گەنجەکەی کەلار دوای هەفتەیەک لە دیارنەمانی تەرمەکەی دۆزرایەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دوای هەفتەیەک لە دیارنەمانی گەنجێکی دانیشتووی قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

مەهدی محەممەد، تەمەن 25 ساڵ، دانیشتووی کەلار، لە ئێوارەی 16ی ئەم مانگەوە دوای ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ چوو، لە ماڵ دەرچوو و چووە نزیک رووباری سیروان. دوای گەڕانێکی زۆر، ئەمڕۆ نزیک کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

عارف عادل، قایمقامی قەزای کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەرمی مەهدی لە رووباری سیروان دۆزرایەوە و رەوانەی دادپزیشکی دەکرێ".

قایمقامی کەلار گوتی، "تاوەکو ئێستا دیار نییە رووداوەکە خنکان، تاوانکارییە یان چۆنە؛ دواتر روون دەبێتەوە کە پزیشکی دادوەری بڕیاری لەسەر دەدات."

لەبارەی ونبوونی مەهدی، محەممەد خالیدی باوکی رۆژی 20ـی ئەم مانگە بە رووداوی راگەیاند، "نزیکەی کاژێر 04:35 خولەک مەهدی دەچێتە چایخانەیەک لە بازاڕ. تەلەفۆنێکی بۆ هاتبوو و دەڕوا لەودیو پردەکەی ساڵح ئاغاوە کە بازگەیەکی لەبەردەمە و جادەیەکی لێ جیادەبێتەوە بۆ کانی ماسی و ئەو ناوە، ئیدی لەوێ دیار نامێنێت."

مەهدی کوڕە گەورەی خێزانەکە بوو و خوێندکاری قۆناخی چواری بەشی فیزیا بوو لە زانکۆی گەرمیان. جگە لە کەسوکاری، بۆ دۆزینەوەی، هێزەکانی پێشمەرگە ناوچەکەیان کێوماڵکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار