شاندی ئێران و ئەمەریکا گەیشتنە مەسقەت

2 مانگ لەمەوپێش
ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تارانی بەجێ هێشتووە و ئێستا گەیشتووەتە مەسقەتی پایتەتی عوممان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران. ئاژانسەکانی هەواڵیش ئاشکرایان کردووە، شاندی ئەمەریکاش گەیشتوونەتە مەسقەت.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: لەگەڵ چەند هاوڕێییەکی شارەزامان، یاوەری وەزیری دەرەوەمان کرد بۆ مەسقەت، دەشڵێت: پێداگرین لەسەر بەکارهێنانی تەواوی تواناکانمان بۆ پارێزگاری لە توانا و بەرژەوەندییەکانی ئێران.
سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێران و ئەمەریکا لەنێوان عراقچی و ویتکۆف ڕاستەخۆ دەبێت.
هەر سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، گەیشتووەتە مەسقەت بۆ ئەوەی لەگەڵ عراقچی و شاندەکەی لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی کۆ ببێتەوە.
