هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە مەراسیمێکی ئاینیی هیندوودا لە هەرێمی ئوتار پرادیشی باکووری هیندستان، بەهۆی پاڵەپەستۆوە 87 کەس گیانیان لەدەستدا. رۆژی سێشەممە 2-7-2024، قەرەباڵخییەکی گەورە لە پارێزگای هاتراس روویدا، ئەوەش بەبۆنەی کۆبوونەوەیەکی ئاینیی هیندوو. هاووڵاتیانی پەیڕەوکاری ئەو ئاینە سەردانی پەرستگایەکییان کردووە، ئەوەش چونکە پیاوێکی ئاینی بانگەشەی کۆبوونەوەیەکی دینی کردووە. ژمارەیەک ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە کە تەرمی خەڵک لەسەر زەویی نەخۆشخانە و پەرستگاکە کەوتوون. ئاشیش کومار، قایمقامی پارێزگای هاتراس رایگەیاندووە، "رووداوەکە بەهۆی قەرەباڵخی لە رادەبەدەر لەکاتی جێهێشتنی پەرستگاکە روویداوە". ئەوەشی باسکردووە، پێشبینی دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان زیادبکات. بە گوێرەی شایەدحاڵێک، دەرگای دەرچوونی پەرستگاکە بچوکبووە و لەو کاتەدا کە خەڵکەکە ویستویانە بچنە دەرەوە لە پڕ قەرەباڵخییەکی زۆر چڕ دروستبووە و کەس نەیزانیوە چیبکات. ئوتار پرادیش پڕ دانیشتووانترین هەرێمی هیندستانە کە ژمارەیان 200 ملیۆن کەسە.

هاوڵاتی نرخی نه‌وتی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان جارێكی تر بەرزبۆوە ببه‌جۆرێك نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ خاوی‌ برێنت له‌ 87 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌‌ 2ی ته‌ممووزی 2024، نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان به‌رزبوه‌وه‌ بۆ 86 دۆلار و 83 سه‌نت. ئەمەش له‌ كاتێكدا دوێنێ به‌ 85 دۆلار و 42 سه‌نت فرۆشرا. جێگەی ئاماژەیە، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی ئه‌مریكی به‌رزبوه‌وه‌ بۆ 83 دۆلار و 53 سه‌نت، له‌كاتێكدا دوێنێ به‌ 81 دۆلار و 96 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ناتانیاهو دەڵێت، لە کۆتایی لەناوبردنی تەواوەتی چەکدارانی حەماس لە غەززە نزیکبوونەتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە تاوەکو لەناوبردنی یەکجاریی ئەو بزوتنەوەیە کۆتایی بە جەنگ ناهێنن. ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-7-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئیسرائیلی گوت، “لە سەردانێکم بۆ لای هێزەکانمان لە غەززە گەڕاومەتەوە. هەموو دەستکەوتە دیارەکانمانم لە شەڕەکەمان لە رەفەح بەرچاوکەوت. خەریکە دەگەینە قۆناخی کۆتایی لەناوبردنی سوپای تیرۆرستانی حەماس”. لە قسەکانیدا ناتانیاهو جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجەکانیان هاوشێوەی پێشوو گەڕاندنەوەی بارمتەکانی ژێردەستی حەماس، دڵنیابوونەوەیە لەوەی حەماس چیدیکە هەڕەشە نییە دژی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە ئاوارەکان لە باکوور و باشووری ئیسرائیلە. پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باکووری غەززە بکات، ناتانیاهو رایگەیاند، رەفەح دواین پەناگەی پارێزراوی حەماسە. قسەکانی سەرۆکوەزیرانەکەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، قۆناخی سەختی شەڕی حەماس لە غەززە کۆتاییهاتووە. ئاماژەی بەوەشکرد دەتوانن هێزەکەیان بۆ سەرنج خستنەسەر سنووری باکووری وڵاتەکەیان لەگەڵ لوبنان بەکاربێنن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی هێزە چەکدارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی ئاگربەستیان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شکاند و دەڵێن، ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر لوبنان، بە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چڕدەکەنەوە. راگەیێنراوی ئەو هێزە میلیشیایە دوای ئەوە دێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا بەرپرسانیان لەبارەی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کۆبوونەتەوە. رۆژی دووشەممە 1-7-2024، مقاوەمەی ئیسلامی کە هێزێکی میلیشیای نزیک لە ئێرانە رایگەیاند، “لە وەڵامی دوژمنانی زایۆنی و ئەمریکی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەسەر لوبنان و بەرگرییە ئازاکەی، لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم هەڕەشانە هێرشەکانمان بۆ سەریان توند دەکەینەوە”. لە ماوەی رابردوودا، چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی هێرشی میدیاییان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادکردووە. باس لەوە دەکەن بە هەر جۆرێک کە پێویست بێت هەوڵیان دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق. سەرچاوەیەکی عێراقی بە رۆژنامەی ئەخباری لوبنانیان گوتووە، هەزاران چەکداری میلیشیا جیاجیاکانی شیعە لە نێویاندا کەتایبی حیزبوڵا دەستیان بە مەشقی چڕ کردووە. بە گوێرەی سەرچاوەکە، تەواوی مەشقەکان بە سەرپەرشتی ئێران دەکرێن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئۆکراینا بەهۆی کەمی و قەیرانی ژمارەی سەربازەوە لە ئۆکراینا بڕیاریداوە 27 هەزار بەندکراو کە گونجاون بۆ شەڕکردن لە بەرەکانی جەنگی وڵاتەکە لە دژی رووسیا ئازادبکات. ئەمە یەکەم جارە لە دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە جەنگ ئۆکراینا روو لە بەندینخانەکانی بۆ کۆکردنەوەی سەرباز لە سوپای وڵاتەکەدا بکات. بڕیارەکە مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی ئۆکرایناوە پەسەند کرا. بە گوێرەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا، 42 هەزار زیندانی لە بەندینخانەکانی ئۆکراینادا هەن؛ وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە دەڵێت، نزیکەی 27 هەزار زیندانی گونجاون بۆ ئەو ئەرکە. ئۆکراینا هیچ ژمارەیەکی دیار و روون لەبارەی ژمارە و شوێنی سەربازەکانی لە جەنگەکەی دژی رووسیادا بڵاوناکاتەوە، بەڵام فەرماندەکانی جەنگ لە ماوەی رابردوودا بە ئاشکرا ئاماژەیان بە قەیرانی کەمیی ژمارەی سەربازانی ئۆکراینا باسکردووە. رێککەوتن لەگەڵ سەربازەکان بەو جۆرەیە، دەبنە سەرباز بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان و هیچ پاداشتێکی مادی وەرناگرن، بەڵام ئەگەر مان و نەمردن، دەتوانن ئازاد بن. سەربازێک دەڵێت، "هاندانێکی زۆر لە نێوان زیندانییەکاندا هەیە کە دەیانەوێت وەک پاڵەوانێک بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، نەک وەک زیندانییەک". زیندانییەکی دیکە دەڵێت، "کارێکی گێلانەیە لەم بەندینخانەیەدا دانیشیت و هیچ نەکەیت، هەمیشە ویستوومە شتێک بۆ ئۆکراینا بکەم و لە سوپادا ناوم بنووسن، ئەوە ئەو هەلە هاتە پێشەوە". ئەم پێشنیازە هەموو بەندکراوەکانی ئۆکراینا ناگرێتەوە؛ ئەوانەی بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی، هەراسانکردنی سێکسی، کوشتنی دوو کەس یان زیاتر دەستگیرکراون یاساکە نایانگرێتەوە. ئەو زیندانیانەش کە بڕیارە ئازادبکرێن، پێش ئەوە پشکنینی دۆخی مێشک و لایەنی دەروونی و تەندروستییان بۆ دەکرێت. ئازادکردنی زیندانییان لەلایەن ئۆکرایناوە لەکاتێکدایە، جەنگ لە دوو مانگی رابردوودا سەختتر بۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئایاردا رووسیا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر خارکیڤ و رووبەرێکی گەورەی کۆنترۆڵکردەوە.  

هاوڵاتی ناڕەزایەتی لە شارە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی تورک هەڵگیرساوە و هاوڵاتیان ئاڵای دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان لەسەر چەند دامەزراوەیەک داگرت. دژی هەبوونی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمەکە، هەروەها دژی هێرشە نەژادپەرستیییەکان بەرامبەر هاوڵاتیانی سووری لە شاری قەیسەری تورکیا و دژی لێک نزیکبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارەکانی باب و ڕاعی و ئەعزاز و عەفرین دەستی پێ کرد. بەپێی سەرچاوەکان و بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، هاوڵاتیانی ناڕازی ڕێگەی سەرەکییان لە شاری باب بەڕووی بارهەڵگرە تورکییەکان داخستووە و هێرشیان کردۆتە سەر بارهەڵگرەکان. هەروەها لە شاری ئەعزاز ئاڵای تورک لەسەر بینای ناسنامە و ناوەندی پۆستەخانەی تورک داگیرا و کارمەندەکان دەرکراون. هەروەها لە شاری عەفرین خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورک، چەتەکان دەستڕێژی گولـلەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی سوپای تورکیا لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و بڕیارە ئەو ناوچانە رادەستی رژێمی سووریا بکاتەوە. رۆژی دووشەممە 1-7-2024، سوپای تورکیا لەو ناوچانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا داگیریکردبوون کشایەوە. ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو رێککەوتن لە نێوان رووسیا و سووریا کرا کە تورکیا لەو ناوچانە بکشێتەوە. ئێستا خەڵکی ناڕازی بە رەچەڵەک عەرەب لە عەفرین خۆپێشاندان دەکەن و لە رێی سوپای تورکیا وەستاون کە ئەو ناوچانە بۆ رژێمەکەی بەشار ئەسەد جێنەهێڵن. میلیشیاکانی کە تا ئێستا داردەستی تورکیابوون، هێرشیانکردووەتە سەر سوپای تورکیا و خەڵکی ناڕازیی عەرەب خۆپێشاندان دەکەن تاوەکو تورکیا عەفرین جێنەهێڵێ. بەشێک لە خەڵک داوا دەکەن هێزە کوردییەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، تاوەکو نەچنەوە ژێر سێبەریی رژێمی ئەسەد. تورکیا، سووریا و رووسیا رێککەوتوون کە تورکیا یەک دوای یەک ئەو ناوچانەی داگیریکردووە چۆڵبکات.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پارتە چەپەکان و پارتی میانڕۆی فەرەنسا هاوپەیمانێتییەکیان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا لە دژی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری بەرەی نیشتمانی دروستکردووە. داوا لە گەلی فەرەنسا دەکەن بەربەست لەبەردەم چوونە سەر دەسەڵاتی راستڕۆکان دابنێن. دوێنێ یەکشەممە 30-6-2024، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، پارتی بەرەی نیشتمانی کە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە بە سەرۆکایەتی مارین لوپێن پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و توانی 33٪ی دەنگەکان بباتەوە. لە بەرامبەردا هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەلی چەپ توانی 28٪ی دەنگەکان و پارتی ئونسێمبڵ بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن، توانی 20٪ی دەنگی گەلی فەرەنسا بۆ خۆی دەستەبەر بکات. هەرچەندە بە گوێرەی ئەم ئەنجامانە دەبێت پارتی بەرەی نیشتمانی لە گەڕی دووەمدا 50 کۆ یەکی 577 کورسییەکەی پەرلەمانی فەرەنسا بباتەوە، بەڵام پارتە چەپ و میانڕۆکان ئێستا چوونەتە پاڵ یەک و داوا لە لایەنگرانیان دەکەن دەنگیان بکەن بە یەک. چوونە پاڵ یەکی هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەل و ئینسێمبڵ بەو جۆرەیە، هەریەک لەو دوو پارتە ئامادەن لە بازنە جیاوازەکاندا ئەگەر بەربژێرەکەیان دەنگی کەمی هێنابوو و بەربژێری پارتەکەی دیکە دەنگی زیاتری هێنابوو، ئەوا بەربژێرەکەی خۆیان دەکشێننەوە تاوەکو بەربژێرە دەنگ زۆرترەکە بتوانێت بەسەر بەربژێری راستڕۆکاندا سەرکەوێت. لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا 271 کورسیی پەرلەمان یەکلابووەتەوە، واتە 271 بەربژێر لە بازنە جیاوازەکاندا توانیویانە هەر لە گەڕی یەکەمدا 50 کۆ یەکی دەنگەکان بکاتەوە و پێشی بەربژێرەکانی دیکە بداتەوە. پارتی راستڕۆ لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە فەرەنسا لایەنگری لەدەستداوە و باوی نەماوە، بەڵام مارین لوپێن بە سوودوەرگرتن لە توڕەیی شەقامی فەرەنسا لە ئیمانوێل ماکرۆن، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و چوونی کۆچبەری زۆر بۆ فەرەنسا، توانی ئەو بیرکردنەوە نەرێنیانە لەسەر راستڕۆکان لابەرێت.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە وڵاتی نەمسا و چەند دیدارێکی دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی تەممووزی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى ده‌گاته‌ ڤيه‌نناى پايته‌ختى نه‌مسا.   دەشڵێت، نێچيرڤان بارزانى سبه‌ى سێشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆمار و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆده‌بێته‌وه‌.   لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیش ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا "ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش، تاوتوێ ده‌كەن."  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا کۆتاییهات و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان پارتە راستڕۆکان یەکەمی فەرەنسان و هەرچی پارتەکەی ماکرۆن لە ریزبەندی سێیەمدان لە دوای چەپەکانەوە کە براوەی دووەمی دەنگەکانن. رۆژی 30-6-2024، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی فەرەنسا بەڕێوەچوو، پارتی راستڕۆکان کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە زۆرینەی دەنگی فەرەنسایان نەبردووەتەوە، یەکەم بوون. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان دەنگەکان بەم جۆرەن. پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی دژە کۆچبەر، بە سەرۆکایەتی مارین لوپێن توانیویەتی 34٪ی دەنگەکان بباتەوە. هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەل، بە سەرۆکایەتی ژان میلانشۆ 28.1٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە و پارتی میانڕۆی ئیمانوێل ماکرۆن، ئینسێمبڵ توانیویەتی 20.3٪ی کورسییەکانی پەرلەمانی فەرەنسا بباتەوە. بەشێک لە پارتە راستڕۆکانی دیکە کە هاوپەیمانی بەرەی نیشتمانی نەبوون، بەڵام هاوئاوازن، 10.2٪ی کورسییەکانی پەرلەمانی فەرەنسایان بردووەتەوە. هەڵبژاردنەکە جارێ کۆتایی نەهاتووە و یەکشەممەی داهاتوو، 7ی تەمموزی ئەمساڵ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. یەکەم و دووەمی بەربژێری هەموو بازنەیەک و تەواوی ئەوانەش کە 12.5٪ یان زیاتری دەنگەکانی بازنەکەی خۆیان بەدەستهێناوە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا رکابەریی بۆ چوونە پەرلەمانی وڵاتەکە دەکەن. ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمای فەرەنسا 577 کورسییە، بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەک یان پارتێک بتوانێت پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵات بەدەستبێنێت، دەبێت 289 کورسی یان زیاتری پەرلەمان بباتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جۆ بایدن بە سپۆنسەرانی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەڵێت، "راستە من شەوێکی باشم بەڕێ نەکرد [لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ]، بەڵام ترەمپیش خراپ بوو". بەڵێنیشیان پێدەدات، "ئەم هەڵبژاردنە دەبەینەوە". رۆژی یەکشەممە 30-6-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە ژمارەیەک رێوڕەسمی کۆمەک کۆکردنەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژردنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کرد. لە تەواوی ئەو سەردانیانەدا بایدن هەوڵیداوە پارێزگاری لە خراپی وەڵامەکانی لە دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات. لەو دیبەیتەدا بایدن چەندین جار قسەکانی بیرچووەوە و چەندین هەڵەی کرد کە دەنگدانەوەی زۆری لە ئەمریکا و جیهان هەبوو. نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ژنە سیاسەتڤانی دیموکراتی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی بایدنەوە گوتوویەتی، "بایدن باش نەبوو". کەیت بێدینگفیڵد، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەکانی بایدنیش لەبارەی دیبەیتەکەوە گوتوویەتی، "بە تەواوی بێ ئومێدکەر بوو". بایدن دەڵێت، تێدەگات لە نیگەرانییەکانی دوای دیبەیتەکە، بەڵام بەڵێنیش دەدات باشتر بێت. بەرپرسانی کامپەینەکەی جۆ بایدنیش دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو سەرۆکە 81 ساڵەی ئەمریکا لە دیبەیتەکەیدا باش نەبووە، بەڵام دەشڵێن رێگە نادەن بەربژێرێکی دیکە لە جیاتی جۆ بایدن دابنرێت. باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، "دیبەیتی خراپیش دەبێت". دەشڵێت، "هێشتا ئەم هەڵبژاردنە لە نێوان کەسێکدایە کە هەموو تەمەنی بۆ خەڵکی ئاسایی تەرخانکردووە و کەسێکی دیکە کە تەنیا خۆی بەلاوە گرنگە". هەر دوای چەند کاتژمێرێک لە دیبەیتەکە، بینەرانی رایانگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد. لە راپرسییەکدا کە لەلایەن وێبسایتی دەیتا فۆر پرۆگرێسەوە راگەیێنراوە دەڵێت، 62٪ی بینەرانی دیبەیتەکە لایان وایە ترەمپ براوە بووە و تەنیا 30٪یان دەڵێن بایدن بردوێتییەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ دەنگدەرانی فەرەنسا روویان لە بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی وڵاتەکە کرد. بە گوێرەی راپرسییەکان پارتە راستڕۆکان پێشەنگن و لەم هەڵبژاردنەدا حکومەتی فەرەنسا دەگۆڕدرێت. لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە فەرەنسا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی پارتی راستڕۆکانی فەرەنسا بردنەوەیەکی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا تۆمارکرد. ئەگەر پارتی راستڕۆکان بیبەنەوە، ئەمە جاری یەکەم دەبێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەسەڵاتی راستڕۆ فەرەنسا بەڕێوەببات. بنکەکانی دەنگدان کاتژمێر 7ی بەیانی بە کاتی هەولێر کرانەوە و لە شارە گەورەکان تاوەکو کاتژمێر 7ی ئێوارە کۆتایی دێت، لە شارۆچکە و شارە بچوکەکانیش کاتژمێر 4ی دوانیوەۆ کۆتایی دێت. "هەڵبژاردنەکە چۆن کاردەکات" هاووڵاتیان لە هەلبژاردنەکەدا 577 کورسی پەرلەمان هەڵدەبژێرن، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا تەواوی پارتەکان بەشداری دەکەن. هەر ئەمشەو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە وردی ژمارەی کورسییەکان دیاری ناکرێت. دوو شت ئەگەری روودانیان هەیە، یەکەم ئەوەیە یەکێک لە پارتەکان راستەوخۆ لە گەڕی یەکەمدا 50 کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە کە پێویستە زیاتر لە 289 کورسی بێت، یان هەڵبژاردنەکە دەچێتە گەڕی دووەم؛ گەڕی دووەم 7ی تەمموزی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنەکە دابەشکراوە بەسەر ژمارەیەک بازنەدا لە تەواوی فەرەنسا. هەریەک لە پارتەکان لەو بازنانەدا بەربژێریان هەیە. لە هەریەک لەو بازنانەدا بۆ ئەوەی بەربژێرێک بتوانێت بگاتە پەرلەمانی فەرەنسا، پێویستە راستەوخۆ لە گەڕی یەکەمدا 50٪ی دەنگەکان بەدەستبێنێت. ئەگەر کەس نەیتوانی ئەو رێژەی دەنگە لە بازنەکەی خۆیدا بەدەستبێنێت، ئەوا دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و هەر بەربژێرێکی دیکە کە 12.5٪ یان زیاتری دەنگی ئەو بازنەیەی بەدەستهێنابێت، دەچنە گەڕی دووەم. کێ دەیباتەوە؟ بە گوێرەی راپرسییەکان ئێستا دابەشبوونی دەنگی گەلی فەرەنسا بەسەر پارتەکاندا بەم جۆرەیە. پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕۆی دژە کۆچبەر بە سەرۆکایەتی مارین لوپین لە پلەی یەکەمدایە و 36٪ی دەنگەکان دەباتەوە؛ هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەل بە سەرۆکایەتی ژان لوک میلانشۆن 28٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و پارتی ئینسۆمبل کە پارتی دەسەڵاتە و میانڕۆیە بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن 20٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. نزیکەی 48 ملیۆن هاووڵاتی فەرەنسی کە مافی دەنگدانیان هەیە بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن. تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە ریکۆردی مێژوویی تۆمارکردووە. بەرنامەی پارتە پێشەنگەکان چین؟ مارین لوپێن، سەرۆکی بەرەی نیشتمانی دەڵێت، ئەگەر بەربژێرەکەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا سیستمێکی دژە کۆچبەری پەیڕەو دەکات و ئابووری فەرەنسا دەبووژێنێتەوە. وا باس دەکرێت ئاڕاستەی دیپلۆماسی و سەربازی فەرەنساش بە رووی جەنگی ئۆکراینادا بگۆڕێت. هەفتەی رابردوو رایگەیاند، رێگە نادات ئیمانوێل ماکرۆن سەربازی فەرەنسا بۆ ئۆکراینا بنێرێت. ژان میلانشۆن، سەرۆکی هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەل یەکێک لە نەیار و رکابەرە سەرسەختەکانی ماکرۆنە و بە دژە ناتۆ ناسراوە. پێشبینی دەکرێت ئەگەر ئەویش بیباتەوە ئاڕاستەی سیاسی و سەربازی فەرەنسا بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت. ئەم هەڵبژاردنە هیچ پەیوەندییەکی بە پۆستی سەرۆکایەتی فەرەنساوە نییە؛ واتە ئیمانوێل ماکرۆن بە شێوەیەکی ئاسایی تاوەکو ساڵی 2027 سەرۆکی فەرەنسایە و دەسەڵاتە یەکلاییکەرەوەکان لە ژێر دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەرۆکوەزیران دیاری بکات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر بڕیارەکانی ماکرۆن دروست بکەن لە رێگەی پەرلەمان و شەقامی فەرەنساوە.

  هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆی ریدینگ لە بەریتانیا بە ژیریی دەستکرد وەڵامی تاقیکردنەوەکەیان بۆ مامۆستا دەنێرن. هەرچەندە زۆر بە وردی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیان کراوە، بەڵام نەیانزانیوە ژیریی دەستکردە و لە خوێندکارەکانی دیکە باشتر وەڵامیان داوەتەوە. ئەو خوێندکارانە کارەکەیان وەک لێکۆڵینەوە کردووە لە تاقیکردنەوەیەکی ئۆنڵاین. ویستویانە بزانن ئایا مرۆڤ لە توانایدا هەیە وەڵامی ژیریی دەستکرد لە وەڵامەکانی دیکە جیابکاتەوە. وەڵامەکان بە چات جی پی تی 4 ئامادەکراون. ئەو پرۆفیسۆرانەی بە وەڵامەکاندا چوونەتەوە، توانیویانە لەو 33 وەڵامەی بۆیان چووە، تەنیا یەک دانەیان جیابکەنەوە و 32 وەڵامەکەی دیکە لە خوێندکارە ئاساییەکان نمرەی زیاتریان هێناوە. ئەنجامدەرانی تاقیکردنەوەکە دەڵێن، دۆزینەوەکەیان ئەوە دەردەخات، ئێستا ژیریی دەستکرد دەتوانێت پێداچوونەوەی "تورینگ" بەلاڕێدا ببات. ئەو پێداچوونەوەیە لەلایەن کەسانی زۆر شارەزا و پڕ ئەزموونەوە دەکرێت. باس لەوەش دەکەن، دوای ئەم لێکۆڵینەوەیە دەبێت وریایانەتر بە پێشنیازی خوێندکاراندا بۆ وەرگیرانیان لە زانکۆکان بچنەوە. دەشڵێن، ئاگادار نەبین ژیریی دەستکرد دادوەری نێوان خوێندکاران لە سیستمی خوێندندا دەشێوێنێت. ئێستا لە زۆربەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان تاقیکردنەوەی ئۆنڵاین لە رێگەی ناردنی وەڵامەکان بۆ پرۆفێسۆرەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێت. لێکۆڵەرەکان دەڵێن، مەرج نییە بگەڕێینەوە سەر وەڵامدانەوەی دەستنووس، بەڵام دەبێت سیستمی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیش بتوانن لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە زۆرەی ژیریی دەستکرددا خۆیان بگونجێنن.

هەوراز حوسێن  هاوڵاتی، سلێمانی    بەشێکی زۆر لەو دەنگدەرانەی ئەمریکا کە نەیاندەتوانی یەکلابنەوە دەنگ بە جۆ بایدن یان دۆناڵد ترەمپ دەدەن دەڵێن، بە دڵنیاییەوە دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن. ئەوەش دوای دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان ئەو دوو بەربژێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وایە ترەمپ بردوویەتییەوە.  ئاژانسی رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەندێک لە دەنگدەرانی ئەمریکا کردووە کە نیازیان وابووە دوای دیبەیتەکە خۆیان یەکلاییکەنەوە. 76٪ی ئەو دەنگدەرانە باسیان لەوەکردووە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە تەمەنی 81 ساڵە لە دیبەیتەکەدا "لاواز و شەرمەزارکەر بووە و سەخت بووە تەماشای بکەن".  جینا گانۆن، ژنێکی تەمەن 65 ساڵی دانیشتووی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکایە، لە 2020دا دەنگی بۆ جۆ بایدن داوە و دەڵێت، "جۆ بایدن زۆر لاواز دەرکەوتووە و هەر لە سەرەتاوە شڵەژاوە. نیگەرانی من ئەوەیە دوژمنە جیهانییەکانمان جۆ بایدن بەم جۆرە ببینن". دواتر دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە دەنگ بۆ دۆناڵد ترەمپ دەدەم".  هەرچەندە لە پێشووتردا دیبەیتی سەرۆکایەتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەنگدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەبووە، بەڵام ئەم جارە بایدن و ترەمپ رێژەی دەنگەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکە و پێویستیان بەوەیە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا پشت بەو دانیشتووانە ببەستن کە خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.    لە دیبەیتەکەدا بایدن بە بەرچاوی جیهانەوە قسەی زۆری هەڵە دەکرد و دۆناڵد ترەمپیش زۆر هێرشی کردە سەری لەسەر ئەو هەڵە قسەکردنانە. لە شوێنێکدا کاتێک پێشکەشکاری دیبەیتەکە داوا لە ترەمپ دەکات وەڵامی بایدن بداتەوە، ترەمپ دەڵێت، "تێنەگەیشتم گوتی چی لە قسەکەی کۆتاییدا، پێم وانییە خۆشی تێگەیشتبێت چی گوتووە". ئەوەش دوای ئەوەی بایدن قسەکانی بیرچووەوە و نەیزانی باسی چی دەکات.    20٪ی دەنگدەرانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە کام بەربژێری سەرۆکایەتی دەدەن. ئەوەی جۆ بایدنی زیاتر لاوازکردووە تەمەنەکەیەتی.    لە شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن بەهۆی دووچاری لەبیرچوونەوەی بیرەوەرییەکانی بووە.    گۆڤاری سی ئێن ئێنی ئەمریکا راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، پێش دیبەیتەکە 55٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر دەبێت و 45٪ پێیان وابووە بایدن باشتر دەبێت. بەڵام دوای دیبەیتەکە 67٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر بوو و 33٪ لایان وابووە بایدن باشتربووە.    هەر بە گوێرەی سی ئێن ئێن، 48٪ی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگ بۆ ترەمپ دەدەن و 40٪یان دەنگ بۆ بایدن دەدەن، 2٪یان نازانن دەنگ بۆ کامیان دەدەن و 11٪ دەڵێن نایانەوێ دەنگ بە هیچیان بدەن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی زانایان لاشەی بەستووی گورگێکیان لە سبیریا دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 44 هەزار ساڵە. گورگەکە لە زانکۆی فیدراڵی باکووری رۆژهەڵات لە شاری ئاکوتسکی رووسیا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. گورگەکە لە ساڵی 2021دا لە لایەن دانیشتوویەکی یاکوتیاوە دۆزراوەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەدا بەردەوام زەوییەکە بەستوویەتی، بەڵام ئێستا بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە لە چەند ناوچەیەک بەفر دەتوێتەوە. بەهۆی بەستووییەوە، گورگەکە شێوەی خۆی لەدەست نەداوە و ئەندامەکانی جەستەی و شێوەی گشتیی لاشەکەی و مووەکەی گیانی بە تەواوی ماونەتەوە. زاناکان هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێگەی ئەو گورگەوە لە سیستمی خۆراکیی سروشت تێبگەن لەو ماوەیەدا. هەروەها دەیانەوێت ڤایرۆس و بەکتریای نوێ لە جەستەی گورگەکەدا بدۆزنەوە، ئەوەش چونکە بەشێک لە بەکتریا و ڤایرۆس بۆ هەزاران ساڵ لە کەشی سارددا دەژین. رۆبێرت لۆزی، لێکۆڵەری ئاژەڵ و مرۆڤی دێرین لە زانکۆی ئەلبێرتا کە بەشێک لە تاقیکردنەوەکە پێکدەهێنێت لەبارەی گورگەکەوە دەڵێت، "بەڕاستی جێگەی شۆکە". ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەمە تەنیا ئاژەڵی چاخی پلایستۆسینە کە دۆزرابێتەوە". لە دوای لێکۆڵینەوە لە ددانێکی گورگەکە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە گورگەکە نێر بووە و تەمەنی گەورە بووە کە لە ناوچەیەکی سارد و تەختدا راویکردووە. هەروەها لەوانەیە پاشماوەی بەشێک لەو ئاژڵانەی گورگەکە خواردوونی لە نێوان ددانەکانی و گەدەیدا مابێتەوە، بۆیە دەتوانن لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەوانیش بکەن. زاناکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەر هەر کامێک لەو زیندەوەرە بچووکانەی لە لاشەی گورگەکە دەدۆزرێنەوە نوێ بن بۆ زانست، دەکرێت لە داهاتوودا دۆزینەوەی نوێ لە زانستی پزیشکیدا بەرهەمبێنن. 13:41                  