هاکان فیدان: دانووستانەکانی دیمەشق و هەسەدە بە هۆی ئیسرائیلەوە ڕاگیراون

3 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بوونی تورکیا لە سووریا زۆر ئاساییە، گفتوگۆکانیش لەگەڵ واشنتن دەربارەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە کەناڵی "هەبەر"ـی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن دەربارەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بەردەوامە.

جەختیشی کردەوە، پێویستە کۆتایی بە هەموو جۆرە داگیرکارییەک بهێنرێت کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات، گوتیشی: دەبێت دڵنیابین لەوەی ئیسرائیل هەڕەشە لە سووریا نەکات و ڕێز لە سەروەری ئەو وڵاتە دەگرێت.

هاکان فیدان، ئاماژەی بەوەکرد، دانووستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بە هۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراون، هەروەها ئامانجی تورکیا ڕێزگرتنە لە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی وڵاتان و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، ئەوان ئامادەن هێز ڕەوانەی کەرتی غەززە بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هێزی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریکردن لە پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دەشلێت: پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی نوێی فەڵەستین دەکەین و ئامادەین لە ڕووی سیاسی و لۆجیستی هاوکاریی ئەو وڵاتە بکەین. 

ڕوونیشیکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، خاوەنی بڕیاری کۆتاییە، لەم ڕوانگەیەوە تورکیا ئامادەیە بەرپرسیاریەتی گەورە لە بارەی هاوکاریی وڵاتان و پرۆسەی ئاشتی کەرتی غەززە هەڵبگرێت. 

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کاتێکدایە تورکیا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی سووریا چڕ کردووەتەوە، هاوکات هەوڵ دەدات سەقامگیری لەو وڵاتە دەستەبەر بێت، هەروەها گرژییەکان کەمبێتەوە و ئاشتی لە تەواوی ناوچەکە بەدی بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار