وەزیری دەرەوەی ئێران: دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابین
.png)
2 ڕۆژ لەمەوپێش
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: وڵاتەکەی دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و ئەم دۆسیەیە قابیلی دانوستان نیە لەگەڵ ئەمەریکا.
عراقچی، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان دوای کۆبونەوەی حکومەت لە تاران وتی، ئێمە هەڵوێستی دژ بەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی دەبیستین و ئەم هەڵبەزو دابەزە خزمەت بە پرۆسەی دانوستان ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات. جەختیشیکرد، ئێران لەناو ژووری دانوستاندا مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکات نەک لێدوانی میدیایی.
وتیشی، تاران کراوەیە بەرووی دیالۆگی جدیدا، ئەگەر واشنتۆن هەڵوێستی بونیادنەر و واقیعی بخاتەڕوو، پێشبینيشی كرد ئەم بابەتانە لە خولی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت، تاوتوێ بکرێن.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، عراقچی ئاشکرای کرد، سەردانی مۆسکۆ دەکات و پەیامێکی نوسراوی عەلی خامنەیی، رابەری باڵا دەگەیەنێتە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکە ئاشکرا بکات.
لای خۆیەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا جارێكی تر رەتکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی دووپاتکردەوە، لەوبارەیەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، نابێت ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت، ئاماژەی بەوەشدا، هەر پێشکەوتنێکی ئەتۆمی دەبێتە مەترسییەکی جددی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەكاتێكدایە، دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردو، ستیف ویتكۆف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئێران پێویستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی (٣.٦٧%)نییە، بەشێک لە سیاسەتمەداران و رۆژنامەنوسانی ئەمریكا ئەم هەڵوێستەیان وەک پاشەکشێ لێكدایەوەو بەپێویستیان زانی بەهیچ جۆرێك رێگە بە ئێران نەدرێت توانای پیتاندنی پۆرانیۆمی هەبێت، ئەوەش وایکرد ویتكۆف، جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆی روون بکاتەوەو، شەوی رابردوو لە نوسنێكدا لە سەكۆی "ئێکس" بڵاویکردەوە، هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران تەنها لە حاڵەتێکدا تەواو دەبێت کە رێککەوتنی ترەمپ بێت.
رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابنێت، بەو مانایەی ئێران دەبێت بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بوەستێنێت و لەناویبەرێت، جیهان زۆر پێویستی بەوەیە کە بگەینە رێککەوتنێکی بەهێز و دادپەروەرانە و هەمیشەیی، ئەوەش ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ داوای لێکردوم بیکەم
