پڕوپووچی!
21 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارێز عەبدوللا
زۆر پێش سەردەمی پڕوپووچی، ئەو دیاردەیە بە کزی و لێرە و لەوێ هەر هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پەرەی سەند و گەشەی کرد، بوو بە دیاردەیەکی جیهانی.
ئەو دیاردەیە زوو یان درەنگ کۆتایی هەر پێ دێت.
ئەوەی مایەی تێڕامانە، باووباپیرانی ئێمەی کورد هەستیان بەو نەخۆشییە کۆمەلايەتييە کردووە ، بۆيە لێکەوتەکان و کارەکتەرەکانیان بە سووکوچروک بینیوە و نەفرەتیان لێ کردووە. هەر لەبەر ئەوەشە ناوێکی پڕ بە پێستی خۆیان لێ ناوە، واتە ناوەکە ( پڕوپووچی )دەربڕی ناوەڕۆکەکەیەتی.
پڕ: تەژی، قەبە.
پووچ: بێ ناوەڕۆک، بێ بەها.
پڕوپووچ بەیەکەوە: واتە قەبەیەکی بێ ناوەڕۆک! ڕێک وەک دەبدەبە پڕە لە با، بەڵام هیچيش نييە …
کەواتە لەناو کورددا هەمیشە کەسانی پڕوپووچ هەبوون، بەڵام ئەو کەسانە بە پێچەوانەی ئێستا نەک هەر ڕێزیان لێ نەگیراوە، بگرە بە سووکیش سەیر کراون، چونکە زانراوە ، کە باقوبریق و قەبەیی و خۆهەڵکێشان و خۆنواندن و دەرکەوتنیان فشەیە و تەنیا پڕکراوی بان ، بۆیە بەرگەی هیچ جۆرە ساردی و گەرمییەک ناگرن.
دیاردەی پڕوپووچی هەموو دنیای گرتووەتەوە، بەڵام مخابن لە کوردستانیشی داوە و خەریکە دەبێتە سیستەمیش.
ڕەنگە پرسیارێک بکرێ و بڵێن: بۆچی بەو دژوارییە کوردستان تووش بووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە سەرپێیی نابێ، بەڵام دەتوانم ئاماژە بە دوو هۆکار بدەم:
يەکەم :
دواکەوتوویی سیستەمی سياسی و حوکمڕانی.
دووەم:
گەندەڵی و دەسکەوتی بێ ئەرک و بێ ڕەنجی دارایی زۆر و زەوەند.
لە سایەی ئەم بارودۆخەدا، هەندێ جار بە پلان و هەندێ جاریش بێ پلان، کەسانی پڕوپووچ پێگە و جومگەی گرنگ و کاریگەری سياسی و کارگێڕی و تەنانەت نوێنەرايەتيش وەردەگرن. ئەو پڕوپووچانەش نەک هەر بەرگری لە یەکتر دەکەن، بەڵکوو پەرە بە دياردەکە دەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر کەسێک ڕێگەی ئەوان نەگرێتە بەر و پیشەکەیان نەکاتە چەپڵەلێدان و ستایشی بێ هۆ، هەر لە پەراوێز دەمێنێتەوە.
کاتێکیش لەناو هەر دامەزراوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا پڕوپووچەکان تۆڕی خۆیان ڕێک خست، ئەو کات بە شێوەیەکی سیستەماتیک پڕوپووچی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەوان جگە لە کەرەستەی ڕازاندنەوەی کاتیی گەورەکانی خۆیان، هیچی تر نین.
