دەم پارتى: سەردانەکەی ئیمرالی هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت
کاتژمێرێک لەمەوپێش
هاوسەرۆکانى دەم پارتى ڕایدەگەیەنن پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی دەکەین بۆ چوون بۆ ئیمرالی، سەردانەکەی داهاتووی ئیمرالی هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت بەرەو کۆتایی هاتنی هەمیشەیی ئازاری دەیان ساڵە و دامەزراندنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. بناغەی دیالۆگ و پەرەپێدانی کەناڵە شەفافەکانی پەیوەندی لە ئیمرالی پەنجەرەیەکی ناوازەی دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیە دەخەنە ڕوو.
کۆمیسیۆنی ئاشتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببێتەوە. دەم پارتی پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات و بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناوی دەبات، هاوکات رەخنە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت بۆ رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە شاندەکەدا.
لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى، تولای هاتیمۆغولاری و تونسێر باکرخان هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سەبارەت بە بڕیاری کۆمیسیۆن بۆ چوون بۆ ئیمرالی ڕاگەیاند: سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمرالی سەردەمێکی نوێ لە تورکیە دەستپێدەکات؛ سیاسەتی ترس جێگەی هیوا و متمانە بە پێکەوەژیان دەگرێتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە شەفافیەت و دڵسۆزی پرۆسەکە بەهێزتر دەکات و بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە بنیاتنانی ئاشتیدا بەهێزتر دەکات.
هاوسەرۆکانى دەم پارتى دەشڵێن : ئێمە متمانەی تەواومان هەیە کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە دڵنیابوون لە پێشکەوتنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست و سەلامەت. بە دڵ و گیان دەستخۆشی لە ئەندامانی کۆمسیۆن دەکەین کە ئەم سەردانە ئەنجام دەدەن و سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکی پەرلەمان نومان کورتولموش دەکەین بۆ ڕۆڵی بنیاتنەریان لە کارەکانی کۆمسیۆن.
کۆمیسیۆنی "پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، ئەمڕۆ هەینی بڕیاری دا شاندێک رەوانەی زیندانی ئیمراڵی بکات.
ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەر فراکسیۆنێکی نێو کۆمیسیۆنەکەدا یەک ئەندام بەشدار دەبێت و بڕیارە کۆمیسیۆنەکە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت." گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئاشتیی تورکیا گرنگە."
جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە رایگەیاند، بەشداریی سەردانەکە ناکات.
