قوببە ڕوخاوەکەی مزگەوتی شێخ مەقسوود "ئینسان دڵی کەف دەکا قسە نەکات"
20 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
گەر هەواڵەکە وابووایە: ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل بە موشەک قوببەی مزگەوتێکی شاری غەززە یا قودس یا دیمەشقیان دایە بەر موشەک و قورئان و پایەو مینبەری مزگەوتەکەیان تارومار کرد" ئێستا میدیا و مینبەر و سەکۆ و هاشتاگ و پلاتفۆرمەکانی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان چۆن خۆیان تەیار دەکرد و حەملەی ئیعلامییان لە چ ئاستێکدا دەبوو؟ لە قونوتی نوێژی بەیانییەوە تا سەر مینبەری خوتبەی وتاری هەینی هەموو دوعا سیاسییە بێ سوودەکانیان ڕوویان لە ئیسرائیل و "کلکەکانی" و بەحیسابی خۆیان مورتەزەقە و زایۆنیستە کوردەکانی ئەم سلێمانی و هەولێرە نەگبەتە دەبوو کە وەک ئەوان بیرناکەنەوە.
بەڵام کاتێک موشەکەکان موشەکی خەلیفەی ئاردۆگانە و تیرۆرستێکی وەک جۆلانی دەیهاوێت بۆ قوببەی مزگەوتی گەڕەکێک کە دەڵێن ئێمە کوردین، نە ئاردۆگان زاڵمە و نە جۆلانی حاکمێکی لانی کەمیش بێت باغییە و نە قورئان و نە قوبەکەش پیرۆزن. دەنا هیچ پاساوێک هەیە بۆ ئەوەی جیاوازی لەنێوان دوو قوببە و دوو قورئانی هەمان دەستخەتی دوو ڕەفەی هەمان شوێنی موقەدەس یان دوو پایەی هەمان سەقفی هەمان ماڵی خودا بکرێت؟
قسەکەی من لەوە نییە ئینسانێک دەتوانێ قورئان بسوتێنێت و نەشبێتە مەیمون، مزگەوت بڕوخێنت و شاخیشی لێنەڕوێت وەک ئەوەی موعجیزەچییەکانی دین ئەمڕۆ بەهەواڵی فەیک ڕەشۆکی پێ فریو دەدەن، بە گوێرەی تێرمینۆلۆژی ئیسلام خۆی سوتاندنی هەموو قورئانەکانی سەرزەوی و تەنانەت ڕووخاندنی کابەی ماڵی خواش بەنیسبەت بەکارهێنانی کیمیایی و مرۆڤکوژییەکانی ئەم ڕێوییە پیرە و شاگردە ناشیرینەکەی کە سەرۆکی سوریایەی عەرەبییە ئەسڵەن هەر مەوزوع نین و لە فروعاتن، بەڵام قسەکە لەوەیە پێشتر هەموو تێزە سیاسییەکەی ئاردۆگان و هاوئاوازەکانی لە ناوچەکە و کوردستان لەسەر ئەوە بینا دەکرا و جەختی لێدەکرایەوە کە ئەگەر پەکە×کە و هەدەپەی "چەپی کافری مارکسیست و بێ ئەخلاق" دەوڵەت بگرنە دەست، لە پارلەمان دەنگ بهێنن ئەوا بە پێڵاوەوە دەچنە مزگەوتەکانمان و حەرەمی پیرۆزییەکانمان پایەماڵ دەکەن و نوێژخوێنانمان ئازار دەدەن و تیرۆرستەکان دێننەوە نێو شارەکان تا قورئانەکامان بسوتێنن و پایەی مزگەوتەکان بڕوخێنن بەسەر نوێژخوێناندا و لەنێو مزگەوتەکاندا شەڕابخۆری بکەن.
بیرتانە لەسەر سوتاندنی قورئانێک لە سوید کامپەینچی و ئەفەندییەکانی ئیسلامی سیاسی چییان دەکرد؟ ئەی ئێستا لەکوێن، لەپەلاماردانی مزگەوتی گەورەی شێخ مەقسود لەکوێن؟ هەندێک تا ئەوە دەڕۆشتن توالێتێکی مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە هەموو چەپی کورد بەنرخترە، ئەی ئێستا گومەزی مزگەوتێکی ئەو حەلەبە کە یەکەمین قەڵای موسوڵمانێتی و فیکری و ڕۆحی کوردە دەڕوخێت بۆ دەنگیان نییە؟ لە تەختکردنی مزگەوتەکەی شرناخ و سووری ئامەد و خەڵتانکردنی قورئانەکان بە خوێنی هەرزەکارەکانی ئەو ناوچەیە لەگوێی کام گایەدا نووستبوون؟
مرۆڤ زایکرەی یارمەتی بدات خراپ نییە، بەڵێ سەری مارەکەی ئیسلامی سیاسی: ڕەجەب تایب ئاردۆگان لەڕووداوەکانی گەزی پارکی ئیستانبوڵدا بەهێزترین چەکی دەستی دژی ئۆپۆزسیۆنی چەپ و کوردەکان ئەوەبوو کە دەیوت ئەوانە کافرن و بە پێڵاوەوە دەچنە سەر فەرشی ئەو مزگەوتانەی ئێمە سوژدەی تێدا دەبەین. زۆر سەرکردەی ئیسلامیش لێرە و لەوێ بەو ئاوازە سەمایان دەکرد و پێیان وابووڕووداوەکان گەزی پارکی ساڵی 2013ی ئیستانبوڵ دەستی ماسۆنی و فائیزچی و ئیمپریالیزم و ئامریکا و ئیسرائیلی تێدایە بۆ ڕوخاندن و بە دیسکۆکردن و بە باڕکردنی مزگەوتەکان.
تەماشا ئایدۆلۆژیای دینی چۆن حەق دەکاتە ناحەق، چەندە موسەڕتەنە، چۆن پەردە لەسەر چاوی مرۆڤ دادەتەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی، چۆن خۆی دەکاتە وتەبێژی خودا! ئەم خاکەی ئیسلامی سیاسیی لێ دروستبووە هەزار دەریا ئاوی دەوێت تا ئاوڕشێنی بکات بۆ ئەوەی لەم تەپوتۆزەی ئایدۆلۆژیا دینییە ڕزگاری بکات کەمێک لە بەرژەوەندی پەرەستییەوە بگوازێتەوە بۆ حەقپەرەستی.
دینی ئایدۆلۆژی و بیرۆکە زرکە تاڵ و بێ ماریفەتەکەی ئیسلامی سیاسی شێرپەنجەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێت لەبنەوڕا ڕیشەکێش بکرێت و دواتر چارەسەریی کیمیایی و ڕادیۆیی بۆ کۆمەڵگەکان بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی ئیدی کەس جورئەتی ئەوەی نەبێ بەناوی خوداوە قسە بکات و خۆی بکاتە سێبەری ئەو لەسەر زەوی بۆ مەرامی شەخسیی و سیاسیی.
