حەماس: ئاگربەست کۆتایی هاتووە و ئامادەین بۆ شەڕ
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، حەماس واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و ئەو بزووتنەوەیە دووبارە ئامادەیە بۆ شەڕ.
شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک بە کەناڵی حەدەسی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی حەماس، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و بزووتنەوەکە ئامادەیە بۆ شەڕکردن.
بە پێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، بزووتنەوەکە ویتکۆفی ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە تەنیا حەماس پابەندی بووە و ئیسرائیل پابەندی نەبووە، لە کاتێکدا دەبوو ئەوانیش پابەندی بن.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، بزووتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردووەتەوە، کە غەززە هەرگیز وەک لوبنانی لێنایەت.
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر غەززە ئەنجام داو و بەهۆیەوە 10 کەس کوژران.
پێشتریش حەماس داوای لە وڵاتانی نێوەندگیر کردبوو، کە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بێت.
بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، کە ئیسرائیل ڕۆژانە بەردەوامە لە لابردنی هێڵی زەرد و پێشڕەوییکردن بەرەو ڕۆژئاوا بۆ نێو کەرتی غەززە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستە.
هەورەها بزووتنەوەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە ئەمەریکا کردبوو، فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەست بە جێ پێشێلکارییەکانی ڕابگرێت.
بزووتنەوەکە داوای ئەوەشی لە ئەمەریکا کردبوو، بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ئیسرائیل ناچار بکات پابەندیی ڕێککەوتنی ئاگربەست بێت.
