نەوەى نوێ لەبڕیارێکى پێشترى پەشیمان دەبێتەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکى باڵاى نەوەى نوێ ڕایدەگەیەنێت، لەو مەرجە پەشیمان بوینەتەوە کە داوا پۆستی سەرۆکوەزیران و هەر 23 وەزارەتەکەمان دەکرد.
لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ، زۆرترین ڕا لەسەر ئەوە بووە کە جوڵانەوەکە بەشداری کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. لەم هەفتەیەدا سەرۆکی جوڵانەوەکە لەنێو زیندانەوە بڕیاری کۆتایی دەدات.
بەرپرسێکى باڵاى نەوەى نوێ بە ماڵپەرى ئاڤاى ڕایگەیاندووە: ڤیتۆمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، تەنانەت ئەو مەرجەی پێشتر داوامان کردبوو کە پۆستی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەرگرتنی هەر 23 وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ یەکێک لەمانەمان ناوێ.
ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ ئەوەشى خستوەتەڕوو "چاوەڕوانی ئەوەین ئاخۆ لە پێکهێنانی حکومەت وەکو شایستەی هەڵبژاردن چیمان پێدەدرێت، بۆیە چاوەڕوانی کۆتا بڕیاری شاسوار عەبدولواحیدین لەنێو زیندانەوە دەیدات".
ڕۆژی هەینی 21-11-2025، ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ بە سەرپەرشتی سروە عەبدولواحید و بە بەشداری هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق لە ماڵی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەشداریکردنی جوڵانەوەکە لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕاسپاردەکە بە سەرۆکی جوڵانەوەکە گەیێنرا.
