هەسەدە و دیمەشق؛ ڕوانگەی جیاوازی بەراوردکاریی سەربازیی و بژاردەکان

6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردن: هاوڵاتی
ململانێی ناوخۆیی و کێشە بەردەوامەکان لە سوریا، دیمەنێکی ئەمنی ناجێگیریی دروستکردووە. دوو هێزی سەربازیی سەرەکیی و باڵادەست لە بەرامبەر یەکتریدا وەستاون، ئەوانیش بریتین لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبی سوریا بە سەرۆکایەتی دیمەشق.
لە کاتێکدا هەسەدە سەرقاڵی پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکانی سنوری دەسەڵاتی خۆی و دیدگا و ئامانجە سیاسییەکانییەتی، بەشێک لە چاودێران و شیکەرەوەکان پێکدادانی نێوان ئەم دوو هێزە، هەسەدە و سوپای عەرەبی سوریا، بە ئەگەرێکی نزیک دادەنێن.
هەسەدە، بە مێژوویەکی درەوشاوەی ١٤ ساڵییەوە لە ڕێزگرتن لە مۆزایکی پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سوریاوە، لەلایەک، سوپای عەرەبی سوریاش بە تەمەنێکی کەمتر لە ساڵێک بە مێژوویەکی ڕەشی دوو کۆمەڵکوژییەوە دژ بە هەردوو پێکهاتەی عەلەویی و دروزییەکان، لەلایەکی تر.
هەسەدە، بە بیر و ئایدیایەکی مرۆڤانە و پێشکەوتنخوازانە کە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و هەروەها تەواوی پێکهاتە جیاوازەکان، هاوشانی یەکدی تانوپۆی هێزەکانیان چنیوە لە بەرامبەریشدا سوپای سوریا بە ئایدیۆلۆژیایەکی نەتەوەیی شۆڤێنی و ئاینیی توندڕەوانە لەگەڵ میلیشیا چەکدارە دینییە توندڕەوەکانی هاوپەیمانی کە پێکڕا دژ بە سەرەتاییترین مافەکانی گەلان و ئازادیی و دیموکراسیی و مافی مرۆڤن.
لەم ڕاپۆرتەدا بەرواردێکی خێرا دەخەینە ڕوو لەبارەی توانا سەربازییەکانی هەردوولاوە لەڕووی ژمارە و ڕێکخراویی هێزەکانیان و جۆری چەک و ئاستی توانا و پێشکەوتووییەکەیان.
هەسەدە کە هاوپەیمانییەکە بە پلەی یەکەم لە چەکدارانی کورد، عەرەب و ئاشووری پێکهاتووە، لە سەرەتای شۆڕشی خەڵکی سوریاوە دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەد سەریهەڵدا دواتر وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا دەرکەوت.
هێزی مەزەندەکراوی هەسەدە بەنزیکەیی ١٠٠ هەزار جەنگاوەر دەبێت، بەشێکی بەرچاویان لە شەڕی گەریلا و شەڕی شارەکاندا بە باشی ڕاهێنراون. توانا و هێزی سەربازیی هەسەدە لە چەکی قورسدا نییە بەڵکو لە جووڵە و تۆڕە هەواڵگرییەکان و چەکی سووک و ئۆتۆمبێل و تۆپخانەی سنوورداردایە کە لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت. هەروەها ئەم گرووپە پارێزگاری لە "یەکینەکانی پاراستنی ژنان" (یەپەژە) دەکات، کە بوونەتە هێمای بەرخۆدان و بەرپاکردنی یەکسانی جێندەری لە ململانێکانی سوریادا. سەرەڕای دیسیپلین و یەکگرتوویی، هێزی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو، زرێپۆشی قورس و تۆپخانەی بەرفراوانی نییە، هەرچەندە دەگترێت کە لەم دواییانەدا هەندێک مووشەکی دژە تانک و دژە فڕۆکەی لەلایەن ئەمریکاوە پێدراوە.
لەبەرامبەردا دیمەشق، فەرماندەیی سوپای عەرەبی سوریا دەکات، کە لە پێش جەنگەوە سوپای فەرمی دەوڵەتی سوریا بووە. هەرچەندە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەشێکی گەورەی سوپا وازیهێناوە و زیانێکی زۆر بەر چەک و توانا سەربازییەکانی کەوتووە و سوپاکە زۆر لاواز بووە، بەڵام هێشتا بە پشتیوانیی بەرچاوی ڕووسیا و ئێران و حیزبوڵڵا خۆی پێکهێنایەوە. خەمڵاندنەکانی ئێستا دەڵێن ژمارەی سەرباز و ئەفسەرانی سوپا دەگاتە نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس، بە میلیشیا و هێزە چەکدارە ناوخۆییەکانیشەوە.
سوپای عەرەبی سوریا، خاوەنی کۆمەڵێک چەکی ئاساییە، لەوانە تانکی سەردەمی سۆڤیەت، موشەکی بالیستی، تۆپخانە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی دابینکراو لەلایەن ڕووسیاوە.
هەسەدە، هاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکا و دانپێدانانی سیاسی ڕۆژئاوا هیزێکی گەورەیە بۆی و تا ڕاددەیەک گەرەنتی هاوکاریی و پاراستن و مانەوەیەتی. بەڵام لە بەرامبەر سوپای عەرەبی سوریا لە هاوکاریی چەکدارە میلیشیاییە دروستکراوەکانی تورکیا بەهرەمەندە و هاوکات یارمەتییە سنووردارەکانی ڕووسیا و هەروەها پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکانی هەندێک لە دەوڵەتەکانی کەنداو.
لە کۆتاییدا، هەسەدە نوێنەرایەتی هێزێکی ڕێکخراو و بە دیسپلین و بەتوانا دەکات هەروەها خاوەنی دۆزێکی ڕەوا و پرەنسیپەکانی دڵسۆزیی و گیانفیداییە و بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕووی چەک و توانای بەرگریی ئاسمانییەوە سنوردارە، کە پشت بە هاوپەیمانەکانی دەبەستێت.
لە کاتێکدا دیمەشق سوپایەکی گەورەتر و چەکی قورستری هەیە، بەڵام هێشتا بە دەست نائارامیی ئەمنییەوە لە چەندین ناوچەی سنوری دەسەڵاتیدا دەناڵێنیت.
ناهاوسەنگی سەربازیی جەخت لەسەر هەستیاریی و ناسکیی داهاتووی سوریا دەکاتەوە، کە ڕەنگە گفتوگۆ و دانپێدانان بە مافەکانی یەکتریدا و ڕێگای یەکلاییکردنەوەی سیاسی نەک باڵادەستی سەنگەرەکان و ڕێگای چەک و سەربازیی، تاکە ڕێگا بێت بۆ سەقامگیری بەردەوام.
