ئەندام پەرلەمانێكى بەریتانیا پشتگیری كورد دەكات

4 مانگ لەمەوپێش
كاوە ڕەش/ بەریتانیا
-من بەقووڵی نیگەرانم لە هەڵکوتانە سەر ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئاژاوەگێڕەوە.
- سەنتەرەکە ناوەندێكی کولتووری گرنگە بۆ کۆمەڵگەی هەمەچەشن و گشتگیرەکان لەباکووری لەندەن.
- هێرشکردنە سەرناوەندی یەک لەپێکهاتە گرینگەكانی لەندەن، هێرش و دەستدرێژیە بۆ سەرهەمووان.
سەرۆكی پێشوی پارتی كاری بەریتانیا(جێرمی كۆربین) كەئێستا وەك ئەندام پارلەمانێكی سەربەخۆ كار لەپارلەمانی بەریتانیا دەكات، بەفەرمی ناڕەزایەتی توندی خۆی دژ بەپۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ووڵاتەكەی دەردەبڕێت، لەبەرامبەر دەستگیركردنی ژمارەیەك چالاكوانی ڕەوەندی كوردیی و داخستن و گەمارۆدانی ناوەندی كۆمە ڵگای كوردیی لەلەندەن.
لەپایەمەكەی سەرۆكی پێشوی پارتی كاری بەریتانیادا هاتووە: من بەقووڵی نیگەرانم لە هەڵکوتانە سەر ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئاژاوەگێڕەوە، سەنتەرەکە ناوەندێكی کولتووری گرنگە بۆ کۆمەڵگەی هەمەچەشن و گشتگیرەکان لەباکووری لەندەن و شوێنێك بووە بۆ پاڵپشتی ئەو پەنابەرانەی کەلەناو شەڕ و گۆشەگیری ووڵایەكەیانەوە هەڵاتوون، هەروەها جێگای كۆڕو کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی کوردیی وشوێنی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بووە بۆسەرجەم چینەکانی ڕەوەندی كوردیی لەو شارە.
بەوتەی جێرمی كۆربین هێرشکردنە سەرناوەندی یەک لەپێکهاتە گرینگەكانی لەندەن، هێرش و دەستدرێژیە بۆ سەرهەمووان، هەروەها هێرشكردنە بۆسەر ئازادیی و دیموکراسیەکانی بەریتانیا.
ئەو ئەندام پارلەمانە سەربەخۆیەی بەریتانیا دەڵێ: شانازی دەکەم کەنوێنەرایەتی بازنەیەک دەکەم کەپێکهاتەیەکی زیندوو و چالاكی وەك کوردی تێدایە، ئەوان بەشێكن لەئێمەو ، شاری لەندەنیان گۆڕیوە بۆ شارێكی باشتر، كوردەكان خاوەن ئیرادەو ئیلهامبەخشن ئەوان چەندین ملیۆن کەسن، کەهەوڵدەدەن جیهانێکی دادپەروەرتر و ئارامتر بنیات بنێن.
شیاوی باسە جێرمی كۆربین، سەرۆكی پێشوی پارتی كاری بەریتانیا، بەدۆستێكی نزیك و دێرینی كورد هەژمار دەكرێت لەبەریتانیا كەبەردەوام لەبۆنە نەتەوەیی و پرسە گرینگەكانی لەمەڕ كورد ئامادەیەو هەڵوێستی هەیە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا، حەوت كوردی لەلەندەن دەستبەسەر كردووە بەتۆمەتی چالاكی و ئەندامییەتیان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان، كەپارتێكی قەدەغەكراوه لەو ووڵاتە، دواتریش هەڵیان كوتاوەتە سەر ناوەندی كۆمەڵایەتی كوردی لەباكوری لەندەن، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لەڕەوندی كوردی لەنزیك سەنتەری كۆمەڵایەتی كوردی گردبونەوەو گرژی لەنێوان خۆپێشاندەرانی كوردو هێزەكانی پۆلیس تادرانگانی شەوی چوارشەممەی ڕابردوو بەردەوام بوو،لەناو خۆپیشاندەرانیش پۆلیسی چواركەسی دەستبەسەر كردووە.
