دەوڵەت باخچەلى: لەگەڵ سێ هاوڕێم دەچمە ئیمرالی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێ، ئەگەر کۆمیسیۆنی پەرلەمان نەچێتە ئیمراڵی، پێویست بکات خۆی دەچێت.
دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، باسی رۆژەڤی کرد.
باخچەلی، ئاماژەی بە پێویستییەکانی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کرد و رایگەیاند، یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێو پڕۆسەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان گوێی لێ بگرێت.
باخچەلی گوت: "ئەگەر کۆمیسیۆن نەچێتە ئیمراڵی، ئەو لە چوون بۆ ئیمراڵی خۆی پاشدانادات".
باخچەلی، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، رەخنەی لە ئیی پارتی گرت کە دژی پڕۆسەکەیە و گوتی، بۆچی ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' ئێوە بێزار دەکات.
دەقی قسەکانی دەوڵەت باخچەڵی:
کۆمیسیۆن 17یەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات. دوای ئەوە، ئەگەری هەیە ئەو شاندەی دەچێتە ئیمراڵی، پێکبهێندرێت و دەستنیشان بکرێت. دەبێت کۆتایی بەو مشتومڕانە بهێندرێت کە رۆژانێکە بەردەوامن لەبارەی 'ئایا بچنە ئیمراڵی یان نەچن؟'. ئەگەر بمانەوێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بە پێوەرێکی دروست و دڵسۆزانە بێتەدی، ئەوا هیچ مانایەک بۆ دواخستنی چوون بۆ ئیمراڵی نامێنێتەوە. ئەگەر پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێو پڕۆسەکە دانەنرێت، چۆن دەگەینە ئەنجام؟ چۆن پێشڤەچوون بەدەست دێت؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکهاتووە لەم چوارچێوەیەدا بڕیار نەدات، ئەگەر هیچ کەسێک ئارەزووی ئەو سەردانە نەکات، ئەگەر هەمووان پێداگیر بن لەسەر ئەوەی رۆڵی سێ مەیموونەکە بگێڕن، ئەوا بە راشکاوی دەیڵێم: من لەوە پاشگەز نابمەوە کە لەگەڵ سێ هاوڕێمدا، بە توانای خۆمان بچینە ئیمراڵی و لە دەوری مێزێک رووبەڕوو دابنیشین.
