دواجار پوتین ئەوەی ویستی بۆی چووەسەر

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەکردنى: هاوڵاتى
پلانەکەی ترەمپ زێلینیسکی بێهیوا کردووە و ئەوروپییەکانیش تووڕەن
ئەوەی لە پلانەکەی ترەمپ هەیە بۆ ئاشتی بە دڵی رووسیایە

دوای نزیکەی چوار ساڵ لە جەنگ، ئەوی ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا ویستی و خۆی بۆی نەکرا، خەریکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدی دەهێنێت و لەسەر سینییەکی ئامادە پێشکەشی دەکات.
ئەمە قسەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپییە و تەنانەت میدیای ئەمریکاش پلانەکە بە پلانێکی رووسی ناودەبەن نەک پلانێکی ئەمریکی.

ئەو پلانە 28 خاڵییەی ئیدارەی ترەمپ پێشکەش کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و رووسیا، زۆربەی لە بەرژەوەندی مۆسکۆیە چونکە هەرێمی لوهانسک، دۆنێتسک و کریمیا وەک ناوچەیەکی رووسی دەناسرێن و تەنانەت ئەمریکاش دانی پێدا دەنێت. دەبێت ئۆکراین لەو بەشانەی دۆنیتسک بکشێتەوە کە کۆنتڕۆڵی کردووە.

ئەوەی ئۆکراینی بێزارکردووە ئەوەیە نابێت سوپای وڵاتەکەی لە 600 هەزار سەرباز تیپەڕێت و کیێڤ بۆی نییە چیتر داوای چوونە نێو رێکخراوی ناتۆ بکات، رێکخراوەکەش بەهیچ شێوەیەک نابێت سەربازەکانی لە ئۆکراین جێگیر بکات.

هەر ئەمەش نا، بەڵکو ناوچەی زاپارۆژیا و خێرسۆن بەدەست ئۆکراینەوە نامێنن. بەپێی پلانەکە، سزا ئابوورییەکان لەسەر روسیا هەڵدەگیرێن، بانگهێشتدەکرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە گروپی هەشت وڵاتەکە و بەشداری کارای لە ئابووری جیهانیش پێدەکرێت.

واشنتن فشارێکی گەورە لە ڤۆلۆدمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، دەکات بە پلانەکە رازی ببێت و تا رۆژی پێنجشەممەی بۆ داناوە، وادیارە زێلینسکیش خۆی بەدەستەوە داوە چونکە گوتی: رووبەرووی بژاردەیەکی سەخت بووینەوەتەوە، یان دەبێت شەرەف و کەرامەتمان لەدەست بدەین یان هاوبەشێکی گەورە و گرنگ لەدەست دەدەین، کە مەبەستی ئەمریکایە.

فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە پلانەکەیان هیچ بەدڵ نییە و داوای گۆڕانکاری دەکەن. ئەوان دەڵێن، پلانەکە ئۆکراین دەخاتە بەر رەحمەتی هێرشی رووسیا و لەبەرامبەریدا لاوازی دەکات.

رۆژی شەممە چەند سیناتۆرێکی ئەمریکی لەگەڵ مارۆکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و یەکێکیان بەناوی مایک راوندز گوتی: روبیۆ پێی گوتووین پلانەکە پلانی ئێمە نییە. ئەو سیناتۆرە دەشڵێت، پلانەکە لەلایەن کەسێکەوە دراوە بە ئیدارەی ترەمپ کە نوێنەری رووسیا بووە.

هەر زوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم قسەیە تووڕە بوو، بۆیە بەتەواوی رەتیکردەوە و رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ شتی وانی نەگوتووە.

لەم بەزم و ململانێیەی پلانە 28 خاڵییەکی ترەمپ دروستیکردووە، ئەوەی مێشکی ئارامە ڤلادمیر پوتینە چونکە لەبارەی پلانەکەوە گوتی، دەکرێت ببێتە بناغەیەک بۆ کۆتایهێیان بە ململانێ سەربازییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکراین. پوتین هەڕەشەی ئەوەشیکرد، ئەگەر ئۆکراین پلانەکە رەتبکاتەوە ئەوا سەربازەکانمان بەرەو ئۆکراین زیاتر پێشڕەوی دەکەن و ناوەستن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار