ئیلهام ئەحمەد: ئاستەنگمان بۆ ڕێککەوتنی 10ـی ئازار دروستنەکردووە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆڕبەندی (MEPS) لە دهۆک وەڵامی تۆمەتەکانی دیمەشق دەداتەوە و نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتوو دەخاتەڕوو.
ئیلهام ئەحمەد ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی دیمەشقی ڕەتکردەوە کە گوایە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە ئاستەنگیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئازار (ئادار) دروستکردووە و گوتی: "ئەو قسانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئێمە هیچ ئاستەنگییەکمان بۆ ڕێککەوتنەکە دروستنەکردووە".
ڕۆژی 10ـی ئازاری 2025، سهبارهت به ئاییندهی هێزهكانی سووریای دیموکرات "ههسهده" و گەلی کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان (باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا)، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
بەرپرسەکەی ئیدارەی خۆسەر جەختی کردەوە، "ئیدی سەردەمی شەڕ لە سووریا کۆتاییهاتووە" و پێویستە لەمەودوا قۆناغی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستپێبکات.
ئیلهام پانێلێکدا لە کۆڕبەندی مێپس 2025 ڕایگەیاند، دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان لە سووریا پارێزراو بێت. دەشڵێت چیدیکە سووریا پێویستی بە شەڕ نییە.
سەدان ساڵە پرسی کورد چارەسەر نەکراوە، لە سووریا یەک زمان و یەک ڕەنگ ناتوانێت حکومڕانی بکات.
کێشەی ژن یەکێکە لەو کێشانەی کە ڕێگە نادات ئاشتیی کۆمەڵگا بەرقەراربێت، دەبێت گرنگی بە ڕۆڵی ژن بدرێت لە حکومڕانی سووریا.
سووریا شەڕ و ئازاری زۆری بینی، سایکس پیکۆ هۆکاری سەرەکی هەموو کێشەکان بوو.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق لە گفتوگۆدایە، چیتر سووریا پێویستی بە شەڕ نییە و دەبێت لە سووریا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
