هێمن هەورامى: لەبەغدا لەبابەتە ستراتیجییەکان یەک بین
کاتژمێرێک لەمەوپێش
هێمن هەورامى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، پێویستە لەو بابەتە ستراتیجییانەى پەیوەندیدارن بە هەرێمى کوردستان، کورد لە بەغداد یەک بێت و جیاوازییەکان وەلابنێت.
گوتیشى، جیاوازییە ناوخۆییەکان پێویستە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم یەکڕیزى و یەک گوتاریى کورد لە بەغداد و پێکەوە جۆرێک لە تێگەیشتن لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەو پرسانە هەبێت.
هێمن هەورامى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان گوتیشى، کێشەى کورد لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ بابەتى کەسى نییە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و ئەگەر ئەوە بکرێتە پێوەر، ئەوا هیچ کەسێک بە ئەندازەى عادل عەبدولمەهدى دۆستى کورد نەبووە، بەڵام هیچى پێنەکراوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی گوت، جەختکردنەوەى ئێمە لەسەر بەدامەزراوەییکردنى پەیوەندییەکانە کە بەشێوەیەک بێت بە گۆڕانى کەسەکان هیچ گۆڕانکارییەکى تێدا ڕوونەدات.
