چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران پێکهێنا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرجەم سەرکردەکانی کۆبووەوە، سەرکردەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران پێکهێنرا، چوار پێوەریش بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران دانران.
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هەموو ئەو ناوانەی لە میدیاکان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناویان دەهێنرێت، ورد و ڕاست نین و لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەودا باسی هیچ ناوێک نەکراوە، بەڵکو بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوخۆیی درا تا هەڵسەنگاندن بۆ ناوی کاندیدەکان بکات، کاری لیژنەکەش ئەمڕۆ و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکردووە.
ئەمشەو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیێنرا، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانیش چاوەڕێ دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا خولی تازەی پەرلەمان کۆببێتەوە، بۆیەش ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو لایەنانەی تیایدا بەشدارن، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە و مافی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هەیە، بۆیە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەسەر چواری پێوەری سەرەکی کرد بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ئەوانیش بریتین لە بەهێزی کەسایەتی، دەستپاکی، ئەزموون و بەردەوامی و پابەندبوون بەو ئاڕاستەی چوارچێوە دایدەڕێژێت.
پەیوەست بە وادەی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانیش، عامر فایز وتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بە یەک کۆبوونەوە یەکلایی نابێتەوە بەڵکو پێویستی بە دوو بۆ سێ دانیشتن و ڕاوێژیی ناوخۆیی زیاتر هەیە.
