نیو ملیار دۆلارەکەی غەززە پشەکەی ئیخوان خواردی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
١٤ی ئەم مانگە، رێکخراوی وەقفی ئۆمەت، کە رێکخراوێکی خێرخوازی ئیخوانیە و بارەگاکەی لە تورکیایە، بە بەیاننامەیەک کەمپینێکی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ غەززە راگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا وێنە و ناوی کۆمەڵێک سەرکردەی ئیخوانی تێدابوو، کە موبارەکە و پشتیوانی و سەرپەرشتی کەمپینەکە دەکەن، لەناویشیاندا عەلی ئەلقەرەداغی لەمەڕ خۆمان.
ئەم کەمپینە یەکێکە لە نزیکەی ئەو ٢٠٠٠ کەمینەی کە ئەم رێکخراوە لە ٢٠١٣ تا ئێستا بەناوی کۆمەک بۆ غەززە ئەنجامی داوە.
بەڵام جیاواز لە سەرجەم کەمپینەکانی پێشووی ئەو رێکخراوەیە، کەمپینی ١٤ی ئەم مانگەی وەقفی ئۆمەت، بووە هۆی ئاشکرابوونی یەکێک لە گەورەترین گەندەڵییەکانی ئەم سەدەیە کە رێکخراوێکی بەناو خێرخوازی کردبێتی و دەکرێت بە گەورەترین سکانداڵی لەو جۆرەی رێکخراوە خێرخوازییەکان هەژمار بکرێت لە مێژووی بەشەریەتدا.
لێرەدا باس لە دزین و دیار نەمانی نیو ملیار دۆلار، واتە ٥٠ هەزار دەفتەر دۆلارە، کە ئەم رێکخراوە ئیخوانییە، واتە وەقفی ئۆمەت، بەناوی کۆمەک بۆ مناڵ و لێقەوماوانی غەززە کۆی کردۆتەوە.
عاجباتیەکە دزینی ٥٠ هەزار دەفتەر دۆلارەکەی غەززە نییە.
مەگەر کەسێک بە ئەفیونی ئیخوان، مێشک و ئاوەز و مرۆڤبوونی سڕ کرا بێت، ئەگینا، سکانداڵێکی ئاوا لە رێکخراوێکی وەک ئیخوان، کە بازرگانی هەم بە دین و هەم بە خوێنی منالانی غەززەوە بکات، بۆ هەرکەسێک هەوای سەدەی ٢١ هەڵمژێت چاوەڕوان کراوە.
عاجباتیەکە لەوەدایە، ئەم سکانداڵەی ئیخوانەکان لەلایەن خودی بزووتنەوەی حەماس ئاشکرا کرا.
ئەمە لەکاتێکدایە، رێکخراوی وەقفی ئومەت لە ٢٠١٣ دا وەک یەکێک لە دەزگاخێرخوازی و داراییەکانی حەماس دامەزرا و لەوساوە تا ئێستا، سەرتاپای چالاکییەکانی، بە ٢٠٠٠ کەمینی کۆمەکیشەوە، بەناوی پشتیوانی غەززە ئەنجام داوە.
حەماس لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە ٢٧ی مانگی ١ی ٢٠٢٤ دا دەریکرد، یەکەم سەرەداوی ئەم گەندەڵی و سکانداڵەی ئیخوانەکانی ئاشکرا کرد.
لە بەیاننامەکەدا، حەماس رایگەیاند رێکخراوی وەقفی ئومەت، کە بەناوی حەماسەوە کۆمەک بۆ غەززە کۆدەکاتەوە نە هیچ پەیوەندییەکی بە حەماسەوە هەیە وە نە ئەو کۆمەکانەی کۆی دەکاتەوە دەگەیەنێتە غەززە.
حەماس لە بەیاننامەکەیدا خۆی لە رێکخراوی وەقفی ئومەت و دوو رێکخراوی تری سێبەری نەبان دەکات و تەئکید دەکاتەوە کە هیچ کەس بەناوی کۆمەک بۆ غەززە متمانە بەو رێکخراوە نەکەن.
تۆمەتی سەرەکی حەماس ئەوەیە، وەقفی ئۆمەت بەناوی غەززە پارە کۆ دەکاتەوە و پارەکەش لەبری تەرخانکردنی بۆ غەززە و خەڵکەکەی، ئەندامانی وەقف بۆ پرۆژەی شەخسی، لەوانەش کڕینی خانوو بەرە و کاری بازرگانی و نا خێرخوازی بەکار دێت.
رێک مانگێک دواتر و لەکۆتایی شوباتدا، وەقفی ئۆمەت، بەیاننامەیەک دەردەکات و بێ ئەوەی ناوی بێنێت وەڵامی بەیاننامە و تۆمەتەکانی حەماس دەداتەوە.
وەقفی ئۆمەت لە وەڵامەکەیدا، لە بری ئینکاری کردن و بەڵگە هێنانەوە بۆ نادروستی تۆمەتەکانی حەماس، خۆی لە حەماس بێبەری دەکات و دەڵێت ئێمە رێکخراوێکی بە ئیمتیاز تورکین و هیچ پەیوەندیەکمان بە هیچ رێکخراوێکەوە نییە. کە ئەمەش پێچەوانەی ئیدیعا و مێژووی ١١ ساڵی پێشتری وەقفی ئومەتە.
بەڵگەی وەقفی ئۆمەت، بۆ سەلماندنی تورکی بوونی خۆی ئەوەیە، سەرۆک و دامەزرێنەری رێکخراوەکە، کە عاڕەبێکی ئیخوانی لوبنانیە بەناوی ئەحمەد ئەلعومەری، ئێستا خاوەنی رەگەزنامەی تورکییە…!
ناکۆکی نێوان حەماس و ئەم رێکخراوە ئیخوانییە، بەو دوو بەیاننامەیە کۆتایی نەهات، بەڵکوو قووڵتر بووەوە.
رێک نۆ مانگ دوای یەکەمین بەیاننامە و لە ٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، و لەگەرمەی کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک بەناوی غەززە، حەماس دووەم بەیاننامەی دژی وەقفی ئومەتی ئیخوانی دەرکرد.
لەو بەیاننامەیەدا حەماس هەمان تۆمەتی پێشووتری توندتر و شێلگیرانەتر ئاراستەی وەقفی ئۆمەت کرد و بە دزیکردن و ئیختیلاسی کۆمەکی کۆکراوەی غەززەی تۆمەتبار کردەوە و داوای لەهەموو لایەک کرد کە هیچ کۆمەکێک بەناوی غەززە بۆ وەقفی ئۆمەت نەنێرن.
وەقفی ئۆمەت، نیگەرانی و بەیاننامەکانی حەماسی فەرامۆش کرد و وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، لە ١٤ی ئەم مانگەدا کەمینێکی تری پارە کۆکردنەوەی بەناوی غەززە راگەیاند و وێنە و ناوی نزیکەی دەرزەنێک لە سەرکردەی ئیخوانیشی لەسەر بەیاننامەکە داناوە، کە پشتیوانی کەمپینەژەی وەقفن و لە ناویشیاندا ناوی ئەلقەرەداغی، سەرۆکی زانایانی ئیخوان هەیە.
پەرچەکرداری حەماس بۆ ئەم تەحەدایەی ئیخوان جەرگ بڕ بوو. حەماس لە رێگای کادیرێکی خۆیەوە، کە ناوی خالید حەسەنە، بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد کە ئەم وەقفە ئیخوانیە حەپەلوشی کردووە، کە نیو ملیار دۆلار، واتە ٥٠ هەزار دەفتەر دۆلارە.
سکانداڵەکە بووە سەردێڕی هەواڵەکان و لە میدیا بەناوبانگەکانی عەڕەبیدا، لەوانەش رۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت و سکای نیوز و ئەلنەهار.
ئیخوان کە سەرمایەکەی بازرگانی کردنە بە خوێنی منداڵ و پیر و پەککەوتەکانی غەززە، نایەوێت لەگەڵ حەماسدا بیگەیەنێتە مریشکە رەشە و سەرچاوەی ناز و نیيمەتی ملیاران دۆلاری خۆی شێلوو بکات.
بۆیە، جگە لە وەڵامێکی شەرمنانەی سەرکردەیەکی ئیخوانی مۆریتانیا کە نیشتەجێی قەتەرە و ناوی محەمەد موختار ئەلشەنقبەتیە، هیچ پەرچەکردارێکی وای نەبووە.
وەک هەمیشە وەڵامی ماخۆی ئیخوانییە مۆریتانیەکەش پەنا بردن بوو بۆ تۆمەتی بوونی ئیسرائیل لەپشت ئەو ئیدیعایەی کادیرەکەی حەماس.
ئێمەش لەباشوور حەق و حیسابێکمان لەپێشە.
پێویستمان بە خالید حەسەنێکی بوێری هاوشێوەی هەرامەکەی حەماس هەیە تا سەرگوزشتە و چارەنووسی ئەو ملیۆنان دۆلارە ئاشکرا بکات کە ئیخوانە مەوالیەکانی باشور بەناوی کۆمەک بۆ غەزە لە گیرفانی خاڵی خێرخوازە هەژار و بێ مووچە کەم دەرامەتەکانی کوردستانیان دەرهێنا.
