عەباس عێراقچی: پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم جێگەی گفتوگۆ نییە

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی "جێگەی گفتوگۆ نییە" و بەردەوام دەبن لەسەری. ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات دوێنێ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای راگرتن و لەنێوبردنی کرد. 

رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران بە رۆژنامەڤانانی گوت، پڕۆگرامی "پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پرسێکی راستەقینە و قبووڵکراوە. ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکان"؛ بەڵام "پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم جێگەی گفتوگۆ نییە". 
 
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هاتن، دوێنێ سێشەممە نووسینگەی نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێکس راگەیێندراوێکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکای بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مەرجەکانی ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا)ـی تێدابێت".
 
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەشڵێت: "هەر رێککەوتنێک واژۆبکرێت، دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت". 
 
ستیڤ ویتکۆف ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامی دروستکردنی چەک رابگرێت و نەیانهێڵێت"؛ جەختی لەوەش کردەوە کە "زۆر گرنگە بۆ جیهان رێککەوتنێکی بەهێز و دادپەروەرانە بکەین کە درێژمەودا بێت". 
 
کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی سەڵتەنەتی عومان بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی: "سەرۆک روونیکردەوە کە دانوستاندن و گفتوگۆی لەگەڵ ئێران دەوێت، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە هەرگیز نابێت ئێران بتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت".
 
شەممە شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە.
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا ترەمپ و هەیسەم بن تاریق کۆبوونەوەکەی شەممەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار