ئیدارەی خۆسەر: تێكەڵكردنی هەسەدە بەسوپای سوریا پێویستی بە بوونى دەسەڵاتێكی شەرعی هەیە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لە لوبنان، دەڵێت: تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا پێویستی بە دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو هەیە کە ملكەچی دەسەڵاتێكی سیاسی شەرعی و یاسای خزمەتکردنی یەکگرتوو و باوەڕی بەرگری نیشتمانی بێت.
عەبدولسەلام ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ریا نۆفستی" روسیا ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتن تەنها بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە کە دووبارە داڕشتنەوەی بەیاننامەی دەستووری و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و ناوچەكان لەخۆبگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی راگوزەر کە شەرعیەتی نیشتمانی هەبێت، توانای سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتوو و سەرپەرشتیکردنی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتووی هەبێت.
وتوشیەتی: بەبێ ئەم بناغە دەستوری و سیاسییانە، هەر باسێک لە یەکخستنی هێزەکان تەنیا بە تیۆری دەمێنێتەوە، یەکگرتن پێویستی بەوەیە سەرەتا دەوڵەتێک پێکبهێنرێت نەک گروپی چەكداری پەرشوبڵاو.
