راوێژکارێکی خامنەیی: هەڕەشەکانی ئەمریک بۆ سەر ئێران جێبەجێنابن
.png)
یەک هەفتە لەمەوپێش
ڕاوێژکارێکی سەربازیی عەلی خامنەیی رایگەیاند، هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی هیچ کات جێبەجێنابن و ئەوان لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا ئامادەی وەڵامدانەوەن.
ئەمیر ناسر ئاراستە جێگری گرووپی راوێژکارانی سەربازیی خامنەیی لە کاردانەوەی هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران رایگەیاند، وەک سەربازێکی دێرین بە دڵنیاییەوە دەڵێت ئەم هەڕەشانە جێبەجێنابن.
وتیشی، هێزە چەکدارەکان لە سەرووی ئەم هەڕەشانەوە ئامادەیی وەڵامدانەوەیان هەیە و لە هەموو رەهەندە سەربازییەکاندا هێزەکانیان ئامادەکردووە تاوەکو بە دەسەڵاتەوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بدەنەوە.
ئەمەش لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپە کە هۆشداریی دابوو لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، بژاردەی هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی بەکاردەهێنرێت.
ترەمپ لە ساڵی 2018 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دا، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. ئێستاش "ئەگەر هەیە" ئیسرائیل بەیارمەتیی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی نوێ نەکرێت.
ترەمپ هۆشداریی دایە تاران و گوتی، "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبن، پێموایە ئێران لە مەترسییەکی گەورەدا دەبێت، حەز ناکەم بیڵێم، مەترسییەکی گەورە، چونکە ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
لە هەمان کاتدا بەرپرسان رایانگەیاندووە بڕیارە رووسیا، چین و ئێران رۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە.
