ئێران: لەدانوستاندنەکان باسی پرسی ئەتۆم و گەماڕۆکان دەکەین

2 ڕۆژ لەمەوپێش



جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان پرسی لابردنی گەمارۆکان و پرسی ئەتۆمییان هەیە، بۆیە گفتوگۆ لەسەر بابەتی دیکە لەگەڵ ئەمریکا ناکەن. ئەمە لە کاتێکدایە هەندێکجار ناوی بەرنامەی مووشەکی ئێرانیش لە چوارچێوەی گفتوگۆکان دەهێندرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە کاتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی رایگەیاند، "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەنجامی گفتوگۆکانە نەک شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستاندن، نابێت کاتەکانمان بە شوێن و کاتی دانوستاندنەکان بەفیڕۆ بدەین".
 
کازم غەریب ئابادی گوتی، "تاوەکو ئەو کاتەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم چاودێری دەکات، دەربڕینی نیگەرانییەکان بێمانایە. هەندێکیان بەدوای دروستکردنی قەیرانێکی دەستکرد دا دەگەڕێن".
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتیشی: "ئێمە لە دانوستاندندا پرسی لابردنی گەمارۆکان و پرسی ئەتۆمیمان هەیە و گفتوگۆ لەسەر بابەتی دیکە ناکەین".
 
کازم غەریب ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە هوکارە سەرەکییەکانی قبووڵنەکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە، بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و گەمارۆکانە. دەشڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر پابەند نەبووە بە رێککەوتن و لە رێکەوتنەکە کشایەوە، هەر بۆیە جەختمان لەسەر دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ کردەوە."
 
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رۆژی چوارشەممە گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی شەممە، 12ـی نیسانی 2025، بۆ یەکەمجار بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە عومان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، گفتوگۆکان "ئەرێنی و بونیادنەرانە" بوون. 
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە، ئەگەر لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەگەنە رێککەوتن، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر وڵاتەکە. 
 
ترەمپ پێیوایە ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەڵام تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
  
ساڵی 2015 ئێران و پێنج وڵات رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا سزا ئابوورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێن. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار