات بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. رێکەوتی ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣ رادیۆ فەردا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر هاوکاری سەربازی ئێران و رووسیا و لەو راپۆرتەدا باسی لەوە کرد کە ئیران و رووسیا دەیانەوێت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهد لە ناوچەی ئالابۆگای تەتەرستان دروست بکەن. ئالابۆگا کەتۆتەوە کۆماری خۆبەڕێوەبەری تەتەرستان لە ١٣٠٠ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ و زیاتر لە ٣ هەزار کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورەوە لە ٢٠ ساڵ لەوە پێشەوە وەک ناوچەیەکی تایبەتی ئابووری راگەیەندراوە. لە راپۆرتەکەی گاردیەن باس لەوە کراوە، ٥٢ پارچەی کارەبایی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهدی ١٣١ و ٥٧ پارچەی شاهدی ١٣٦ بەرهەمی کۆمپانیا ئەورپییەکانە کە کۆماری ئیسلامی بەکاری دەهێنێت. لەم راپۆرتەدا ناوی پێنج کۆمپانیای ئەورووپایی لەوانە کۆمپانیایەکی بەریتانی هاتووە کە لقێکی کۆمپانیاکە لە پۆڵەندایە و ئەو پارچانە بەرهەم دەهێنن و دەگاتە دەست کۆماری ئیسلامی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهدی ١٣١ و شاهدی   ١٣٦ کە لە جەنگی ئۆکراین لە لایەن رووسیاوە بەکار هێنراون.