ئەمریکا: کۆبوونەوەی شەممە جددیەتى ئێران دیاری دەکات

یەک هەفتە لەمەوپێش
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەیەکی باڵای ئێران، شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوەدەچێت.
ڕوبیۆ لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیادی کرد: هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی ئاشتی. وتیشى: ئێمە زۆر ڕوونین کە ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت و پێموایە ئەوە بووە هۆی ئەم کۆبوونەوەیە.
تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە لە عومان لەگەڵ ئێرانییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ جددیەتی تاران دەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کۆبوونەوەیە گەڕانێکی سەرەتاییە لە نیازی ئێران بۆ دانوستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە "کێشەیەکى گەورەو حیساباتێکى هەڵەیە".
تامی بروس وتی: هەڕەشەی ئەم جۆرە کارە بە ڕوونی لەگەڵ جەختکردنەوەکانی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ناتەبایە.
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی یان بەردەوامی هەڕەشەی دەرەکی ببێت، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەربکات.
