داعش لەدێرەزور هێرشی کردەسەر هێزەکانی ئاسایشی سوریا و هەسەدە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئێوارەی هەینی چەکدارانی داعش چەند خاڵێکی ئەمنیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور کردووەتە ئامانج.
گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی سووری کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، "چەکدارانی داعش بە نارنجۆکێک و موشەک بنکەیەکی ئەمنیی هێزەکانی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج. ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادانی چەکداری لەنێوان هەردوولادا لە شارۆچکەی دیبان لە گوندەکانی دێرەزوور. لەلایەکی دیکەوە گرووپەکە بە چەکی مامناوەند هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی عەرقووب کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتە، دواتر تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارۆچکەی سوسە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا". و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی ڕانەگەیێندراوە".
لەلایەکی دیکەشەوە ڕوانگە بڵاوی کردەوە، "شانەکانی داعش بە دۆشکە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی سووریان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ڕووبەڕوو پێکدادان لە شارۆچکەی ئابرێحە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی ڕانەگەیێندراوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، 224 ئۆپەراسیۆن لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە لەلایەن شانەکانی داعشەوە لەو ناوچانەدا ئەنجامدراون و لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە کۆنترۆڵکراون. هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە بریتی بوون لە هێرشی چەکداری، تیرۆرکردنی ئامانجدار و بۆردومان.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی ڕوانگە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی کوژرانی 98 کەس: 69 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە خۆی؛ 13 ئەندامی داعش؛ 15 هاووڵاتی مەدەنی؛ و هاووڵاتییەکی دیکە کە هاوکاریی هەسەدەی کردووە.
