نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەموو لایەنەکان بەیەکەوە بچنە بەغدا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکاندا پێویستە هێزە کوردستانییەکان پێکەوە بچنە بەغدا. ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستووری نییە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک لەگفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ژیار گوڵ، رۆژنامەڤان و یەکێک لە مۆدێرەیتەرەکانی کۆڕبەندەکە باسیان لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گرژییەکانی ناوچەکە، بابەتی دەستوور و فیدراڵی، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و پرسەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کێشەی ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان گوتی، "سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەو شێوەیە بووە، فاکتەری ئارامی بێت لە ناوچەکەدا."
"دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە ئاشتی و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت و جەختی کردەوە کە بەغدا پابەندبێت بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە.
سەبارەت بە رووداوەکانی ناوچەکە و ئەو شەڕانەی لە ناوچەکەدا روویانداوە، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، بەهۆیانەوە "ماڵوێرانییەکی زۆر دروست بووە." گوتیشی، "ئەمریکا وڵاتێکی بەهێزە و دەتوانێت رۆڵی جیدی ببینێت لە چارەسەری ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن."
پرسێکی دیکە بابەتی پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ تاران بوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێرانی بە "دراوسێیەکی گرنگ" ناوبرد و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان هیچ کات دژی ئێران پاڵپشتیی هیچ لایەنێکی نەکردووە و نایکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیەکی زۆر جیددییە، بەڵام بە شەو و ڕۆژێک ناگاتە ئەنجام و پێویستی بە کاتە، پێویستە هەموو لایەکمان یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگات بە ئەنجام.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتیدا ئەوەیە، کە یارمەتی تورکیا و پەکەکە بدات بۆ ئەوەی هەردووکیان ڕێککەون، بەڵام جیددییەتێکی زۆر لە ئەنقەرە هەیە کە دەبێت پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی پرۆسەکە دەکاتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی سووریا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، گەلی سووریا شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن، بە هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ سەر حوکم، ئەوا چانسێکی گەورەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە ئارامی و ئاساشی تێیدا بەرقەرار بێت.
لە بارەی مەزوڵوم عەبدی و هێزەکانی سووریای دیموکرات، نێچیرڤان بارزانی، دەڵێت: ڕۆڵێکی گەرورەیان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سووریا.
نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، کە پێی وا نییە سیستەمی مەرکەزییەت لە سووریا، سیستەمێکی دروست بێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە، چونکە سووریا فرەنەتەوەیی، فرەئایینی و فرەکولتوورە.
دەشڵێت: پێویستە مۆدێلێکی نوێ لە سیستەمی حوکمڕانی لە سووریا جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە داخەوە بیرۆکەیەک لە حکوومەتی ئەو وڵاتە هەیە بۆ بەڕێوەبردنێکی مەرکزی بەهێز، پێمان وانیە ئەو سیستە بتوانێت ئاییندەی وڵاتەکە بەرەو پاشتر ببات.
لە بارەی ڕۆڵی تورکیا سەبارەت بە کێشەکانی سووریا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا زۆر حەز دەکات کێشەکانی ئەو وڵاتە چارە بکرێن، هەمیشە هەوڵەکانیشی بەو ئاراستەیەیە، بەڵام دەبێت حکوومەتی سووریا خۆی بگاتە بەو ئەنجامەی کە دەبێت مۆدێلێکی نوێ بۆ حوکمڕانی لە وڵاتەکەی جێبەجێ بکرێت.
نێچیرڤان بارزانی، بۆچوونی خۆی لە بارەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەربڕی، بەڵام ئەوەی نەشاردەوە کە پێی واییە ئەو کارە کارێکی واقیعی نییە و دەبێت بیرۆکەیەکی دیکە بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت دیمەشق و هەسەدە کێشەکانیان بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارە بکەن.
گوتیشی: پێمان وایە کە پێویستە هەندێک هەنگاو بە زووترین کات لە لایەن هەسەدەوە بنێرێت، چونکە تا ئێستا هەسەدە و دیمەشق هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان جێبەجێ نەکردووە، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە یارمەتیدەر و هاوکار بێت لە ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران کرد و ڕوونی کردەوە، ئێران دراوسێیەکی زۆر گرنگی ئێمەیە، سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەی لەگەڵ ئێران هەبێت.
هاوکات دووپاتی کردەوە، هەرگیز سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوە نەبووە کە یارمەتی هیچ لایەک بدات دژی ئێران، ئەو وڵاتە پێشتر یارمەتی ئێمەیان داوە و بە سووپاسەوە دەڕوانییە هەموو یارمەتییەکانیان.
دەقی گفتوگۆ تایبەتەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک:
پرسیار: ئاڵوگۆڕییەکی زۆر لەم ناوچەیە هەبووە لە دوو ساڵی رابردوودا، لە لوبنانەوە بیگرە تاوەکو ئیسرائیل، سووریا، ئێران و عێراق. زۆرم پێخۆشە بزانم، کوردستان چۆن توانیویەتی خۆی لەم هەموو کێشەیە بپارێزێت؟
نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، پێشەکی من دەبێت سوپاسی رێکخەرانی [کۆڕبەندی] مێپس بکەم لە دهۆک، بەڕاستی دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ ئەم کۆبوونەوە و ئەم رێکخستنەی کە ئەمڕۆ بینیمان، خەڵکێکی زۆر بەشداری لەم کۆنفرانسە کرد، دەستخۆشی لە رێکخەرانی دەکەم، دەستخۆشی لە کاک مەسرور دەکەم. هەموو رێکخەرەکان کارێکی زۆر باشیان کردووە، زۆر سوپاسیش بۆ جەنابت، سنەییەکە موشکیلە نییە، بەپێچەوانەوە پێمان خۆشە، بۆ ئەوەی بیرمان بێتەوە. وەک سیاسەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە، فاکتەری ئارامی و ئاسایش بین لە ناوچەکە. بە پێچەوانەوە، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئێمە رۆڵمان لە عێراقیش هەبوو، لەگەڵ برایانمان لە بەغدا هەموو هەوڵێکمان دا ئێمەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش نەبینە بەشێک لەو کێشانەی لە ناوچەکە روویاندا. سیاسەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە وابووە کە فاکتەرێک بێت بۆ ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. ئەمە سیاسەتێکە کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە و لەسەر ئەو سیاسەتەش دەمێنێتەوە.
پرسیار: لە چەند مانگی رابردوودا ئیسرائیل پەلاماری ئێرانی دا، عێراق بە گشتی توانی خۆی لەم کێشەیە بپارێزێ، بەڵام ئاسمانی عێراق شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بوو، هەروەها مووشەکەکانی ئێران بە ئاسمانی عێراقدا رۆیشتن. تۆ ئەم کێشەیە چۆن دەبینیت کە ئەمڕۆ لە ناوچەکە هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: وەک بنەما، پێمان وانییە ئەو کێشانەی هەن بە تووندوتیژی و چەک چارەسەر بکرێن. ئێمە پێمان وایە، ئەو کێشانەی کە هەن بەشێوەیەکی گشتی پێویستیان بە بیرکردنەوەیەکی دروست و گفتوگۆی جیدی هەیە. شەڕکردن لە ناوچەکە سەلماندی لە ماڵوێرانیی زیاتر هیچی دیکە بەدی نایەت. ئێمە ئەگەر سەیری بکەین، لە ئەنجامی ئەو شەڕانە ماڵوێرانییەکی زۆر دروست بوو لە ناوچەکە؛ لە فەلەستین و شوێنەکانی دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان وایە دەبێ کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. خۆشحاڵین بەوەی ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەم بابەتە. بڕیاری دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم بابەتە بڕیارێکی گرنگ بوو؛ ئەوەی کە سەرۆک ترەمپ دەستیپێکردووە. ئێمە هیوادارین ئەم هەوڵە بگاتە ئەنجام.
