ئەمریکا چەکی قورس و سیستمی بەرگریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە
کاتژمێرێک لەمەوپێش
ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ئەمریکا چەندین جۆری چەکی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە.
ڕوانگەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، تێبینیی جوڵەی نائاسایی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی خرابجیر لە پارێزگای حەسەکە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نیوەڕۆی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکا لە بنکەکە نیشتووەتەوە و پاشان ئێوارەی هەمان ڕۆژ فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر لە فڕۆکەخانەکە نیشتووەتەوە کە ژمارەیەک تۆپهاوێز و سەکۆی هەڵدانی مووشەک و سیستمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی هەڵگرتووە، هەروەها ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی تێدابووە.
ڕوانگەی سووری ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوکات لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکان، جوڵەی چڕی هێلیکۆپتەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەبووە بۆ پاراستنی فڕۆکەکان.
ڕوانگەکە دەشڵێت، گواستنەوەی ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانە لە چوارچێوەی جوڵەی لۆجستی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و درووستبوونی توندوتیژی لە ناوچەکەدا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، پلانیان هەیە بۆ کشانەوەی 600 سەرباز لە سووریا، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک باسی لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا کردووە.
