ڕاگەیەنراوێکی خێرا لە پارتیەوە لەبارەی هەڵبژاردنەوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە: لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین كە هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئاكامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان! ئێمە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ھاووڵاتیانی بەڕێز...
ھەروەکو ئاگادارن پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ڕێککەوتی (١١ـی١١ـی ٢٠٢٥) لە کەش و ھەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدی کۆتاکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکان بەشدارییان کرد. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامی کۆتایی بەشێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند.
ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئاکامی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئاکام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و، بە ھێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٨ـی١١ـی٢٠٢٥
