بۆ ماوەی 10 ڕۆژ پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا دەکرێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



%13ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خۆیان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار نەکردووە، بەهۆیەوە بەشەخۆراک و بەشەئاردی مانگانەیان بڕاوە، بڕیارە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە.

لە کۆی پێنج ملیۆن و  385 هەزار و 820 كەس، 87%ـیان ناوی خۆیان تۆمار کردووە، زیاتر لە 700 هەزار کەس ماون ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ماوەی 10 ڕۆژ کاتیان بۆ دەستبەر دەکرێت ئەوەی ڕێککارەکان جێبەجێ بکەن.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ئاڤای گوت، "بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تاوەکو 20-11-2025 ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن، ئەمە درێژکراوەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە دەبێت."

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دوای تەواوبوونی ئەو قۆنا‌غە دەستدەکرێت بە قۆناغی دووەم و هاووڵاتییان دەتوانن بەشێکی دیکەی زانیارییەکان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار بکەن.

لە قۆناغی دووەمدا چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بەردەست دەبن لەوانە؛ خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاونیشتمانیان لە تۆماركردنی ناوی منداڵ، گواستنەوەی پسوولە لە بریكارێک بۆ بریكارێکی دیکە، یان لە شارێك بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیریان كردووە و پسوولەی خۆراكیان نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار