هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی شازادە ویلیام، شازادەی جێنشینی بەریتانیا ئاهەنگی لەدایکبوونەکەی لە کۆنسێرتێکی تایلەر سویفتدا لە لەندەن کرد. شازادە ویلیام لەگەڵ خۆیدا دوو منداڵە گەورەکەشی بردووە. رۆژی شەممە 22-6-2024، شازادە ویلیام، شازادە جۆرجی کوڕی و شازادە چارلۆتی کچی لە یادی لەدایکبوونی 42 ساڵەی شازادە ویلیامدا بەشدارییان لە کۆنسێرتی تایلەر سویفت لە یاریگەی وێمبلی لە لەندەن کرد. هەر دوای ئاهەنگەکە، تایلەر سویفت و سێ ئەندامەکەی خێزانی شاهانەی بەریتانیا سێڵفییەکیان بەیەکەوە چرکاند. ویلیام لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "سوپاس تایلەر سویفت بۆ ئەو ئێوارە گەورەیە". وێنە سێڵفییەکە لەلایەن تایلەر سویفتەوە گیراوە و سێ شازادەکەش لە دواوە سەیری کامێراکە دەکەن. تایلەر سویفت لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، "لەدایکبوونت پیرۆز ئێم 8 ". بە گوێرەی کۆشکی کێنزنگتن، وێنەکان پێش کۆنسێرتەکە گیراون و شازادە کاسرین، هاوژینی شازادە ویلیام کە لە ژێر چارەسەری شێرپەنجەدایە ئامادەنەبووە و لەگەڵ منداڵە بچووکەکەیان لە ماڵەوە بوون. لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن ئامادەبووێکی کۆنسێرتەکەوە گیراوە، شازادە ویلیام دەردەکەوێت کە بە توندی سەما لەگەڵ گۆرانی "شەیک ئت ئۆف"ی تایلەر سویفتدا دەکات.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی سۆزانییەکان لە بەلجیکا لەمەودوا دەتوانن وەک هەر خاوەن کارێکی دیکە گرێبەستی کاریان هەبێت و لەلایەن حکومەتەوە وەکو کارمەندێکی فەرمی سەیردەکرێن. دوای ئەوەی بڕیارێک لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە لە ئایاری ئەمساڵدا دەرکرا، سۆزانییەکان بەم زوانە دەتوانن گرێبەستی کار بکەن و وەک هەر کارمەندێکی سێکتەرەکانی دیکەی کارکردن مافیان دەبێت لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، لەوانە خانەنشینی. لە پێشووتردا، سەماکەر و ئەوانەی مەساجیان بۆ خەڵک دەکرد لە بەلجیکا بە یاسایی کاریان دەکرد، بەڵام سۆزانییەکان وەک شاگرد گرێبەستی کارکردنیان بۆ دەکرا. بە گوێرەی ئەو کەسانەی پاڵپشتی یاسا نوێیەکە دەکەن، بەو جۆرە دەستدرێژی و ئازاردانی سۆزانییەکان فراوانتر بووە. ئالێکساندرا مۆریلس، خاوەنی ناوەندێکی لەشفرۆشییە و دەڵێت، لە پێشووتردا نەیاندەزانی چی بکەین و چییان بەرامبەر بکرێت یاساییە و چی یاسایی نییە، بەڵام هەستێکی خۆشە کە ئێستا مافی یاسایی خۆیان هەیە. بە گوێرەی یاسا نوێیەکە، ئەوانەی سۆزانی دادەمەزرێنن، پێویستە بە تۆماری تاوانی رابردووی سۆزانییەکەدا بچنەوە و بە رەسمی دەستبەکاربوونیان بە حکومەت رابگەیێنن. سۆزانییەکانیش مافی خۆیانە هەر میوانێک کە بە دڵیان نەبوو رەتیبکەنەوە. لە هەر کاتێکیش خواستیان نەما دەست لە سێکسکردن هەڵگرن. بڕیارەکەی برۆکسل کاردانەوەی جیاوازی لەلایەن هاووڵاتیان و چالاکڤانانی مافی ژنانەوە لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان دەڵێن، ئەمە خزمەت بە باندەکانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و "گەوادەکان" دەکات تا زیاتر کچانی قوربانی ئەو سێکتەرە هەراسان بکەن و خۆیان بێتاوان دەربکەن. بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، بڕیارەکە باشترین مامەڵەیە لەگەڵ ئەو سێکتەرەدا، چونکە ئەگەر بە یاسایی دان بە هەبوونیدا نەنرێت، بە نایاسایی هەر دەمێنێت و هەیە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی زیاتر لە 150 هەزار کەس لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل خۆپێشاندان لە دژی حکومەتی وڵاتەکە دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانیان گێڕانەوەی بارمتەکانی دەست حەماسە لە غەززە. رۆژی شەممە 23-6-2024، هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی وڵاتەکە خۆپێشاندانی فراوانیان کرد و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و گێڕانەوەی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماسیان کرد. ئەم خۆپێشاندانانە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەفتانە دەکرێت. بە گوێرەی رێکخراوی هۆفشی دژە حکومەتی ئیسرائیل، زیاتر لە 150 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە. خۆپێشاندەران دەڵێن، بەرپرسانی ئیسرائیل توانای پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیلیان نییە و دەبێت حکومەتێکی بەهێزتر و باشتر بهێنرێتە سەر دەسەڵات. هەروەها بەشێکیان دەڵێن، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهو دیموکراسی نییە و هەڕەشەیە لەسەر گیان و ئازادی خەڵک. بەشێکی دیکە لە خۆپێشاندەران رەخنەی توند لە حکومەتە راستڕۆکە و بەشێک لە وەزیرانی حکومەتەکە وەک ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل دەگرن و دەڵێن بوونەتە هۆکاری درێژبوونەوەی شەڕەکە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بارمتەکان. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و نزیکەی 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و  250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. لە بەرامبەردا ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس لە غەززە دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 400 هاووڵاتی فەڵەستینی لە جەنگەکەدا کوژراون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە میسر دەیان کۆمپانیای حەجکردن سزادران بەهۆی ئەوەی حاجیانیان بە قاچاخ بردووەتە مەککە. ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی 700 حاجیی ئەو وڵاتە لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لەدەستداوە. رۆژی شەممە 22-6-2024، حکومەتی میسر راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە ئەو کۆمپانیایانە رێگەپێدانەکانیان لێوەربگیرێتەوە، بەڕێوبەرەکانیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و خێزانی حاجییەکانیش قەرەبووبکرێنەوە". بڕیارەکەی مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر دوای ئەوە هات، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 100 حاجی لە مەککە و شوێنەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی حەجکردن لە تەواوی جیهان گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 658 حاجییان خەڵکی میسر بوون و 630 کەسیان بە نایاسایی چوونەتە سعودیە. بڕیارەکەی حکومەت 16 کۆمپانیای حەجکردن لەو وڵاتە دەگرێتەوە. بەرپرسانی میسر رایانگەیاندووە، هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان رێکخستنی گەشتی حەجە بە ڤیزای گەشتکردن بۆ سعودیە؛ بەو جۆرەش حاجییان رێگەیان نەدراوە بچنە مەککەوە و بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە. مەراسیمی حەج بە یانسیب بۆ حاجیان لە سەرتاسەری جیهان دەردەچێت و تێچوویەکی زۆری هەیە. لە ساڵی 2019ـەوە چوونە حەج بە رێگەی قاچاخ روو لە زیادبوون بووە و حاجییان لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە. لە 2019دا سعودیە پێدانی ڤیزایەکی گەشتکردنی راگەیاند، ئەوەش چوونە ناو سعودیەی بۆ هاووڵاتیان بە تایبەت حاجییان ئاسانتر کرد. تەنیا لە رۆژی عەرەفەدا، کە حاجیان لە ژێر گەرمای سەختی هاویندا دەچنە سەر کێوی عەرەفە لە مەککە، بەرپرسانی سعودیە 577 گیانلەدەستدانیان پشتڕاستکردووەتەوە. حەج یەکێک لە پێنج پایەکەی ئیسلامە و لەسەر هەموو پەیڕەوکارێکی ئەو ئاینە ئەرکە بیکات. سعودیە دەڵێت، لە مەراسیمەکەی ئەمساڵدا 1 ملیۆن و 800 هەزار حاجی بەشدارییان کردووە و 1 ملیۆن  و 600 هەزار کەس خەڵکی بیانی بوون.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 120 کەس کوژراون، لەکۆی هێرشە سەربازەییەکانی ئیسرائیلش بۆسەر کەرتی غەززە، 37 هەزار و 551 فەڵەستینی کوژراون و 85 هەزار و 911 فەڵەستینی بریندار بوونە. ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی تەندروستی غەززە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 120 کەس کوژراون. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، 85 هەزار و 911 کەس لە فەڵەستین برینداربوونە. لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، ژمارەیەک قوربانی هێشتا لەژێر دار و بەردووی سەر ڕێگا و بانەکانن، تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانیش ناتوانن فریایان بکەون. جێگای ئاماژەیە، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران، کە بەهۆی ڕێککەوتنی ئاگربەست زیاتر لە 130 کەسیان ئازاد کران و ژمارەیەکیشیان بەهۆی بۆردمانەکانی ئیسرائیل کوژران. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە و شارەکانی دیکەی فەڵەستین، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 37 هەزار و 551 فەڵەستینی کوژراون نزیکەی 86 هەزاریش بریندار بوون.  

هاوڵاتی ترەمپ، لە ڕابردووشدا گوتومە دەتوانم لە ماوەی 24 کاتژمێردا ململانێکانی ئۆکرانیا یەکلایی بکەمەوە و پلانی ئاشتیشم هەیە. دۆناڵد ترمپ، کاندیدی داهاتووی ئەمەریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەگەر ئەمساڵ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەربکەوێت، هێزەکانی ئەمەریکا نانێرێت بۆ ئۆکرانیا. دۆناڵند ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی All-In Podcast لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات، سەربازە ئەمەریکییەکان بۆ ئۆکرانیا نەنێردرێن گوتی، "بەڵێ، گرەنتی ئەوە دەکەم کە ئەو کارە ناکەم". ترەمپ وتیشی، پێیوایە گفتوگۆکان سەبارەت بە پەیوەستبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆدا بوونەتە هۆی دروستبوونی ململانێ لەگەڵ ڕووسیا. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەوەشی راگەیاند، "ماوەی 20 ساڵە گوێم لێبووە ئەگەر ئۆکرانیا بچێتە ناو ناتۆ، ئەمە دەبێتە کێشەیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕووسیا، ماوەیەکی زۆرە ئەو قسەیە دەبیستم و باوەڕم وایە کە شەڕەکە هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەستیپێکردووە". سەبارەت بە قسەکانی جۆو بایدن کە لەماوەی رابردوودا کردبووی ئەوەی خستەڕوو، زۆر شتی گوتووە و ڕاست نەبوون سەبارەت بە پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ. ترەمپ جەختیشی لەوەکردەوە، لە ڕابردووشدا گوتومە دەتوانم "لە ماوەی 24 کاتژمێردا" ململانێکانی ئۆکرانیا یەکلایی بکاتەوە و پلانی ئاشتیشی هەیە. جێگای ئاماژەیە، بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، راپرسییەکان دەریدەخەن دۆناڵد ترەمپ زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە، پێشبینیش دەکرێت رووبەڕووی جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ببێتەوە. دۆناڵد ترەمپی کۆماری خواز پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێهەم پێگەی خۆی لەدەست دەدات ئەگەر جۆو بایدن سەرۆک کۆمار لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

هاوڵاتی بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای لوتکە، لەماوەى 10 ساڵى رابردوو 591 کۆچبەر بوونەتە قوربانى، کە 343 کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە و 248 کەسى دیکەش بێسەر و شوێنن. ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، بەگوێرەى ئامارى دەزگاى لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران کە خستوویەتیەڕوو رایگەیاند، ئەوانەى تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە، لە ساڵى 2015 تاوەکو کۆتایى مانگى ئایارى ئەمساڵ، 750 هەزار و 498 کۆچبەرى عێراقى بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیشتوونەتە وڵاتانى ئەوروپا و داواى مافى پەنابەرێتییان لەو وڵاتانە کردووە. دەشڵێت، لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا 750 هەزار کۆچبەرى عێراقى بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیشتوونەتە وڵاتانى ئەوروپا. سەبارەت بە گیان لەدەستدان و بێسەر و شوێنبوونی کۆچبەران ئەوە خراوەتەڕوو، لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا 591 کۆچبەر بوونەتە قوربانى کە 343 کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە و 248 کەسى دیکەش بێسەروشوێنن. لەم بارەیەوە ئارى جەلال، سەرۆکى دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران وتی، کۆچبەرانى عێراق بە هەرێمى کوردستانەوە بەردەوامن لە کۆچکردنیان بۆ دەرەوەى وڵات و گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا". جێگای ئاماژەیە، هەفتەى رابردوو نزیکەی 20 کۆچبەرى کورد لە نقومبوونی دوو یەختدا لە نزیک کەناراوەکانى کالابریای ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەى پێشبینییەکانى دەزگاى لوتکە، چاوەڕواندەکرێت 75 هەزار کۆچبەرى دیکە لەمساڵدا لە رێگەى یۆنانەوە بگەنە وڵاتانى ئەوروپا.  

هاوڵاتی  ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەغەززە ناکشێتەوە تا ئەو کاتەی بارمتەکان لەژێر دەستی حەماس دەردەهێنین جا بەمردووی بێت یاخود زیندووی بێت. ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە و سوپاکەمان ئامادەییمان تێدانییە لە غەززە بکشێینەوە، تا ئەوکاتەی سەرجەم بارمتەکان لەبندەستی حەماس دەردەهێنین، جا چ بەمردووی بێت یاخود زیندووی". سەررۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەرکی ئێمەیە و پابەندین بە تەواوکردنی، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئەرکی دیکەشمان لەسەرشانە، بەڵام ئێستە باسیان لێوەناکەم و تیشکمان تەنها لەسەر لەناوبردنی حەماسە". جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، گۆڕانکاری لە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا روویدا و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە كەمتر لە 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت. بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بە 85 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت. بەشێوەیەک تەنها یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساس بە 81 دۆلار و 29 سەنت لە بازاڕەكانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەكرێت. هه‌رچی نرخی زێڕیشه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه‌ و بۆ ئه‌مڕۆ یه‌ك ئۆنسه‌ی به‌ دوو هه‌زار و 360 دۆلاره‌، له‌كاتێكدا دوێنێ به‌ دوو هه‌زار و 340 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی رایگەیاند، تەرمی نۆ کەسی تر لە بەلەمە ژێر ئاو کەوتووەکەی ئیتاڵیا دۆزرانەوە، تا ئێستاش 43 کۆچبەر بێ سەروشوێنن و 11 کۆچبەریش رزگارکراون. ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن كەشتی دایلۆی پاسەوانی كەناراوەكانی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ  نۆ تەرمی دیكە دۆزرانەوە كە پەیوەندییان بە رووداوی نقومبوونی بەلەمەكەی ئاوی ئیتاڵیاوە هەیە. ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا 17 تەرم لەلایەن پاسەوانی كەناراوەكانی ئیتاڵیاوە دۆزراونەتەوە لەكۆی زیاتر لە 60 كۆچبەر كە تا ئێستا بێ سەروشوێنن و 11 كۆچبەریش رزگاركراون كە بەشێكی زۆریان كوردی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستانن.

هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ژمارەی ئەو حاجیانەی کە بە هۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 922 کەس، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە حاجییەکانیش بێسەروشوێنن و بنەماڵەکانیان نیگەرانن. دیپلۆماتێکی عەرەب بە پەیامنیری فەرەنسای راگەیاندووە، "1400 حاجی خەڵکی میسر بێسەروشوێنن و لەو ژمارەیە 600 کەسیان گیانی لە دەستداوە و پێش بینی دەکرێت ژمارەی حاجییە میسرییەکان کە گیانیان لە دەستداوە زۆر زیاتر بێت". بەشی زۆری ئەو حاجیانەی لە حەجی ئەمساڵدا گیانیان لە دەستداوە، بە ڤیزەی حەج سەردانی سعودیەیان نەکردووە.  جگە لە میسر، ژمارەیەکی زۆر حاجی لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵ گیانیان لە دەستداوە، لە ئەمساڵدا 19 حاجی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. هەروەها 11 حاجی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. 68 حاجی خەڵکی هێندستان، 20 حاجی خەڵکی ئەردەن، هەروەها ژمارەیەک حاجی لە وڵاتانی ئەندۆنزیا، توونس، سەنگال گیانیان لەدەستداوە. ساڵی رابردوو 200 حاجی لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لە دەستدا کە زۆربەیان خەڵکی ئەندۆنوزیا بوون.

هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپێی ئاماری فەرمی هەمان ڕێکخراو لە 1،5% لە کۆی دانیشتوانی سەر زەوی ئاوارەو پەنابەرن وە لە کۆی 69 کەس لە دانیشتوانی سەر زەوی یەک کەس پەنابەرو ئاوارەیە. دەشڵێت، بە پێی شەشە مانگی رابردووی ئەم ساڵ، تا كۆتایی ساڵی رابردوو، 117ملیۆن و 300 هەزار کەس بەهۆی پشێویی سیاسی و جەنگ و کێشەی ئاینی ئاوارە بوون و لە ماوەی 4 مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا بەهۆی ئاوارەبونی پەنابەربوونی خەڵکانێکی زۆر ژمارەکە 120 ملیۆنی تێپەڕاندووە. ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە فیدراسیۆن ئاماری شەش مانگی ڕابردووی ئەم ساڵ بڵاو دەکاتەوە   بەپێی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR کۆی گشتی ئەوکەسانەی بەهۆی نائارامی و پشێوی سیاسی و جەنگ و کێشەی ئاینیەوە بەناچاری ئاوارەو پەنابەربوون تا کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتە 117ملیۆن و 300 هەزار کەس. هەروەها بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو دەڵێت بەپێی چاودێریمان لە ماوەی 4 مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا بەهۆی ئاوارەبونی پەنابەربوونی خەڵکانێکی زۆر ژمارەکە 120 ملیۆنی تێپەڕاندووە لە کاتێکدا تا کۆتایی ساڵی 2022 ژمارەکە 110 ملیۆن کەس بوە واتا لەماوەی ساڵێکدا لە 10% زیادی کردووە. هەروەها بەپێی ئاماری فەرمی هەمان ڕێکخراو لە 1،5% لە کۆی دانیشتوانی سەر زەوی ئاوارەو پەنابەرن وە لە کۆی 69 کەس لە دانیشتوانی سەر زەوی یەک کەس پەنابەرو ئاوارەیە لە کاتێکدا لە ساڵی پار لە هەمانکاتدا لە کۆی 74 کەسدا یەک کەس ئاوارەو پەنابەر بوو وە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا لە کۆی 125 کەس یەک کەس ئاوارەو پەنابەربوون واتا ڕێژەکە نزیکی نیواو نیو زیادی کردووە .  ژمارەی ئەو کەسانەی لەناوخۆی ووڵاتەکانیان  ئاوارەبوون تا کۆتایی ساڵی 2023، بریتیە لە 68 ملیۆن و 300 هەزار کەس کە 9ملیۆن و 100 هەزار کەسیان سۆدانین بەپلەی یەکەم دواتر سوری بەپلەی دووەم بە 7ملیۆن و 200 هەزار دواتر کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بەپلەی سێیەم بەژمارە 6 ملیۆن و 700 هەزار کەس ، ئەمە لەکاتێکدا لە کۆتایی ساڵی 2022دا ژمارەی ئەو کەسانەی بەناچاری لە ناو خۆی ووڵاتەکانیان ئاوارەببون بریتیبوو لە 62ملیۆن و 500 هەزار کەس وە لە کۆی 117ملیۆن و 300 هەزار ئاوارەو پەنابەر لەسەراسەری جیهاندا 58% ئاوارەی ناوخۆی ووڵاتەکانیانن. ژمارەی ئەو ئاوارەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە ووڵات و ناوچەکانیان بەم شێوەیەیە: ئاوارە: 5ملیۆن و 100 هەزار ئاوارەی ناوخۆ گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان کە لەو ژمارەیە لە62% پێک دێن لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بە یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە ئۆکرانیا بە یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارە . پەنابەر: یەك ملیۆن و 100 هەزار پەنابەری 39 ووڵات لە 93 ووڵاتەوە گەڕاونەتەوە ووڵاتەکانیان ، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرو ئاوارانە بۆ ووڵات و ناوچەکانیان دڵگرانەو دەڵێن ناوچەو ووڵاتەکانیان هێشتا ئارام نیەو گەڕانەوەیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات و مانەوەیان درێژە ناکؽشێت. بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو زۆرترین ئەو کەسانەی ڕوو لە ژیانی پەنابەرێتی دەکەن لەسەراسەری جیهاندا: بریتین لە پەنابەرانی سوری و ئەفغانی لە پلەی یەکەمدا بەڗێژەی 6ملیۆن و400 هەزار بۆ هەریەکەیان کە یەك لەسەر سێی پەنابەران پێک دەهێنن دواتر پەنابەرانی فەنزویلا بەپلەی دووەم بەڕێژەی 6ملیۆن و 100 هەزار وە لە پلەی سێیەم پەنابەرانی ئۆکرانی بەڕێژەی 6 ملیۆن پەنابەر: ژمارەی ئەو پەنابەرانەی تا کۆتایی ساڵی 2023 ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم کراون :   بریتیە لە 158هەزارو 700 پەنابەر کە ڕێژەکە لەئاست ساڵی 2022دا بە ڕێژەی 35% زیادی کردووە بەڵام ڕێکخراوەکە دەڵێت هێشتا دوو ملیۆن پەنابەر پێویستیان بەوەیە ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم بکرێن ، هەروەها ئەو پەنابەرانەی ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم دەکرێن لەڕێگای هەمان ڕێکخراوەوە لە کۆتایی ساڵی 2023 دا 30 هەزارو 800 پەنابەر بونەتە خاوەن ڕەگەزنامەی ئەو ووڵاتانەی بۆی نێردراون و سەقامگیربوون. ئاماری فەرمی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵەوە: دووهەزارو 56 پەنابەر بۆ گەیشتن بە ووڵاتانی ئەوروپا ژیانیان لەدەستداوە ئەم ژمارەیەش لەئاست ساڵی پاردا لە هەمانکاتدا نزیکی دوو هێندە زیادی کردووە .  لە کۆتایی ساڵی 2023دا ژمارەکە بەرزبۆتەوە بۆ 65هەزارو 400 پەنابەر کە زۆرینەیان لەدەریایی سپی ناوەڕاست ژیانیان لەدەست دابوو کە بریتیە لە 23هەزارو 524 پەنابەر وە ئەو پەنابەرانەشی ژیانیان لەدەست داوەو تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە بریتیە لە 27هەزارو 117 پەنابەر. بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو خوێناویترین ساڵ بۆ پەنابەران لەساڵی 2023دابوو :   کە زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر ژیانیان لەدەست دابوو.   ئامارەکانی تورکیا: بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا لەڕێکەوتی 1/1/2024 تا ڕێکەوتی 6/6/2024 ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەسنورە ووشکانی ئاویەکانی تورکیا دەستگیرکراون بریتیە لە 95هەزارو 827 پەنابەر کە ڕێژەکە لەئاست ساڵی پار لە هەمانکاتدا زۆر زیادی کردووە کە بریتی بوو لە 63 هەزارو 458 پەنابەر هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ توندوتوڵکردنی سنورەکان لەلایەن تورکیاوە بە هاوبەشی لەگەڵ یۆنان ژمارەی دەستگیرکراوانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو ژمارەیە بریتیە لە 3هەزارو 255 پەنابەر کە ژمارەکە زۆر زیادی کردووە لەئاست ساڵی پاردا لە هەمانکاتدا کە بریتی بوو لە 2هەزارو 310 پەنابەر کە پلەی حەوتەمی پەنابەرە دەستگیرکراوەکاندان.  پەنابەرانی ئەفغانی لەپلەی یەکەمی دەستگیرکراوەکاندان بە ژمارە 30 هەزارو 247 پەنابەر .   پەنابەرانی سوری لە پلەی دووەمدان بەژمارە 19هەزارو 80 پەنابەر .  وە پەنابەرانی تورکمانستان لەپلەی سێیەمدان بەژمارە 6هەزارو 490 پەنابەر.  سەبارەت بە ئاماری ئەو پەنابەرانەی لەسنورەکانی تورکیا ژیانیان لەدەستداوە لەڕێکەوتی 1/1/2024: تاڕێکەوتی 6/6/2024 بریتیە لە 79 پەنابەر خۆش بەختانە ژمارەکە زۆر کەمی کردووە لە ئاست ساڵی پاردا لە هەمان کاتدا کە بریتی بوو لە ژیان لەدەستدانی 117 پەنابەر. سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچیانەی بازرگانی بەژیانی پەنابەرانەوە دەکەن لە ڕێکەوتی 1/1/2024 تا ڕێکەوتی 6/6/2024 : بریتیە لە 5 هەزارو 458 قاچاخچی کە ژمارەکە زۆر زیادی کردووە لە ئاست ساڵی پار لە هامانکاتدا کە بریتی بوو لە 3هەزارو 178 قاچاخچی . فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ١٩/٦/٢٠٢٤

هاوڵاتی سەڵاحەدین دەمیرتاش پشتیووانی لە جێرمی كۆربین دەكات بۆ هەڵبژاردنەكانی بەریتانیا و لە بەرامبەردا، كۆربین سوپاسی پشتیووانیەكەی دەمیرتاش دەكات. سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی زیندانیكراوی هەدەپە لە زیندانەوە نامەیەكی پشتیووانی بۆ جێرمی كۆربین دەنوسێت و پشتیووانی دەكات بۆ هەڵبژاردنی 4ی تەمموزی بەریتانیا. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، جێرمی كۆربین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، "سوپاس بۆ نامەی پشتیووانیەكەت دەمیرتاش، ئەو نامەیەی لە زیندانی توركیاوە نوسراوە و بە ناڕەوا دەستبەسەركراوە، دەبێت خەبات بۆ ئازادای و ئاشتی و دادپەروەری لە توركیا و لە تەواوی جیهان سەركەوێت". جێگای ئاماژەیە، كۆربین كە لە ساڵی 2015- 2020 سەرۆكی پارتی كرێكارانی بەریتانیا بووەو لە 1983ەوە نوێنەری ناوچەكەی خۆیەتی ( Islington North) لە پەرلەمانی بەریتانیا. ناوەڕۆکی نامەکەی پشتیوانیی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ جێریمی کۆربین بۆ هەڵبژاردنەکانی 4ی تەمموزی 2024، بەڕیتانیا. "جێریمی کۆربین لەسەر Islington North وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە". "Islington North بازنەیەکی هەڵبژاردنە لە لەندەن، لە ساڵی 1983ەوە کۆربین نوێنەرایەتیی ئەو بازنەیەی هەڵبژاردن دەکات و بەبەردەوامی ئەو کورسییەی بردۆتەوە". "جێریمی کۆربین پشتیووانییەکی سەرسەختی گەلی کورد و فەڵەستینە". "لە هەرکوێیەک چەوسانەوە هەبوبێ، ئەو دژی بوە و لەگەڵ چەوساوان و دژ بە چەوسێنەر بووە".

هاوڵاتی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا و كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور لە پیۆنگ یانگ كۆبوونەوە و رێككەوتنی هاوبەشی ستراتیژییان نێوانیان ئیمزا كرد، رێككەوتنەكە بۆ هاوكاری نێوان هەردوو وڵاتە دژی دوژمنان. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024،لوتكەی دوو قۆڵی نێوان ڤلادیمیر پوتن و كیم جۆنگ ئون بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی لوتكەكەدا ئەو دوو سەرۆكە رێككەوتنی هاوبەشی ستراتیژییان ئیمزاكرد. وتیشی، هاوكاری تەكنیكی سەربازی لەگەڵ كۆریای باكور بە دوورن نازانن. ڤلادیمیر پوتن ئەوەشی خستەڕوو، پشتگیرییەكانی كۆریای باكور بۆ سیاسەتەكانی روسیا بەرزدەنرخێنن بەتایبەت لە دۆسێی ئۆكرایندا. لای خۆشیەوە كیم جۆنگ ئون رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان مۆسكۆ و پیۆنگ یانگ دەچێتە قۆناغێكی نوێی گەشەكردنەوە و بەڵینشیدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتر ببن.

هاوڵاتی لە دوو بەلەمە نقوومبووەکەی کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیادا چارەنووسی 75 کۆچبەر دیار نییە. بەلەمێکی کۆچبەران کە 61 کۆچبەری تێدا بووە، لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدووسا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکا. ئەمڕۆ چورشەممە 19ی حوزەیرانی 2014، تیمێکی فریاگوزاریی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە 61 کۆچبەری تێدا بووە، لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدووسا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە و توانیویانە 51 لەو کۆچبەرانە رزگار بکەن و 10 کۆچبەریش خنکاون. جێگای ئاماژیە، پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا رۆژی دواتر رایگەیاند، بەلەمێکی دار کە 72 کۆچبەری تێدابووە، لە نزیک نیمچەدوورگەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیان 60 کۆچبەر بێسەر و شوێنن.