سەرۆک بارزانی: پێویستە پرسی کورد لەسوریا بە ئاشتییانە چارە بکرێت
5 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد .
هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى، له کۆبوونەوەکەدا کە محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری کوردی باکور و چەند کەسایەتی و بەرپرسی تری ڕۆژئاوا بەشداربوون، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هەردوو لایەن بەیەکەوە بەشدارن لە کۆڕبەندی مێپس 2025 لە شاری دهۆک و هەردوولا سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانیان کرد لە بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان، دواتر بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر بارودۆخی سوریا و ناوچەکە،سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی سوریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە،سەرۆک بارزانی جەختی لە پشوودرێژی و تەبایی و یەکریزی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بانگهێشتنامەکەی بۆ کۆڕبەندی مێپس 2025، باسی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانی لەپێناو نزیکبوونەوە و بەدیهێنانی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها پاڵپشتیەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگایان کراوەبوو بۆ حەواندنەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها پاڵپشتیەکانی هەرێمی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆر بەرز نرخاند.
مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پشتیوانی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
