ئەمەریکا 27 باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی خۆی دادەخات
.png)
2 ڕۆژ لەمەوپێش
لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی تێچووە فیدراڵییەکانی حکومەت، ئیدارەی ئەمەریکا پلانی هەیە ژمارەیەک لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی لە سەرانسەری جیهاندا دابخات، بەغداد و هەولێر بەدەرنابن لە پلانە نوێیەکەی ئیدارەی ئەمەریکا.
بەپێی یاداشتێک کە دەست رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کەتووە، ئیدارەی ترەمپ پلانی هەیە 10 باڵوێزخانە و 17 کونسوڵخانەی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا دابخات. بەشێکی دیکەی پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ کەمکردنەوەی تێچوونەکان و زیادکردنی ستافە بۆ بەشێکی دیکە بۆ ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.
ئەو بەڵگەنامەیەی باس لە داخستن و کەمکردنەوەی خەرجی باڵیۆزخانەی و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا دەکات، کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئامادەیی ویلایەتەیەکگرتووەکانی لە نیوە هەموو کیشوەرەکاندا.
وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، کەمکردنەوەکان بەشێکە لە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵیەکان لە حکومەتدا، هەروەها پێشنیازێکە کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بیریان لێکردوەتەوە بۆ کەمکردنەوەی نزیکەی 50% خەرجییەکانی وەزارەتەکە.
کەمکردنەوەی ئامادەیی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا نیگەرانییەکی نوێیە بۆ وڵاتەکە کە لەکاتێکدا لە ململانێیەکی تونددایە لەگەڵ چین و بۆشاییەکەی زۆر بە چین دەدات بۆ پڕکردنەوەی ئەرکە دیپلۆماسییەکان، لەنێوانایاندا ئەو ناوچانەی جیهان کە واشنتن ئامادەیی زیاتری هەیە بەراورد بە پەکین. ئەوەش زیانێکی زۆر لە ئەمەریکا دەدات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی.
وەک لە راپۆرتی رۆژنامە ئەمەریکییەکەدا هاتووە، زۆرینەی ئەو کونسوڵخانانەی پێشنیازی داخرانیان کراوە لە کیشوەری ئەوروپان. پێنج لە کونسوڵخانەکان لە فەڕەنسان، لە شارەکانی بۆردیۆکس، لیۆن، مارسیلیا، رێنس و ستراسبۆورگ. دوو لە کونسوڵخانەکانیش لە شارەکانی دوسلدۆرف و لایپزیگی ئەڵمانیان. هەر یەکە لە کونسوڵخانە ئەمەریکییەکان لە وڵاتانی ئیتاڵیا، یۆنان و پۆرتوگالی پێشنیازی داخستنیان کراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، هەولێر و بەغداد بەدەرنابن لە کەمکردنەوەی چالاکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا. سەنتەری پاڵپشتی دیپلۆماسی بەغداد لە عێراق دادەخرێت، هەروها تێچوونەکانی پۆستە دیپلۆماسییەکان لە هەولێر و بەغداد کەمدەکرێنەوە.
نیویۆرک تایمز نوسیویەتی، شەش باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیشوەری ئەفەریقا پێشنیازی داخرانیان بۆ کراوە.
