ئێف-35، فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێف-35، فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا، ئەو فڕۆکەیەی هەموو وڵاتێک ئاواتی بۆ دەخوازێت و ئەمریکا تەنها بە مەرجێک دەیفرۆشێت
سعودیە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات تەنها لەبەرئەوەی ترەمپ رازیبکات ئێف-35ـی پێبفرۆشێت کە سوودێکی ئەوتۆی بۆ سعودیە نییە.
ترەمپ چەند جارێک گوتوویەتی وەک "مانگایەکی شیردار" لە سعودیە دەڕوانێت و پێدەچێت ئەمجارەش چاک دۆشیبێتی، چونکە بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ترەمپ جۆرە فڕۆکەیەکی جەنگی بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، دەفرۆشێت کە لەبەرامبەر ئەوانەی ئەمریکا و ئیسرائیل وەشانێکی خراپە و زۆر سوودی پێناگەیەنێت.
فڕۆکەی ئێف-35 پێشکەووتووترین فڕۆکەی جەنگییە لە جیهاندا و دەتوانێت بەخێرایی ئامانجەکەی بپێکیت بەبێ ئەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی هەستی پێبکات. لە رۆژهەڵاتی ناوەراست تەنها ئیسرائیل هەیەتی و نرخی هەر دانەیەک 80 ملیۆن دۆلارە.
میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن، بن سەلمان رازیبووە بە بەهای یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات و 48 فرۆکەی ئیف 35یش لە واشنتن دەکڕێت. بەهای سەرجەم فڕۆکەکان لەنێوان 5.3 بۆ 5.7 ملیار دۆلارە.
بەڵام کێشەکە لێرەدایە، سعودیە ئەو فڕۆکەیەی نادرێتێ لە لای ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. بەم نمونە ئاسانە بۆتان رووندەکەمەوە: ئەمریکا خۆی جۆرە فڕۆکەیەکی ئێف-35ی لایە و پێشکەوتووترینە، دەتوانین بە ئایفۆن 17ـی پرۆ ماکسی بچوێنین، ئیسرائیلیش فرۆکەیەکی لایە وەک ئایفۆن 17ـی پڕۆ وایە، بەڵام ئەوەی دەدرێت بە سعودیە وەک ئەوە وایە ئایفۆنێکی ئاسایی 17ـی پێ بدرێت.
ئیسرائیل 45 بۆ 50 فڕۆکەی ئێف 35ـی هەیە و هەشت ساڵە بەشێکیان لە خزمەتی سەربازیدان، رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا کردووە ژمارەی فڕۆکەکانی بگەینێتە 75 فڕۆکە. ئیسرائیل لە جەنگی غەزە و تەنانەت لە جەنگی 12 رۆژی لەگەڵ ئێران بەکاریهێنا.
ئیسرائیل بۆی هەیە دەستکاری فڕۆکەکە بکات و ئەپدەیتی بکات، هەروەها سیستمی چەکی خۆی تێدا دابمەزرێنێت. یەکێک لەو گۆرانکارییانەی کردی ئەوە بوو توانی فڕۆکەکە والێبکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە سووتەمەنی پڕکردنەوە بێت، لە ئیسرائیلەوە بڕواتە ئێران و بۆردوومانی چەند ناوچەیەک بکات و دواتر بگەڕێتەوە.
بەپێی یاسایەکی ئەمریکا، هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناتوانێت باڵادەستی سەربازیی لەبەرامبەر ئیسرائیل هەبێت، بۆیە سعودیە ئەو فڕۆکەیەی وەریدەگرێت ناتوانێت گۆڕانکاری یاخود ئەپدەیتی بکات و لەژێر چاودێری ئەمریکاش دەبێت. بە واتایەکی دیکە، سعودیە لەم ئاڵوگۆڕەدا تەنها زیان دەکات و ئەوەی بەدەستییەوتی ئەوەیە تەنها بڵێت فڕۆکەی ئێف-35م هەیە، بەڵام فڕۆکەیەک کە سویچەکەی بەدەست واشنتنەوەیە.
