پزیشکانی بێسنوور: غەززە بووەتە گۆڕێکی بەکۆمەڵ

2 ڕۆژ لەمەوپێش
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە رێگری لە گەیشتنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ غەززە دەکات و دەڵێت، هیچ شوێنێکی غەززە بۆ فەلەستینییەکان سەلامەت نییە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، ئاماندە بازێڕۆڵ، رێکخەری فریاگوزاریی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، "غەززە کراوەتە گۆڕستانێکی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان و ئەوانەی بەهانایانەوە دێن."
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێداویستییە پزیشکییەکان، ئاو، سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە لە غەززە بەرەو نەمان دەچن.
رێکخەری فریاگوزاریی پزیشکانی بێسنوور دەشڵێت، "ئێمە شایەتحاڵی وێرانکاری و راگواستنی زۆرەملێی هەموو دانیشتووانی غەززەین."
بازێڕۆڵ ئاماژە بەوە دەکات، "بەهۆی نەبوونی هیچ شوێنێکی سەقامگیر بۆ فەلەستینییەکان و ئەوانەی یارمەتییان دەدەن، هاوکارییە مرۆییەکان رووبەڕووی ناسەقامگیری دەبنەوە و پێداویستییەکان بەرەو نەمان دەڕۆن."
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل زیاتر لە 51 هەزار کەسی لەو کەرتە کوشتووە و نزیکەی یەک لەسەر سێیان منداڵن.
لەوکەتەوەشی کە ئاگربەستی غەززە لە 18ـی مانگی رابردووەوە شکاوە، زیاتر لە هەزار و 500 کەس لە غەززە کوژراون.
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە، لانیکەم 409 کارمەندی رێکخراوە مرۆییەکان لە غەززە کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی رێکخراوی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینین.
14ـی ئەم مانگە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیازێکی نوێی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەدەست گەیشتووە.
بەگوتەی بەرپرسێکی حەماس، ئیسرائیل لە بەرامبەر ئاگربەستێکی 45 رۆژەدا داوای ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندووی کردووە.
14ـی نیسانی 2025، تاهیر نونو، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "ئامادەین لە بەرامبەر رێککەوتنێکی جیدیی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەموو دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد بکەین."
هەریەکە لە میسر و قەتەر لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بدۆزنەوە.
ئەو بەرپرسەی حەماس ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگری دەکات لەوەی هیچ پێشکەوتنێک بە ئاراستەی ئاگربەستەکە هەبێت و گوتی: "بابەتەکە ژمارەی دەستگیرکراوەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە داگیرکار پاشگەز دەبێتەوە لە پابەندییەکانی و رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی تایبەت بە ئاگربەست دەکات".
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە کە لە 19ـی کانوونی دووەمی دەستیپێکرد و دوو مانگ بەردەوام بوو.
