مەرجێکى ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا ئازادکردنی دەمیرتاشە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا راگەیاند، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، لەوانە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوەڵانی یەکێکە لە داواکارییەکانیان بۆ قبووڵکردنی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا. دەشڵێت، لە 2018ـەوە رێکارەکانی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا راگیراون دوای ئەوەی وڵاتەکە بەهۆی ژمارەیەک کێشەی "بنەڕەتییەوە" لە یەکێتییەکەیان دوورکەوتەوە. 

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا  سەبارەت بە کاریگەری پەسندکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا بۆ قبوڵکردنی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "کۆمیسیۆن چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا وەک ئەولەویەتێک جێبەجێ بکات. ئەمەش ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە لە بەرژەوەندی ئازادکردنی دەستبەجێی بەڕێز دەمیرتاش، عوسمان کاڤالا و ئەوانی دیکە دەرچوون".

سەلاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 201ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە. هەروەها عوسمان کاڤاڵای بزنسمان و چالاکڤانی تورک بەتۆمەتی ''ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' دەستبەسەرکراوە. یەکێتیی ئەورووپا چەندینجار داوای لە تورکیا کردووە ئەو دووانە ئازاد بکات.

سەلاحەدین دەمیرتاش بە 47 دۆسیەی تاوان؛ تۆمەتەکانی (تێکدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەوڵەت)، (هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان)، (رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی)، (تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ)، (هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە دژی یاسا بەرکارەکان) و (پروپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر) خرایە پاڵ. دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2016 دەستبەسەرکرا و 9 ساڵە لە زیندانە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ رووداو، ئەوان چەندین داواکاریان لە تورکیا هەیە، بۆ ئەوەی وڵاتەکە ببێتە ئەندامی یەكێتییەکە، لەوانە، "دروستکردنی ژینگەیەکی سیاسی و یاسایی کە رێگە بە دەسەڵاتی دادوەری بدات ئەرکەکانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە بکات، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەهێز بکات و دڵنیایی بدات کە دادگاکانی خوارەوە رێز لە بڕیارەکانی دادگای دەستووری دەگرن."

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ئەورووپا لە تورکیا ئەوەیە، "دڵنیایی بدات کە هەموو رێکارە دادوەرییەکان رێز لە مافە بنەڕەتییەکان دەگرن، بە جەختکردنەوەی تایبەت لەسەر قوربانییان و پاراستنی رێکارەکان بۆ گومانلێکراوان و تۆمەتباران." 

یاسای دژە تیرۆریش بە جۆرێک جێبەجێ بکرێت، کە لەگەڵ ستانداردەکانی ئەورووپا، پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، راسپاردەکانی کۆمیسیۆنی ڤینیسیا و دەستکەوت و پراکتیزە یاساییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بگونجێت

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە "دەبێت تورکیا چوارچێوەی یاسایی و جێبەجێکردنی باشتر بکات بە مەبەستی پاراستنی کاریگەرانەی مافەکانی ژنان و یەکسانی رەگەزی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرانەی هەموو شێوازەکانی رەگەزپەرستی و جیاکاری، بەوانەشەوە کە دژی کەسانی هاوڕەگەزخواز و رەگەزگۆڕاوەکان دەکرێن و مسۆگەرکردنی پاراستنی کەمینەکان؛ پاراستنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە و کۆمەڵەکان."

دانوستاندنەکانی بەئەندامبوون لە ساڵی 2018ـەوە راگیراون، ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دیموکراسی لە تورکیا پاشەکشەی کردووە، یاسا بە تەواوی سەروەر نییە، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە، رێز لە مافە بنەڕەتییەکان ناگیرێت.

بەرپرسەکەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "ئەو هۆکارناەی بوونە هۆی راگرتنی دانوستاندنەکانی بە ئەندامبوون هێشتا وەکو خۆیان ماون."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار